پەیامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بە بۆنەی هاتنی نەورۆز و دەستپێکی ساڵی ١٤٠٠ی هەتاوی

 

کرێکاران، خەڵکی خەباتکار!

هاتنی نەورۆز و دەستپێکی ساڵی نوێ لە هەموو ئێوە ئازیزان پێرۆزبایی دەکەین.  هیوادارین ساڵی نوێ بۆ هەموو ئێوە ساڵێکی پڕ لە شادی، سەرکەوتن و کامڕەوایی بێت. با لەو دەرفەتەدا بە دڵێکی پڕلە پەژارەوە  لەگەڵ بنەماڵەی سەدان کۆڵبەر و سووختبەر هاودەردی بکەین کە لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا، ئازیزانیان لە دەست داوە. ئەم مرۆڤە ڕەنجدیتوویانە کە لە ڕووی ناچارییەوە و بۆ دابین کردنی ژیانێکی مەمرەومەژی ڕوویان کردبووە پیشەی دژوار و پڕ مەترسیی کۆڵبەری و سووختبەری، کەوتنە بەر گوللەی بەکرێگیراوانی جەنایەتکاری ئیسلامی و یان بەهۆی بەفەر و سەرما و بەستەڵەکەوە گیانیان لەدەست دا. با هاودەردیی خۆمان لەگەڵ بنەماڵەی سەدان مرۆڤ دەرببڕین کە لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا، دەسەڵاتی تیرۆر و ئێعدامی کۆماری ئیسلامی چ لە مەیدان و لەسەر شەقامی شارەکان و چ لە زیندانەکاندا کردنییە قوربانی و نەیهێشت بەهارێکی دیکە لە تەمەنیان تێپەر بکەن. با هاودەردیی خۆمان لەگەڵ پتر لە ٢٠٠ هەزار قوربانیی ویرووسی کۆرۆنا دەرببڕین کە بەداخەوە بەهۆی ئاراستەی سیاسی، ئەمنییەتی و کۆنەپەرستانە و نابەرپرس بوونی ڕژیم بەرامبەر بە خەڵک، گیانیان لەدەست دا. ڕژیمێک کە نە تەنیا کرێکاران و خەڵکی بێبەشی کۆمەڵگای لە قەباڵ دواهاتی وێرانکەری ئابووریی قەیرانی کۆرۆنا، بە بێ پشتیوانیی ماڵی ڕەها کرد، بەڵکوو بەهۆی دابین نەکردنی ئیمکاناتی پێشگیری و دەرمانی بۆ تووش بووان، ئێرانی کرد بە یەکێک لە ناوەندەکانی بڵاوبوونەوەی ئەم ویرووسە کوشندەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و خەسارەتێکی یەکجار گەورە و گرانی لە خەڵکی ئێران و ناوچەکە دا. 

پیرۆزبایی ساڵی تازە لە هەموو ئەو بەندکراوە سیاسییانە دەکەیەن کە بە تاوانی دیفاع لە ئازادی و مافی ئینسان دەستبەسەر کران و لە ناو سیاچاڵەکانی ڕژیمدا کەوتنە بەر ئازار و ئەشکەنجە. بێگومان، زۆر دوور نییە ئەو ڕۆژەی کە ڕاپەڕینێکی جەماوەری، دەرگای زیندانەکانی ڕژیم تێکبشکێنێت و هەموو ئازیزانی بەندکراو ئازاد بن و سەربڵیند و سەرکەوتوو بگەڕێنەوە باوەشی گەرمی بنەماڵە و هاوڕەزمانیان. 

 

خەڵکی خەباتکار!

بەداخەوە ئەمساڵ، لەژێر دەسەڵاتی ڕژیمی کۆماری ئسیلامیی سەرمایە لە ئێران، ژیان و بژێوی ئێمە کرێکاران و جەماوەری خەڵکی زەحمەتکێش، پتر لە ساڵانی ڕابردوو کەوتووە ئاستەنگییەوە و سفرەی نەورۆزیی بنەماڵەکانمان پتر لە جاران بەتاڵتر و بێ ڕەونەقتر بووەتەوە. ئەمساڵیش کرێکاران و باقیی توێژە بێبەشەکانی ئێران بە گیرفانی بەتاڵ و بە ئازاری ڕووحییەوە نە تەنیا توانای دابین کردنی دیاری و کڕینی کەوش و جلوبەرگیان بۆ ئازیزان و جگەرگۆشەکانیان نەبوو، بەڵکوو دابین کردنی ژەمێک خواردنی گونجاو لەسەر سفرەی نەورۆزیش بۆیان بووەتە کێشە. هەمووی ئەوانە لە حاڵێکدایە کە سەران و کاربەدەستانی ڕژیم و باقیی سەمایەداران گیرفان و حیسابە بانکییەکانیان لە سەروەت و ماڵی بە تاڵانبردووی ئێمە کرێکاران پڕ کردووە و لە ناز و نیعمەتدا دەژین. ئەگەر تا ماوەیەک لەمەوبەر سەرانی ڕژیم وایان دەنواند کە ئەم باروودۆخە بەرهەمی داسەپاندنی گەمارۆکانە و پاش ترامپ و هاتنەسەر کاری دەوڵەتی نوێی ئەمریکا، تەحریمەکان لادەچن و کرانەوەیەک لە ژیانی خەڵکدا پێکدێت، لە ئێستادا تودبوونەوەی قەیرانی ئابووری و درێژەی قەیرانی سیاسی و نێونەتەوەیی و پێداگریی سەرانی ڕژیم لەسەر درێژەی سیاسەتە هەستەییەکان و دەخاڵەت لە وڵاتانی ناوچەکە، ئاسۆی پێکهاتنی کرانەوە و گۆڕانکاریی لە باروودۆخی ژیانی خەڵک، لە جاران لێڵتر کردووە. پەرەسەندنی بێکاری، چوونەسەرەوەی ڕێژەی تەوەرۆمی ٥٧ لەسەدی، دابەزینی ٦٠ لەسەدیی ئەرزشی ریاڵ و چوونەسەرەوەی ڕۆژانەی قیمەتی پێداویستییە سەرەکییەکان، توانای کڕینی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی یەکجار هێنانەوەتە خوارێ و  برسییەتی و هەژاری و فەلاکەتێکی لەتاقەت بەدەری لێکەوتووەتەوە. ئازارە کۆمەڵایەتییەکان وەک لەشفرۆشی، ئێعتیاد، گۆڕخەوی، زبڵگەڕی، منداڵانی کار و سەرشەقام کە دەستکەوتی ڕژیمی ئیسلامیی سەرمایەن بۆ جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش، زیاتر پەرەیان سەندووە.

بەڵام لە لایەکی دیکەوە شایەدی ئەوەین کە کرێکاران و باقیی توێژە زەحمەتکێشەکانی کۆمەڵگا سەرەڕای کەش و هەوای سەرکوتێک کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بەسەر کۆمەڵگادا زاڵی کردووە، هەموو ڕۆژێ دژ بەم باروودۆخە فەلاکەتبارە دەست دەدەنە ناڕەزایەتیی و مانگرتن و ڕۆژ بە ڕۆژ لێبڕاوانەتر، شێلگیرتر، ڕێکخراوتر و بەرینتر لەسەر وەدی هاتنی داخوازییەکانیان پێداگری دەکەن. هەموو ڕۆژێ شایەدی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی کرێکاران، خانەنشینکراوان، موعەلیمان، پەرستاران، خوێندکاران و باقیی خەڵکی ستەلێکراوی ئێرانین. سەرانی ڕژیم کە خۆیان هۆکاریی سەرەکیی خوڵقاندنی ئەم باروودۆخەن و خۆیان و دەورووبەریان نوقمی گەندەڵین، بە بنبەست گەیشتوون و ڕێگایەکیان بۆ دەرباز بوون لەم قەیرانە پێشک نایە. لە وەها باردووخێکدا نەزانانە کەوای مودەعیی و ئۆپۆزیسیۆن دەپۆشن و بێ شەرمانە دەڵێن: “باروودۆخی ژیانی خەڵک باشە”. ئەم ئیدیعایەی خامنەیی و باڵی ئۆسوولگەرا کە دەیهەوێ لە ڕێگەی تۆمەتبار کردنی باڵی ڕەقیبەوە، فرمێسکی درۆیین بۆ خەڵک بڕێژێ، تەواوەن فریوکارانەیە. ئەوان تاوانباری سەرەکیین لە خوڵقاندنی وەها باروودۆخێکی فەلاکەتبار بۆ ئێمە  کرێکاران و توێژە بێبەشەکانی کۆمەڵگا. سەرانی ڕژیم لە وڵامدانەوە بە ویست و داخوازیی خەڵک داماو و بێتوانان، ڕێگاچارە و وڵامێکیان بێجگەلە دەست بردن بۆ ئامرازی سەرکوت نییە. کەوابوو بۆ درێژەی دەسەڵاتەکەیان هەوڵ دەدەن دەوڵەتێکی سەرتاپێ نیزامی پێکبێنن. تا لە ڕێگەی چڕکردنەوەی دەسەڵات لە دەستی سپای پاسداران، خۆیان بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی سەرکوتگەرانە لەگەڵ ناڕەزایەتی و ئاخێزە کۆمەڵایەتییەکان ئامادە بکەن. سەرانی ڕژیم باش دەزانن کە لەسەر چ دەریایەک لە نەفەرت و بێزاریی کرێکاران و خەڵکی ڕەنجدیتوو دانیشتوون و دەبینن کە هاوسەنگیی هێز لەناو کۆمەڵگادا چلۆن بە قازانجی خەباتی خەڵک گۆڕدراوە. کۆشتاری وەحشیانەی سووختبەرانی سیستان و بەلووچستان، هێرش بۆسەر کۆبوونەوەی خانەنشینکراوان، هێرش بۆسەر کۆبوونەوەی ژنان و پیاوانی ئازادیخواز لە ڕۆژی جیهانیی ژن، دەستبەسەرکردنی بەرینی چالاکانی سیاسی و کۆمەڵایەتیی کوردستان و کوشتنی کوڵبەران، گۆشەیەکن لە نومایشی “هێز” و پۆتانسیەلی جەنایەتکارانەی سپای پاسداران بۆ خوڵقاندنی کەش و هەوای سەرکوت و تۆقاندن. بەڵام درێژەی مانگرتن و ناڕەزایەتیی کرێکاران، خوێندکاران، موعەلیمان، خانەنشینکراوان و باقیی توێژەکانی کۆمەڵگا بە ڕژیمی نیشان دا کە سەرکوت و جەنایەتی ڕژیم نە تەنیا ناتوانێ خەڵکی وەگیان هاتوو لە هەژاری و برسییەتی و زەبروزەنگ بێدەنگ بکات بەڵکوو ئەوانی لە ڕووبەڕوو بوونەوەکاندا پێداگرتر و شێلگیرتر کردووە. سەرانی ڕژیم دەزانن کە کرێکاران و جەماوەری بێبەشی وەگیان هاتوو هیچ ڕێگایەکیان بێجگەلە درێژەی خەبات لەپێش نییە. دەزانن کە درەنگ یا زوو، شەپۆلی مەزنی ئاخێزی سەرتاسەریی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و ستەملێکراوی ئێران وەڕێدەکەوێت و بارگە و بنەی زۆروێژی و ستەمگەریی ڕژیم تێکەوە دەپێچن و ژیانی خۆیان لە چنگ دەسەڵاتی نگریسی ئیسلامیی سەرمایە ڕزگار دەکەن.  

 

کرێکارن، چالاکانی پێشڕەو و کۆمۆنیست!

کۆماری ئسلامی لە ئێستادا لە باروودۆخێکی ئەوەندە لاواز دایە کە لە ماوەی ٤٠ ساڵی ڕابردوودا بێوێنە بووە. ئابووریی ڕژیم، بەهۆی قەیرانی پێکهاتەیی سەرمایەداریی ئێران، توند بوونەوەی قەیرانە نێونەتەوەییەکان، دزی و گەندەڵییەک کە سەرتاپێ دەسەڵاتی داگرتووە، شڵەژاوە و لە بەردەم داڕمانی یەکجاری دایە. سیاسەتی شەڕەنگێزانە و زێدەخوازانەی و دەخاڵەت لە وڵاتانی ناوچەکە کە لە ڕێگەی بەهەدەردانی سەدان ملیارد دۆلار لە گیرفانی ئێمەی کرێکار و زەحمەتکێشەوە بەرێوەچووە و کوشتار و وێرانیی و ئاوارە بوونی ملیۆنان کەسی لێکەوتووەتەوە، لەگەڵ شکستێکی سەرشۆڕانە بەرەوڕوو بووەتەوە و کۆماری ئیسلامیی ناچار بە پاشەکشە دەکات. لەبەر ئەوەیکە لە ئێستادا ماهییەتی دژەمرۆیی بوونی کۆماری ئسیلامی و حیزبە گەندەڵە ئیسلامییەکانی نزیک بەو لە باقیی وڵاتەکانی دیکەش بۆ خەڵکی ستەملێکراوی ناوچەکە ڕوون بووەتەوە و کۆماری ئیسلامی بە یەکێک لە هۆکارەکانی شەڕ و کوشتن و فەلاکەتی ئابووریی خۆیان دەزانن. لە وەها باروودۆخێکدا کۆماری ئیسلامی بەنیازە باری سەرەکیی شکستی دەسەڵاتەکەی بخاتە ئەستۆی ئێمە. بۆچی ئێمە دەبێ تاوانی سیاسەت و قەیرانەکانی حکوومەتی ئیسلامی بەگیان و ماڵ و ژیانمان بدەینەوە؟

ئەوەیکە لەم باروودۆخەدا پێویستە لە لایەن هەڵسووڕاوانی کۆمۆنیستی بزووتنەوەی کرێکاری و باقیی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان سەرەنجی پێبدرێ ئەو ڕاستییەیە کە مانگرتن و ناڕەزایەتیی ئەم دەورەیە پێمان دەڵێ کە چووینەتە قۆناغێکی دیکە لە ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ ڕژیم و پێویستە لە جەرگەی ئەم کێشمەکێشانەدا یارمەتیی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش بدرێت تا ئیرادەی بەکۆمەڵی خۆیان بە شێوەی ڕێکخراو داسەپێنن. پێویستە هەوڵ بدەین کۆمیتەی گەڕەکەکان پێکبینین. بەستێنی بەڕێوەبردنی ناڕەزایەتی و مانگرتنی سیاسیی جەماوەری سەرتاسەری ئامادە بکەین. یەکگرتوویی و هاوپشتی لەناو کرێکاران و خەڵکی ئێراندا بەهێز بکەین. سەرەنجی کرێکاران بەرەو ئەم ڕاستییە ڕابکێشین کە ڕێگای چوونەدەرەوە لەو هەمووە هەژاری و فەلاکەتە، نەک لە چوارچێوەی پەیوەندییەکانی زاڵ بەڵکوو لە مەسیری ڕاپەڕینێکی شۆڕشێگێڕانە دژبە کۆماری ئسلامی و نەزمی سەرمایەداریدا ببینن. ڕێکخراو بوونی هێزی مەزن و پڕژوبڵاوی ئێمە کرێکاران وێڕای باقیی جەماوەری خەڵکی زەحمەتکێش لە ئاست سەرتاسەریدا، خاوەن وەها پۆتانسیەلێکی بەرینە کە دەتوانێ کۆتایی بە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بێنێت.

بەهیوای ئەوەیکە ساڵی نوێ بە هەوڵی ماندوونەناسانە بۆ ڕێکخستنی بەرەی بەهێزی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش و ستەملێکراوی ئێران، لەپێناو نەبەردێکی چارەنووس ساز کە بەڕێوەیە دەستپێبکەین، جارێکی دیکە پیرۆزیایی نەورۆز و ساڵی تازە لە هەمووی ئێوە ئازیزان دەکەین. 

 

کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

نەورۆزی ١٤٠٠ی هەتاوی

مارسی ٢٠٢١ ی زایینی

 

مطالب مرتبط