
لە سەروبەندی ساڵیادی ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی خەزەڵوەرداین، شەوی ٢٣ی خەزەڵوەری ١٣٩٨، بەشێوەیەکی کتوپڕ و چاوەڕوان نەکراو بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین ڕاگەیەندرا، بڕیارێکی کە بەرەبەیانی ٢٤ی خەزەڵوەر کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە و شەپۆلێکی ناڕەزایەتی سەرتاسەریی بەدوای خۆیدا هێنا و ناڕەزایەتییەکان لە ٢٥ و ٢٦ی ئەو مانگەدا گەیشتە لوتکە. بڕینی ئینتەرنێت لە سەرتاسەری وڵات، بوونی هێزێکی زۆری ئەمنییەتی و بەکارهێنانی چەکی گەرم و هەندێکجار تەنانەت چەکی قورسیش، وێنەیەکی هەژێنەری لە ڕووبەڕووبوونەوەی حکوومەت لەگەڵ هاووڵاتیانی ناڕازی نیشان دا. ژمارەی وردی قوربانییەکان هەرگیز ڕانەگەیەندرا. بەرپرسانی ڕژێم کوژرانی “چەند سەد کەسی” پشتڕاست کردەوە و ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بە پشتبەستن بە سەرچاوە ناوخۆییەکان، ئاماری کوژراوەکانی بە نزیکەی ١٥٠٠ کەس خەمڵاند. هەروەها هەزاران کەسیش دەستبەسەرکران و زۆرێکیان تا ئێستاش لەگەڵ لێکەوتە یاسایی و دەروونییەکانی ئەو ڕۆژانە بەرەوڕوون. بەڵام ئەوەی کە لە دوایین هەفتەی خەزەڵوەری ١٣٩٨دا ڕوویدا، ئاخێزێکی کتوپڕ و بێ پێشینە نەبوو. بەڵکوو تەقینەوەی گڕکانی پەنگخواردووی ڕق و توڕەییەکی زیاتر لە چوار دەیە بوو. قەیرانی ئابووری، هەڵاوسانی بەردەوام، داڕمانی بەهای دراو، دابەزینی هێزی کڕینی کرێکاران و مووچەخۆران، گەندەڵی و ڕانتخۆری و بێ متمانەیی گشتی جەماوەر بە بەڵێنەکانی ڕێژیم بە درێژایی ساڵانی ڕابردوو، زەمینەی بابەتیی تەقینەوەیەکی کۆمەڵایەتی ڕەخساندبوو. ناڕەزایەتییە بەردەوامە کرێکارییەکان، داخوازی موعەلیمان و خانەنشینان، بزاڤی خوێندکاری و حزووری بەرچاوی ژنان، بەڵگەیەک بوو بۆ سەلماندنی کەڵەکەبوونی ئەو ویست و داواکاریانەی کە هیچ وەڵامێکیان پێ نەدەدرایەوە.
ئاخێزی خەزەڵوەری ٩٨ زیاتر لە ١٩٠ شار و شارۆچکەی ٢٩ پارێزگا و سەدان شوێنی وڵاتی گرتەوە. لاوانی بێکار و پەراوێزنشینان، بڕبڕەی پشتی شەقام بوون، بەڵام لە نێو کرێکاران، خوێندکاران و چین و توێژەکانی دیکەشدا دەنگدانەوەی هەبوو. هاوپشتی کرداریی، هەر لە بە هاناوەچوون و یارمەتیدانی یەکتر لە شەقامەکانەوە بگرە تا حەشاردان و چارەسەرکردنی بریندارەکان، وێنایەکی دیکەی لە کۆمەڵگا نیشاندا کە بەسەر ترسدا زاڵ بووە و ئازایەتی و بوێرییەکی بەکۆمەڵیان بەدەستهێنابوو. بڕبڕەی پشتی ئاخێزی خەزەڵوەری ٩٨ بریتی بوو لە هەژارانی شار و لاوانی پەراوێزنشین، بەڵام پانتایی کاریگەرییەکانی زۆر زوو چین و توێژەکانی دیکەشی گرتەوە. ئاخێزی خەزەڵوەر هاوکات هەژارانی شارەکان و لاوانی بێکار و پەراوێزنشینانی شارە گەورە و بچووکەکانی ئێرانی خرۆشاند. شارەکانی کوردستان و خوزستان کە لە ئاخێزی بەفرانباری ٩٦دا تا ڕادەیەک لە بزووتنەوەی سەرتاسەری دابڕابوون، لە ئاخێزی مانگی خەزەڵوەردا هەر لە سەرەتاوە حزوورێکی بەرچاویان لە ناڕەزایەتییەکاندا هەبوو. جەماوەری خەڵکی زەحمەتکێشی کوردستان لە ئاستێکی کۆمەڵایەتیدا نیشانیان دا کە بۆ ڕزگاربوون لە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی و ڕووخاندنی ئەو ڕێژیمە، هیچ ڕێگایەکی تریان نییە جگە لە یەکگرتوویی و هاوپشتی لەگەڵ بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە لە ئاستی سەرتاسەریدا.
ئاخێزی خەزەڵوەری ٩٨ وەک بزووتنەوەیەکی بەرینی سیاسی، ئاستی ویست و داواکارییەکانی بەرزکردەوە و مەیدانی خەباتی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە پەراوێزەوە گواستەوە ناوەند. ئاخێزی ٩٨ تۆوی پێکهاتنی ڕایەڵ و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی لە گەڕەکەکاندا چاند، سەرمایەیەکی کە لە قۆناغە هەستیارەکانی دواتر و لە ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ژن،ژیان، ئازادیدا بەکارهات. خەزەڵوەری ٩٨، زەمینەی سەرهەڵدان و گەشەسەندنی بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی”ی ساڵی ١٤٠١ی خۆشکرد، شۆڕشی ژینا بە بەهرەمەندبوون لە کۆمەڵێک ئەزموون، ڕێکخستنی مەیدانیی و بوێریی و چاونەترسیی تاکەکەسی، هەروەها بزووتنەوە ڕەمزییە درەوشاوەکان و داخوازی و داواکاری یاسایی، کۆمەڵگای بە تەواوی گۆڕی، بێکاریگەریی سیاسەتەکانی سەرکوتی هەرچی زیاتر دەرخست و هاوسەنگییەکی نوێی هێزی پێکهێنا. لابردنی بەکردەوەی حیجابی ناچاری و قووڵبوونەوەی کەلێن و ناکۆکییەکانی ناوخۆی دەسەڵات، لە زومرەی نیشانەکانی ئەم هاوسەنگییە نوێیەن. ئەگەرچی حکوومەت بە وەڕێخستنی شەپۆلی نوێی سەرکوت و ئێعدام، هەوڵی داوە کاتژمێرەکانی تەمەنی بەرەو دواوە بگەڕێنێتەوە، بەڵام ئەم هەوڵ و ڕێوشوێنانە هیچ لە واقیعی ئەو هاوسەنگی هێزە سیاسییەی لە کۆمەڵگا ئێراندا پێکهاتووە، ناگۆڕێت. ئەگەر ئاخێزی خەزەڵوەری ٩٨ ئاسۆی ڕووخانی کۆماری ئیسلامی ڕووناکتر کردەوە، ئاخێزی ١٤٠١ ئەو ئاسۆیەی بە زمانی ڕزگاریبەخش و گشتگیری “ژن، ژیان، ئازادی” جیهانگیر کرد.
بەڵام ئاخێزی خەزەڵوەری ٩٨، بە هەموو بەربڵاویی و قوربانیدان و دەستکەوتەکانییەوە، دوای هەفتەیەک دامرکایەوە. یەکێک لە بۆشاییە زۆر کاریگەرەکان، بریتی بوو لە نەبوونی پەیوەندی و لێک هەڵپێکراویی پێویست لە نێوان شەقام و مانگرتنە سەرتاسەرییەکان لە ناوەندەکانی بەرهەمهێنان و خزمەتگوزاریدا، پێوەندییەکی کە دەتوانێت دەزگای سەرکوت زەمینگیر بکات و هاوسەنگی هێز بە قازانجی خەڵکی ستەملێکراو و چەوساوە بگۆڕێت. کرێکارانی کارگە و ناوەندە پیشەسازییە گەورەکان، کە بە خەباتی بەردەوام و بێ پسانەوەی خۆیان، زەمینە زێهنییەکانی ئاخێزی خەزەڵوەریان ئامادە کردبوو، ئەگەرچی زۆرێکیان وەک تاک لەگەڵ جەماوەری ڕاپەڕیو هاتبوونە مەیدان، ئەمجارەش نەیانتوانی بە مانگرتنی هاوئاهەنگ و سەرتاسەریی خۆیان لە ناوەندەکانی بەرهەمهێنان، بە شۆڕشی هاوچینەکانیان و داخستنی شەقامەکان پەیوەست بن، دەزگای سەرکوتی ڕژێم زەمینگیر بکەن و بوار بۆ دەستپێکردنی مانگرتنی سیاسی گشتی خۆش بکەن. ئەوە یەکێک بوو لە کەموکوڕی و خاڵە لاوازەکانی ئەم ئاخێزە جەماوەرییە. لە ڕاستیدا ئاخێزی خەزەڵوەری ٩٨، تەنیا گۆشەیەک لە هێزی خۆی هێنابووە مەیدان و ئامادەی شەڕی کۆتایی و یەکلاکەرەوە نەبوو. هێزە جینایەتکارەکانی کۆماری ئیسلامی بە کوشتنی زیاتر لە ١٥٠٠ کەس لە لاوان و بریندار و گرتن و زیندانیکردنی چەندین هەزار کەس، ئەم بزووتنەوە شۆڕشگێڕانەی ناچار بە پاشەکشە کرد و دایمرکاندەوە. ئاخێزی خەزەڵوەری ٩٨ دەریخست کە بوێری و چاونەترسی سەرشەقام بەبێ بوونی پەیوەندییەکی پتەو و بەردەوام لەگەڵ مانگرتنە سەرتاسەری و کۆڕ و کۆمەڵی گەڕەکەکان، دەوامدار نابێت. ئاخێزی خەزەڵوەری ٩٨ سەرەڕای هەموو هەزینە و برینەکانی، ئاسۆیەکی نوێی بەڕووی کۆمەڵگای ئێراندا کردەوە، ئاسۆیەکی کە لە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا گەشاوەتر بوو. ئەمڕۆ یادکردنەوە لە خەزەڵوەری ٩٨ واتا ڕاوەستان شانبەشانی بنەماڵە داغدارەکان، پێداگری لەسەر داخوازی و دروستکردنی چوارچێوەی هاوبەش بۆ خۆڕێکخستن، هاوپشتی و هەنگاونان بەرەو بنیاتنانی نەزمێک کە تیایدا مرۆڤەکان چارەنووسی خۆیان بەدەستەوە بگرن و لەوپەڕی ئەمنییەت و ئازادی و خۆشگوزەرانی و یەکسانیدا بژین.