ڕاگەیاندنی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی ئاموزشی زمانی دایکی

Print Friendly, PDF & Email

ڕۆژی ٢ ی مانگی ڕەشەمە بەرابەر لەگەڵ ٢١ی مانگی فیوریە ڕۆژی جیهانی زمانی دایکیە. فێرکردن وبارهێنانی زمانی دایکی سەرەتایی ترین و ئاسایی ترین مافی هەموو ئینسانێکە لە هەر شوێنێک لەم دنیایەدا بێت. بەشێکی بەرین لە خەڵکی دنیا نە تەنیا لەم مافە ئینسانیە بەهرەمەندن، بەڵکو دژایەتی لەگەڵ ئەم مافە و پێشێل بوونی ئاموزش بە زمانی دایکی لە لایەن حکومەتە ستەمکار و کۆنەپەرستەکانی وەک کۆماری ئیسلامیشیان بە زەیندا نایەت. لە ئێرانێکدا کە وڵاتێکی چەند زمانییە، مافی فێر بوون بە زمانی دایکی بۆ بە ملیۆن قوتابی کورد، تورک، عەرەب، بەلوچ، لوڕ و ئەوانیتر بە شێوەی گەڵاڵە بۆداڕێژراو و سیستماتیک پێشێل دەکرێت. کۆماری ئیسلامی ئێران بە پێشێل کردنی مافەکانی بە ملیۆن کەس کە زمانی دایکیان فارسی نییە، نە تەنیا فێر بوون بە زمانی دایکی قدەغە کردوە، بەڵکو هەڵسوڕاوانی کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی و زمانی بەرەوڕووی زیندان و ئەشکەنجە کردۆتەوە. فێر بوون بە زمانی دایکی، قسە کردن بە زمانی دایکی لە ئیدارە دەوڵەتیەکان و شوێنی کار، ئامادە بوون لە مێدیا و ڕاگەیەنەرەکاندا بە زمانی دایکی، مافی بێ ئەملاو ئەولای هەموو ئینسانێکە. لە ئێرانی ژێر حاکمیەتی ڕژیمی ئیسلامی مافی نەتەوایەتی و زمانی خەڵکێک کە زمانی دایکیان فارسی نییە بە شێوەیەکی سیستماتیک پێشێل دەکرێت.

لە ئێران، حکومەتی ئیسلامی نە تەنیا زمانی دایکی و مافی خوێندن پێی قەبوڵ نەکراوە، بەڵکو بە ئەمنیەتی کردنی فێربوون بە زمانی دایکی، ئاگاهانە و بە بەرنامە لە هەوڵدایە پێناسەی زمانی و فەرهەنگی خەڵک بە ڕەد کردنەوە و سەرکوت، بە زەخت و گوشار بەرەو شیعە گەری و فارس زمان بوون پاڵ پێوەنێت.

لە حکومەتی ئیسلامیدا، خەڵک مافی هەڵبژاردن و ئیختیار کردنیان نییە و هەموو شتێک بە زۆرەملێ و زەخت و هەڕەشە، زیندان و ئەشکەنجە دادەسەپێت. زمانی ئیجباری، حیجاب زۆرەملێ، نوێژ و ڕۆژوی ئیجباری، ڕەچاو کردنی یاسا ئیسلامیەکان بە ناچاری، ناولێنان بە ئیجباری، دەنگدان بە ئیجباری و بە پشت بەستن بە زۆری سەرنێزە، ئەمانە بوونەتە بەشێک لە یاسای باو لەم وڵاتەدا.

سەدان ساڵە کارناسانی بواری زمانی لەسەر ئەو بڕوایەن کە فێر بوون و خوێندن بە زمانی دایکی هۆکارێکی جیدییە لە شکۆفابوونی زەینی و فێربوونی منداڵان و بە ڕەسمیەت نەناسینی ئەم مافە دەبێتە هۆی زیان و سەدەمە و گیروگرفتی زۆر لە بوارە کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی و گەشە و هەڵدانی منداڵاندا. توێژینەوەکانی کۆمەڵناسان لە حەوزەی ئاموزش و پەروەرشدا لە ئێران دەریخستوە کە ڕێژەی دوور کەوتنەوە لە خوێندن، سەرنەکەوتن لە هێندێک ناوچەی ئێران کە زمانی خەڵک فارسی نییە، بەرز بۆتەوە و شادی و ڕەزامەندی منداڵان و قوتابیان گەلێک لە خوار ترەوەیە بە بەراورد بە ناوچە فارس زمانەکان.

لەمڕۆدا لە بەشێکی بەرین لە دنیادا، مافی فێربوون بە زمانی دایکی بەڕەسمیەت ناسراوە و لە ئاستی میلیاردیدا خەڵک لەم مافە کەڵک وەردەگرن، وڵاتێکی پڕ جەمعیەتی وەک هێندوستان تەنیا نمونەیەکە کە تێیدا دەیان زمانی ڕەسمی بوونی هەیە و فێربوون بە هەموو زمانەکان ئیجازە پێدراوە و لە ئارادایە.

گەلێک وڵات لە دنیادا بوونیان هەیە کە دوو یان سێ زمانی بە ڕەسمیەت ناسراو نە تەنیا لە ئاموزش و پەروەرشدا ڕێکخراوە، بەڵکو زمانی ئیداری، ڕاگەیاندن و یاسایی هەمان زمانی دایکییە کە ئەندامانی بنەماڵەکان لە ماڵەوە قسەی پێدەکەن، نمونەی بەرچاویش وڵاتانی هێندوستان، سوئیس، کانادا و ئیسپانیایە.

لەگەڵ ئەوەدا کە ئاموزش بە زمانی دایکی مافێکی سەرەتایی و ئینسانی تاک بە تاکی خەڵکی دنیایە، بەرەوپێش چوون و گەشەی کۆمەڵیش لە گرەوی شکۆفا بوونی سەرجەم ئیستعداد و تواناییەکانی خەڵکی ئەو کۆمەڵگایەدایە، کە فێربوون بە زمانی دایکی یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکیەکانیەتی.

جۆراجۆری زمانی و فەرهەنگی هۆکار و فاکتۆڕێکە بۆ دەوڵەمەند کردنی فەرهەنگی و پوتانسیەلێکیشە بۆ گەشە و هەڵدان. ڕەد کردنەوەی مافە نەتەوایەتیەکان و بە ڕەسمیەت نەناسینی مافی ئاموزش و پەرەوەرش بە زمانی دایکی، پێشێل کردنی مافە ئینسانیەکانی بە ملیۆن کەسە لە شارۆمەندانی ئێران کە زمانی دایکیان زمانی فارسی نییە. خەڵک ئازادن بە زمانی دایکیان قسە بکەن، ناوی دڵخواز بۆ منداڵەکانیان و بۆ شوێنی تایبەت و بازرگانی، بۆ شەقام و شوێنە گشتیەکان هەڵبژێرن و زمانی ناچاری و زۆرەملێ و مەزهەبی ئیجباری پێشێل کرانی مافە سەرەتایی و ئینسانیەکانی خەڵکە.

کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە

ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کومونیستی ئێران

٢ ی ڕەشەمەی ١٤٠١

0 FacebookTwitterPinterestEmail

پیام بگذارید

پیام

گالری

ما را دنبال کنید! ​

تماس

  Copyright © 2023, All Rights Reserved Payaam.net