خەبات دژبە هەژاری لە ڕێگەی خەباتی ڕێکخراو

ئەمڕۆ یەکشەممە ١٧ی ئۆکتۆبر بەرابەر لەگەڵ ٢٥ی ڕەزبەری ١٤٠٠ی هەتاوی بە پێی ڕۆژژمێری ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕۆژی جیهانیی ڕیشەکێش کردنی هەژارییە. ئەم ڕۆژە لە ساڵی ١٩٩٢ی زایینیدا لە لایەن ئەم ڕێکخراوەوە بە ڕەسمی ناسرا. سەرانی دەوڵەتەکان لە ساڵی ٢٠٠٠ی زایینیدا ئەم بابەتەیان پەسند کرد کە دەوڵەتەکان بە گرتنەبەری سیاسەت و بڕیاری گونجاو بەشێوەی بەرچاو لە چڕی و بەرینایی هەژاریی ڕێژەیی و بێسنوور تا ساڵی ٢٠١٥ کەم بکەنەوە. هەژاریی بێسنوور لە بوار تێئۆرییەوە دەتوانێ لە نیزامی سەرمایەداریدا ڕیشەکێش بکرێت. بەڵام ناتەبایی و قەیرانەکانی ئەم نیزامە ناهاوسەنگە بووەتە هۆی ئەوەیکە لە ماوەی ئەم ساڵانەدا هەژاریی ڕێژەیی و بێسنوور، بەرۆکی نیوەی جەمعییەتی جیهان، واتە نزیک بە ٣ ملیارد و ٤٠٠ ملیۆن کەس بگرێت. خودی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لەم دوایانەدا ڕایگەیاندووە کە ئەم جەمعییەتە بە داهاتی دوو دۆلار لە ڕۆژدا دەژین. تەنگدەستی ئەگەرچی بابەتێکی جیهانییە، بەڵام توندبوون و لاوازبوونی بە پێی پێکهاتەی دەسەڵاتەکان جیاوازە. بۆ نموونە لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی، سەرەڕای بوونی دەیان ملیۆن هێزی کاری شارەزا و ئامادە بەکار و سەرەڕای بوونی پاشەکەوتی بەرینی نەوت، گاز و باقیی سەرچاوەکانی ژێر زەوی، هەژاری بێداد دەکات. بڵاوکردنەوەی ئاماری ژمارەی هەژاران تا ئەم ساڵانەی دوایی لەناو کۆماری ئیسلامیدا قەدەغە بوو. لەم چەند ساڵەشدا کە ئەمجۆرە ئامارانە بڵاودەکرێنەوە، لێکدانەوەی ئاڵۆز و پڕ لە درۆ، دیاریکردنی ئاماری واقعیی مەحاڵ کردووە. بە پێی ئاماری ڕەسمیی ڕاگەیەندراو لە ساڵی ٩٦ی هەتاویدا، ١٠ ملیۆن کەس حقوقیان لە دەوڵەت وەرگرتووە کە لەم جەمعییەتە تەنیا حقوقی ١٥٠ هەزار بەڕێوەبەر و نزیکەی ٣٠ هەزار مامۆستای زانکۆ لە سەرووی هێڵی هەژاریی ڕێژەییەوە بووە. سەرەڕای نەبوونی ئامار سەبارەت بە هەژاران و یان بوونی ئاماری ناڕاست، هەمیشە هەڵسەنگاندنی ڕاستیی ئەو ئامارانە مومکین بووە و ئەنجام دراوە. بۆ نموونە کرێکارێک کە دەزانێت داهاتی مانگانەی دەبێ ١٢ ملیۆن تمەن بێت بۆ ئەوەیکە بکەوێتە سەر هێڵی هەژاری، بە درۆی هیچ حکوومەت و ئیدارەیەک فریو نادرێت. چونکە داهاتی سێ تا پێنج ملیۆن تمەنی خۆی لەمانگدا لەگەڵ ئەم ڕێژەیە هەڵدەسەنگێنێت و بەوە  دەگات کە ژیانی خۆی و بنەماڵەکەی سێ یان چوار قات لەژێر هێڵی هەژاری دایە. لەو ڕوانگەوە کە کرێکاران وێڕای بنەماڵەکانیان زیاتر لە نیوەی جەمعییەتی ئێران پێکدێنن، لەو ڕوانگەوە کە لە باروودۆخی کۆرۆناییدا، زەحمەتکێشان و توێژە مامناوەندەکانی کۆمەڵیش بەرەو هەژاریی بێسنوور و ڕێژەیی پاڵ پێوەدەندرێن، بەئاسانی دەتوانین بەراوردی بکەین کە نزیکەی دوو سێهەمی جەمعییەتی ئێران دەرگیری هەژاریی ڕێژەیی و بێسنوورە. هەڵبەت لەم نموونەیەدا هێندێک جار ئامارگەلێک بەهۆی ناکۆکیی باڵەکانی ڕژیمەوە دزە دەکەنە دەرێ کە بەراوردەکان پشتڕاست دەکەنەوە. شەهاب نادری، نوێنەری خەڵکی هەورامان لە مەجلیسی ئێران، ڕۆژی یەکشەممە (٢٠ی ڕەشەممەی ٩٦) لە کۆبوونەوەی عەلەنیی مەجلیسدا ڕایگەیاند کە “٨٠ لەسەدی کۆمەڵگای ئێران لەژێر هێڵی هەژاری دان”. روزبە کەردونی، سەرۆکی ناوەندی باڵای لێکۆڵینەوەی تەئمینی ئیجتماعی لە ١٢ی جۆزەردانی ١٤٠٠دا لە وتووێژ لەگەڵ هەواڵنێریی “ئیسنا” وتی کە لە ساڵی ٩٢ەوە تا ساڵی ٩٨ی هەتاوی، ٣٠ لەسەدی جەمعییەتی ئێران کەوتوونە ژێر هێڵی هەژارییەوە. زاغەری، شارەزای ئابووری، ئەم ئامارەی ٣٢ لەسەد ڕاگەیاندووە. ئەوەش لە حاڵێکدایە کە کۆماری ئیسلامی لەم ماوەیەدا تەنیا بۆ مانەوەی بەشار ئەسەد، سەرۆک کۆماری سووریە، ١٨ تا ٢٠ ملیارد دۆلاری هەزینە کروودە و ئێستا خودی ڕژیمی سووریە، دەوڵەتی ڕووسیە و دەوڵەتانی ئیسرائیل و ئەمریکا لە هەوڵی ئەوەدان ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بەدەستی بەتاڵەوە لە سووریە دەربکەن. هەژاریی بێسنووری داسەپاو لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە یانی بێتوانایی هاووڵاتییان، کە ئەساسەن کرێکار و زەحمەتکێشن، لە دەستڕاگەیشتنیان بە لانیکەمی پێداویستییەکانی وەک خۆراک، پۆشاک و سەرپەنا. هەژاری تەنیا دیاردەیەکی ئابووری نییە. بەڵکوو لەسەر جەستە و دەروونی منداڵانی ساوا، لاوان و گەورەساڵان کاریگەریی خراپ و هێدێک جار کوشندە دادەنێت. بەپێی لێکۆڵینەوەکان هەژاری هۆکاری ١٣ لەسەدی خوکوژییەکانە لە کۆماری ئیسلامیدا. محەممەد، منداڵی ١١ ساڵەی بووشێهری، لە ساڵی ١٣٩٩دا بەهۆی نەبوونی مۆبایلی گونجاو بۆ بەشداریکردن لە کلاسە ئانلاینەکانی مەدرەسە، خۆی هەڵاوەسی و کۆتایی بە ژیانی هێنا. زەینەب، منداڵی ١١ ساڵەی ئیلامیش چەند مانگ لەمەوبەر، بەهۆی ئەوەیکە بنەماڵەکەی توانای ماڵیی دابین کردنی جلی تازەیان بۆی نەبوو، خۆی بە میچی ئاغەڵی ماڵەکەیانەوە هەڵاوەسی. پزیشکانی دەروونناس بۆیان دەرکەوتووە کە ٢٠ لەسەدی جەمعییەتی ئێران و بەتایبەت ژنان، لە جۆرێک نەخۆشیی دەروونیی ڕەنج دەبەن کە ڕیشەی زۆربەی ئەم نەخۆشیانە ژێنێتیک نییە، بەڵکوو کۆمەڵایەتییە و لە هەژاری و بێکارییەوە سەرچاوە دەگرێت. لە یەک کەلامدا هەژاری لەسەر پێگەی کۆمایەتی، تەندرووستی، سڵامەت و فێرکاریی هاووڵاتییان کاریگەریی وێرانکەر دادەنێت. کۆماری ئیسلامی لە هەژاری بۆ سەرکوتی هاووڵاتییان کەڵک وەردەگرێت. هەندێک کەس بەڕەسمی گورچیلە، کۆرنی چاو و منداڵە تازە لەدایکبووەکانیان دەفرۆشن بۆ ئەوەیکە لە برسیەتی ڕزگاریان بێت. زبڵگەڕەکان کە زۆربەیان منداڵ و تازەلاون و بەشێکیان ئەفغانستانین، بۆ یارمەتی گەیاندن بە دابین کردنی بژێوی لانیکەمی بنەماڵەکانیان دەست دەکەن بە زبڵگەڕی و یان لە کارگە و شەقامەکاندا خەریکی وەدەستهێنانی داهاتێکی مەمرە و مەژین.

کارتۆن خەوی، چادرخەوی لەسەربانی ماڵەکان، گۆڕخەوی، دەستفرۆشی، کۆڵبەری، سووختبەری و هاوشێوەکانی، ئەو ڕێگاچارانەن کە هەژاران بۆ مانەوەیان بەناچار ئەنجامی دەدەن. ئەمانە ئەو ڕێگاچارە نەگونجاوانەن کە خەڵکی بێبەش بەناچار پەنای بۆ دەبەن. بەڵام کرێکاران ڕێگاچارەی کورت ماوە و درێژماوە بۆ هێنانەخواری ئاستی هەژاری دێننە گۆڕێ کە دەکرێ بەسەر سەرمایەداران و دەوڵەتدا بسەپێت. بۆ نموونە کرێکارانی هەفت تەپە و یان کرێکارانی پڕۆژەیی – پەیمانیی نەوت و گاز و پاڵاوگەکان لەسەر بەستێنی خەباتی پەیگیرانەیان، هێندێک خواستی لانیکەمیان هێناوەتە گۆڕێ کە بردنەسەرەوەی حەقدەستی مانگانە بۆ ١٢ ملیۆن تمەن لەسەرووی هەموویانەوەیە. ڕێگاچارەی درێژماوەش ئەو خەباتە ڕێکخراو و هاوئاهەنگەیە کە ئیسلاحاتی پێویستی سیاسی و کۆمەڵایەتی بەسەر کۆماری ئسیلامیدا دەسەپێنێت و بە کەڵک ورگرتن لە دەستکەوتەکانی دەتوانێ بەرەو ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی و دامەزراندنی کۆمەڵی مرۆڤی ئازاد و بەرابەر و خۆشبژێو واتە سۆسیالیسم هەنگاو هەڵگرێت.

مطالب مرتبط