
ڕۆژی شەممەی ڕابردوو، زانکۆی پیشەسازیی شەریف جارێکی تر بوو بە چەقی سەرنجەکان. خوێندکاران لە کۆبوونەوەیەکی هێمن و قورسدا، بێدەنگی و ماتەمینی خۆیان بۆ گیانبەختکردووانی خۆپیشاندانەکان نیشان دا. بەڵام ئەم هێمنییە زۆری نەخایاند، بەرپرسانی زانکۆ و هێزەکانی بەسیج بە بڵاوکردنەوەی دەنگی قورئان و مۆسیقا لە بڵندگۆکانەوە و لێدانی دەهۆڵ و سەنج لەلایەن ئەندامانی بەسیجی خوێندکارییەوە، بە ئەنقەست هەوڵیان دا ئەم کۆبوونەوەیە تێک بدەن. ئاکامەکەی ئەوە بوو کە، ئەوەی بڕیار بوو تازیەبارییەکی هێمنانە بێت، گۆڕا بۆ پێکدادانێکی ئاشکرا لە نێوان خوێندکاران و هێزەکانی بەسیجدا. ئەم ڕووداوە لە کاتێکدا ڕوویدا کە زۆر کەس وایان دەزانی سەرکوتکردنی خوێنباری خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکانی ئێران، توانای کۆمەڵگەی بۆ دەستپێکردنەوەی شەپۆلێکی نوێی ناڕەزایەتی، لەناو بردووە و حکوومەت لانیکەم بۆ ماوەیەک لە دەست خۆپیشاندانەکان دەحسێتەوە. بەڵام زانکۆکانی ئێران سەلماندیان کە ئەم تێڕوانینە هەڵە بووە.
ئەگەرچی پێشتر ناڕەزایەتی پچڕپچڕ و لێرە و لەوێ لە زانکۆکانی وەک تاران، شەریف، عیلم و سەنعەت، بەهەشتی و ئەمیرکەبیر دەبینرا، بەڵام ئێستا وێنەکە بە تەواوی گۆڕاوە. لە دوای خۆپیشاندانەکانی مانگی بەفرانبار، خوێندکارانی زانکۆکانی تاران، شەریف، ئەلزەهرا، ئەمیرکەبیر و عیلم و فەرهەنگ دەستیان دایە خۆپیشاندانی بەرفراوان و دروشمیان دژی کۆماری ئیسلامی و خودی خامنەیی وتەوە. ئەم پانتاییە جوگرافییە کەم وێنەیە، زانکۆکان چیتر تەنها شایەتی کۆبوونەوە ناوخۆییەکان نین، بەڵکوو بوونەتە هێمای بەردەوامیی ناڕەزایەتییەکان. ئەو دەنگەی لەم ناوەندانەوە بەرز دەبێتەوە، چیتر دەنگی داخوازییە پیشەییەکان یان دەنگی ڕیفۆرمخوازیی حکوومی نییە، بەڵکوو دەنگی گۆڕینی ڕژێمە. خوێندکاران لە ناو جەرگەی قەیرانە ڕاستەقینەکانی ژیان، سەرکوت، هەڵاواردن، هەژاری، بێ ئاسۆیی و بێمافیی سیاسیدا، دەگەنە ئەو ئەنجامەی کە ڕزگاربوون لەم نەهامەتییەی ئێستا، بە ئاراییشێکی نوێ لەناو هەمان پێکهاتەدا مەحاڵە.
کوشتاری جینایەتکارانەی ١٨ و ١٩ی بەفرانبار، تەواوی کۆمەڵگەی ئێرانی خستبووە ناو شۆکێکی قورسەوە. خەڵک لەسەر گڵکۆی ئازیزانیان ماتەمینییان دەگێڕا و هێشتا چلەی گیانبەختکردووانیان بەڕێوە دەبرد. بەڵام ڕێک لەناو ئەم کەشە سارد و قورسەدا بوو کە بزووتنەوەی خوێندکاری حەرەکەتێکی بوێرانە و پڕ لە وانەی لەخۆی نیشان دا. خوێندکارانی ئێران نیشانیان دا کە دیواری ترسیان شکاندووە و لە بەرامبەر کۆنەپەرستیی دەسەڵاتداردا سنگیان دەکەنە قەڵغان. ئەم بوێرییە لە ئاوا بارودۆخێکدا، لە هەموو کاتێک بەنرخترە.
ڕووداوەکانی چەند رۆژی ڕابردوو لە زانکۆکانی ئێران دەریخست کە کۆماری ئیسلامی بێهوودە باوەڕی وایە کە دەتوانێت لە ڕێگەی سەرکوت و کوشتارەوە بەردەوامیی دەسەڵاتەکەی گەرەنتی بکات. سەرکوت ئەگەر تەنانەت بتوانێت بۆ ماوەیەکی کاتیی ناڕەزایەتییەکان دابمرکێنێتەوە، بەڵام تۆوی ناڕازیەتی ڕیشەیی تر لە خاکی کۆمەڵگادا دەچێنێت. بزووتنەوەی خوێندکاریی ئەمڕۆ لە ئێران بەڵگەیەکی زیندووە بۆ سەلماندنی ئەو ڕاستییە.
بزووتنەوەی خوێندکاریی ئێران نیشانی دا کە بۆ دەربڕینی هەبوونی خۆی و ڕۆڵگێڕان و کاریگەریی لە گۆڕانکارییە سیاسییەکانی داهاتوودا، چاوەڕێی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ناکات. ئەم دیدگایە زۆر ئومێدبەخشە، چونکە نیشانی دەدات پۆتانسێلی گۆڕانکاری لە ناو ناخی کۆمەڵگەی ئێراندایە، نەک لە گۆڕانکاری و هاوکێشە دەرەکییەکاندا. ئەو ئیرادەیەی لە ناوەوە دەکوڵێت، ڕیشەدارتر و جێگیرترە لە هەر گۆڕانکارییەک کە لە دەرەوە بسەپێنرێت. گۆڕانکارییەکی کۆمەڵایەتیی ڕزگاریدەر ناتوانێت لەسەر وێرانەکانی شەڕ و دەستێوەردانی دەرەکی بونیاد بنرێت. بزووتنەوەیەک کە لەسەر پێی خۆی بوەستێت و پشت بە هێزی خۆی ببەستێت، ئەگەری زیاتری هەیە کە لە دوای گۆڕانکارییەکان، سەربەخۆیی سیاسی و کۆمەڵایەتی خۆی بپارێزێت و نەبێتە پاشکۆی پڕۆژەی هێزە ئیمپریالیستییەکان یان باڵە بۆرژوا ناوخۆییەکان.
ئەڵبەتە ئەم بزووتنەوەیە لە چاوی ئەو کەسانەش دوور نەبووە کە هەوڵ دەدەن کەڵکی سیاسی لێوەربگرن. سەڵتەنەتخوازان بە گۆڕین و دەستکاری کردنی دروشمەکان بەشێوەی دیجیتاڵ و بڵاوکردنەوەی نموونەی دوور لە ڕاستی و دەستکاریکراوی ئەو دروشمانە لە تۆڕ و ڕاگەیەنەرە فارسی زمانەکانی دەرەوەی وڵات، بە شێوەیەکی ناشیانە هەوڵیانداوە دەست بەسەر بزووتنەوەی خوێندکاریدا بگرن. بەڵام بەربڵاوی ئەم بزووتنەوەیە و فرەچەشنی دروشمە ڕادیکاڵەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوو، جگە لە ڕیسوایی هیچی تری بۆ نەهێشتنەوە. ئەو دەنگە دەگمەنانەی کە بۆ پشتیوانی لەو ڕەوتە دەبیسترێت، زۆر کەم و بێ بایەخترن لەوەی کە کاریگەریی لەسەر ناوەڕۆکی ڕاستەقینەی ئەم بزووتنەوەیە دابنێ.
بۆ تێگەیشتنی دروست لەم بزووتنەوەیە، پێویستە سەرنج بدرێتە ناسنامە مێژووییەکەی. بزووتنەوەی خوێندکاریی ئێران، جگە لە قۆناغێکی کورت کە لەژێر هەژموونی ڕیفۆرمخوازە حکومییەکاندا بوو، بە درێژایی مێژووی خۆی، هەڵگری ناوەرۆکێکی چەپ بووە. ئەم بزووتنەوەیە بەردەوام ویژدانی بەئاگای کۆمەڵگەی ئێران بووە، بۆ ئازادی و ژیانێکی باشتر. بزووتنەوەی خوێندکاریی لە ئێران هەر لە شۆڕشی ١٣٥٧ەوە تا ئەمڕۆ، هەڵگری ئامانج و بیروباوەڕی عەداڵەتخوازی و دژە سەرەڕۆیی و دژە ئیمپریالیستی بووە. ئەوەی کە ئەمڕۆ دەیبینین، گەڕانەوەیە بۆ هەمان ناسنامەی واقیعی، بەڵام ئەمجارەیان بە وشیارییەکی قووڵتر و لە بارودۆخێکی زۆر ئاڵۆزتردا. ئەم وەرچەرخانە نیشانەی تێپەڕینی نەوەی خوێندکارە لە ڕیفۆرمخوازانی ناو دەسەڵات و کەوتنەسەر ڕێچکەی داواکاری بۆ گۆڕانکارییەکی بنەڕەتیی. گەنجانی ئەمڕۆی زانکۆکان نە ئومێدیان بە بەڵێنی درۆینەی ڕیفۆرمخوازان بەستووە و نە بە سەرلەنوێ بنیاتنانەوەی پێکهاتە کۆن و ڕزیوەکان. ئەوان خوازیاری گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی ڕیشەیین.
ئێستا کە بزووتنەوەی خوێندکاری جارێکی تر گیانی وەبەر هاتۆتەوە، پرسیار ئەوەیە کە چی لێ چاوەڕوان دەکرێت؟
وەڵامەکە ڕوونە: ئەوەی ئەمڕۆ لەم بزووتنەوەیە چاوەڕوان دەکرێت، ئەوەیە کە لە هەماهەنگییەکی ڕێکخراودا لەسەر ئاستی تەواوی ئێران، وەک هێزێکی کاریگەر لە گۆڕەپانی سیاسی وڵاتدا دەربکەوێت و بۆ پشتیوانی لە خواست و داخوازییە گشتییەکانی کۆمەڵگا، ببێتە لیڤەرێکی کاریگەر بۆ گوشار لەسەر کۆماری ئیسلامی.
واقیعییەتئەوەیەکەهەرحەرەکەتێکیبوێرانە،ئەگەرنەگەنەئاستێکیهەماهەنگیبەردەوام،تووشیلاوازیوبەرکەوتنیزەبرەئەمنییەتییەکاندەبن. ئەوەی ئەمڕۆ لە بزووتنەوەی خوێندکاری چاوەڕوان دەکرێت، بریتییە لە هەنگاونان بەرەو جۆرێک لە هەماهەنگی ڕێکخراو لەسەر ئاستی سەرتاسەریدا. هەماهەنگییەکی کە بتوانێت زانکۆکان بکات بە هێزێکی کاریگەر لە گۆڕەپانی سیاسی ئێراندا و بۆ پشتیوانی لە ویست و داخوازییە گشتییەکانی کۆمەڵگا، ببێتە لیڤەرێکی گوشار لە دژی کۆماری ئیسلامی.
مەرج نییە ئەم هەماهەنگییە بە مانای پێکهاتەی قورس و پلەبەندی بێت، بەڵکوو ئەم هەماهەنگییە دەتوانێ تۆڕێکی نەرم و فرە ناوەندی بێت، بەڵام لە کۆتاییدا دەبێت دوو مێحوەر بەهێزتر بکات: یەکەم، یەکگرتوویی نێوان زانکۆکان، بەمەبەستی ڕێگریکردن لە لێکدابڕانی ناوەندەکان لەلایەن حکومەتەوە. دووەم: گرێدران بە داخوازییە کۆمەڵایەتییەکان لەوانە (ئازادی، یەکسانی، خۆشگوزەرانی، مافی ڕێکخستن و ناڕەزایەتی)، بۆ ئەوەی بزووتنەوەی خوێندکاران نەک تەنیا ناڕەزایەتییەکی پیشەیی زانکۆیی، بەڵکوو بەشێک بێت لە هێزی گۆڕانکاری لە کۆمەڵگادا. ئەم هەماهەنگییە بۆ سەرتاسەرییە گرنگترین هەنگاوە لە داهاتوو. کۆڕ و کۆبوونەوەی پرش و بڵاو ئەگەرچی بەنرخن، بەڵام بە تەنیا بەس نین. بزووتنەوەی خوێندکاران دەبێت تۆڕەکانی پەیوەندی نێوان زانکۆ جیاوازەکان بەهێز بکات، پەیامێکی یەکگرتوو بگەیەنێت بە دەرەوەی سنووری شارەکان و بە بەستنەوەی خۆی بە بزووتنەوەی کرێکاری، بزووتنەوەی ژنان و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە، هێزێکی یەکگرتوو و کاریگەر پێک بهێنێت.
ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە زانکۆکانی ئێران ڕوویدا، ئەولاتر لە شەپۆلێکی سادەی ناڕەزایەتییە. ئەم پێشهاتانە نیشانەی پێگەیشتووی سیاسی نەوەیەکن کە فێر بوون متمانە بە هێزی ناوخۆیی خۆیان بکەن، نەوەیەکی کە نە چاوەڕوانی فریادڕەسێکە لە دەرەوە و نە ئومێدی بە بەڵێنی درۆینەی ڕیفۆرم لە سەرەوە هەیە. ئەم نەوەیە دەزانێت گۆڕانکاری، تەنیا کاری خۆیەتی.