ده‌ستبه‌سه‌ر كردنی هاووڵاتییان له‌ شاره‌كانی كوردستان درێژەی هەیە، نابێ بێدەنگ بین ؟

حەسەن رەحمان پەناە

به‌ پێی هه‌واڵی گه‌یشتوو و ئەو هەواڵانەی بڵاو دەکرێنەوە ، ڕۆژی هه‌ینی ٢١ی مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ر، ١١ هاووڵاتی دیكه‌ به‌ ناوه‌كانی “عه‌لی چۆمانی”، “سه‌عید قادری” و “كوردوو حسێن پوور” خه‌ڵكی شاری بانه‌ و “محه‌ممه‌د مه‌هجوور”، “ئه‌یووب مینایی”، “سامان خۆسره‌وه‌ی” و “جه‌ماڵ عه‌زیزی” خه‌ڵكی گوندی “پیرعۆ‌مران”ی سه‌ر به‌ شاری سه‌قز، هه‌روه‌ها “محه‌ممه‌مد ئه‌حمه‌دی”، “فه‌رید دره‌خشانی”، “كه‌یوان مینوویی”، “ئیدریس به‌هرامیان” و “عه‌بدۆلڕه‌حمان ئه‌فشار” خه‌ڵكی گوندی “نێ”ی سه‌ر به‌ شاری مه‌ریوان له‌ لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ ده‌ستبه‌سه‌ر كران.

به‌ پێی زانیارییه‌كان، “محه‌ممه‌د مه‌هجوور” ئامۆزای “عه‌بدۆڵڵا مه‌هجوور” زیندانی پێشووی سیاسیه‌ كه‌ دوێنی و هاوكات له‌گه‌ڵ شه‌پۆلی ده‌ستبه‌سه‌ر كردنی هاووڵاتییان له‌ بانه‌ و سه‌قز له‌ لایه‌ن هێزه‌كانی ئیداره‌ی ئیتلاعاته‌وه‌ ده‌ستبه‌سه‌ر كرابوو. شایانی باسه‌ كه‌ ڕۆژی پێنج شه‌ممه‌ش هێزه‌كانی ئیتلاعاتی ڕژیم له‌ شاره‌كانی بانه‌ وسه‌قز لانیكه‌م ٢٠ كه‌سیان به‌ هۆكاری نادیار و به‌ شێوه‌ی نایاسایی ده‌ستبه‌سه‌ر كردبوو كه‌ هیچ زانیارییه‌ك له‌سه‌ر شوێنی ڕاگیرانیان له‌به‌رده‌ستا نییه‌.

بە پێی دوایین زانیاریەکان ناوەندە ئەمنیەتی و ئیتلاعاتیەکانی کۆماری ئیسلامی لە رێگای تلفون و نامەوە چەند کەسی دیکەیان لە شار و ناوچە جۆراوجۆرەکانی کوردستان بانگهێشت کردەوە . بەڵام ئەو کەسانە لە چوون بۆ ئەو ناوەندانە خۆیان پاراستووە و خوازیاری بریاری ناوەندە قەزایەکانی رەژیم بۆ بانگهێشت بوون . هەموو زانیاریەکان ئەوەمان پێ دەڵێن کە کۆماری ئیسلامی زۆر نگەرانی سەرهەڵدانی جەماوەری لە ئێران و کوردستان لە چەشنی نارەزایتیەکانی خەزەڵوەری ١٣٩٨ی هەتاوییە کە زیاتر لە سەد شاری ئێرانی لە دژی گران بوونی بێنزین گرتەوە. ئەو بانگهێشت و دەست بەسەرکردنانە کردەوی پێشگیرانەیە بۆ بەرگەری لە گەشانەوەی ئاگری قین و توورەی جەماوەی نارازی لە ژیانی مەرگە ساتی خۆیان لە ژێر دەسەڵاتی فاشیستی ئایینی زاڵ بە سەر ئێرانە .

دەست بە سەرکردن ، زیندان و ئەشکنجە و ئێعدام ،ئامرازی دەستی دیکتاتۆرە دەسەڵاتدارەکان ، لەوانە کۆماری ئیسلامی زاڵ بە سەر ئێرانە  بۆ چاو ترسێن کردنی جەماوەر و بەرگرییە لە  هەڵسانی سێڵاوی قین و توورەی پەنگخواردووی ئەوان . بەڵام کۆمەڵگای ئەمرۆی کوردستان و ئیران ، کۆمەڵگای دەیی شەستی هەتاوی نییە و کۆماری ئیسلامی ناتوانێت بە وەرێ خستنی دەریای خۆین جەماوەری نارازی و دڵپڕلە قین چاوترسێن و خانەنشین کات.

پێویستە دەست بەسەرکراوانی  سیاسی ، مەدنی و چالاکانی بوارە کۆمەڵایتیەکان و بنەماڵەکانیان بە تەنیا نەهێلینەوە. دروشمی  ئازادی دەست بە جێی هەموو گیراوەکان ، ئازادی هەموو زیندانیانی سیاسی، دەتوانێت و دەبێت دروشم و داوخوازی هەر کۆروکۆمەڵێک بێت.

شەممە ٢٢ گەڵارێزانی ١٤٠٠ هەتاوی

مطالب مرتبط