
سێزدەهەمین ڕۆژی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکان لە ئێران.
ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان کە بەرامبەر بە گرانی و داڕمانی تمەن دەستیپێکرد، ئێستا زیاتر لە ١٣٠ شاری ئێرانی گرتووەتەوە و پایەکانی دەسەڵاتی کردووەتە ئامانج. خەڵکی ناڕازی بە وتنەوەی دروشمی دژە دیکتاتۆری خوازیاری گۆڕانکاری بنەڕەتین، بەڵام کۆماری ئیسلامی لەبری وەڵامدانەوەی سیاسی و کۆمەڵایەتی، ڕێگای ئەمنییەتی و کەڵک وەرگرتن لە هێزی هەڵبژاردووە و ڕووی چەکەکانی کردووەتە جەماوەر. ژمارەی کوژراو و بریندارەکان ڕوو لە زیادبوونە و تا ئێستا ٤٧ کەس گیانیان لەدەستداوە. هەروەها نزیکەی دوو هەزار کەسیش دەستگیرکراون. ئەم دەسەڵاتە کە نەیتوانی داخوازییە ئابوورییەکانی خەڵک دابین بکات، وەک هەمیشە پەنای بردووەتە بەر سیاسەتی بەکارهێنانی هێزی سەرکوت. مێژووی ٤٧ ساڵی ڕابردوو دەریخستووە، هەرجارێک خەڵک ڕژابێتنە سەر شەقام، وەڵامی حکوومەت تەنیا بریتی بووە لە گوللە و زیندان. بەڵام لە دۆخێکدا کە خەڵک وەگیان هاتوون و ڕژیمیش لە گێژاوی کۆمەڵێک قەیرانی فرەڕەهەندی چارە هەڵنەگردا گرفتار بووە، هێزی سەرکوت نەیتوانیوە جەماوەر چاوترسێن و ناچار بە پاشەکشە بکات.
ئێوارەی ڕۆژی هەینی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی کۆماری ئیسلامی بە دەرکردنی فەرمانێکی فەرمی، شەوی هەینی بە “یوموڵڵا” ناوزەد کرد و بە ئاشکرا فەرمانی هێرشی چەکداری بۆ سەر خۆپیشاندان و ناڕازییان دەرکرد. ئەم بڕیارە ئیرادەی ڕژیم نیشان دەدات بۆ سەرکوتکردنی توندوتیژیانەی بزووتنەوەی جەماوەری. هاوکات لەگەڵ ئەم فەرمانە ئینتەرنێت لە سەرانسەری وڵات بە تەواوی پچڕا. ئەم ڕێوشوێنە دەستڕاگەیشتن بە هەواڵ و زانیاری سەبارەت بە دۆخی شارە جۆراوجۆرەکانی بە شێوەیەکی جددی پەکخست و تەنانەت وایکرد لە دەرەوەی ئێرانیش دەستیان بە ماڵپەڕ و سەرچاوە ناوخۆییەکان نەگات. بڕینی ئینتەرنێت ئامرازێکە بۆ شاردنەوەی تاوانەکان و ڕێگریکردن لە خۆڕێکخستنی جەماوەر.
ڕۆژی هەینی ١٩ی بەفرانبار، خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی، ناڕازییانی بە “کۆمەڵێک تێکدەر و ئاژاوەگێڕ” وەسف کرد. هەرچەند ئەم قسانە تازە نین، بەڵام دووبارە جەختکردنەوەیان ئەوە دەردەخات کە ڕژیم نایەوێت لە بەرامبەر شەپۆلی ناڕەزایەتییەکاندا پاشەکشە بکات.
خامنەیی و بەرپرسانی دیکەی ڕێژیم زۆر باش دەزانن کە ناڕەزایەتییەکان ڕەنگدانەوەی قەیران گەلێکی قووڵ و ناڕەزایەتیی کەڵەکەبووی ئابووری، کۆمەڵایەتی و سیاسین، بەڵام بە گەڕاندنەوەی ئەم ناڕەزایەتیانە بۆ هۆکارە دەرەکییەکان، دەیانەوێت ڕێگا بۆ سەرکوتی توندوتیژ و بێبەزەییانەی خۆش بکەن. ئەمە هەمان ئەو چیرۆکەیە کە لە ساڵەکانی ١٣٨٨، ١٣٩٦، ١٣٩٨ و ١٤٠١شدا گەلێک جار بەرگوێمان کەوت و هەر جارێکیش کوشتاری خەڵکی بێ دیفاعی بەدواوە بوو.
لە هەلومەرجێکدا کە کۆماری ئیسلامی شمشێری لە دژی خەڵکی ناڕازی لە کالان دەرهێناوە، مانگرتنی گشتیی کرێکارانی بەشە سەرەکییە ئابوورییەکانی حکوومەت، لەوانە پیشەسازییەکانی نەوت و پێترۆشیمی، هاوکات لەگەڵ مانگرتنی کرێکارانی بەشی خزمەتگوزاری شارەوانی، شۆفێرانی بارهەڵگر و کاسبکارانی بازاڕ و هتد، دەتوانێ هەنگاو بە هەنگاو هێزی سەرکوتگەری ڕێژیم لەکار بخات. دەربڕینی ناڕەزایەتی لەسەر شەقامەکان یەکێکە لە شێوازەکانی ناڕەزایەتی، بەڵام ئەم شێوە ناڕەزایەتییە تەنیا کاتێک دەتوانێت هێزی سەرکوتگەری ڕێژیم بێ کاریگەر بکات کە لە ئاستێکی زۆر بەرین و ملیۆنیدا ڕووبدات. مانگرتنی گشتی و ناوە ناوە نەک هەر بوونی جەماوەر لەسەر شەقامەکان ڕەت ناکاتەوە، بەڵکوو بە باشترکردنی هاوسەنگی هێز لە بەرژەوەندی جەماوەر، ڕێگا بۆ دەستبەسەرداگرتنی شەقامەکان و ڕاپەڕین و گورزی کۆتایی خۆش دەکەن. ئەزموونی مێژوویی دەریخستووە کە کاتێک چەرخی ئابووری دەوەستێت، حکوومەتەکان ناچار دەبن پاشەکشە بکەن.
لەم نێوەندەدا مرۆڤ ناتوانێت بە سادەیی چاوپۆشی لە دیاردەیەکی نامۆ بە ڕۆحی خەباتی مافخوازانەی جەماوەر نەکات. کەناڵە تەلەویزیۆنییە فارسی زمانەکان بە شێوەیەکی چڕوپڕ دەستیانکردووە بە پڕوپاگەندە بۆ ڕەزا پەهلەوی کوڕی شای پێشوو و دەیانەوێت وا نیشان بدەن کە گۆیا ئەم کەسە ڕێبەرایەتی ناڕەزایەتییەکانی بەدەستەوەیە. ئیدیعایەکی لەم شێوەیە کەمترین ڕەنگ و بۆنی واقیعییەتی پێوە نییە. ئەم کەسە جگە لە هەندێک لایەنگر لە ناوخۆی وڵات خاوەنی هیچ پێگەیەکی کۆمەڵایەتی نییە. بە هیچ شێوەیەک جێگەی باوەڕ نییە جەماوەرێکی کە ئاوا لێبڕاوانە لە دژی ستەم و سەرەڕۆیی و چەوساندنەوە و بۆ ژیانێکی باشتر، ڕاپەڕیون، خوازیاری هێنانە سەرکاری سیستەمێکی دیکتاتۆری نوێ بن لەبری ئەم سیستەمە دیکتاتۆرییەی ئێستا. لە ئەزموونی کۆمەڵانی خەڵکی ئێراندا، هەم دەسەڵاتی ستەمکاری مەزهەبی و هەم پاشایەتی، بە تێچووی ڕەنج و ئازار و قوربانیدانێکی زۆر، تاقیکراوەتەوە. گەلێک بەڵگەی حاشا هەڵنەگر لەبەردەستدایە کە نیشان دەدەن کەسانی سەر بە کۆماری ئیسلامی فێرکراون بە نفوزکردنە نێو خۆپیشاندەران، دروشمی پشتیوانی لە کوڕی شای پێشوو و دیفاع لە گەڕانەوەی دەسەڵاتی پاشایەتی بەرزبکەنەوە. ئەم یارییە قێزەونە جگە لە بەلاڕێدا بردن و ناشیرینکردنی بزووتنەوەی جەماوەری و دروستکردنی دووبەرەکی لە نێوان خۆپیشاندەران هیچ ئامانجێکی دیکەی نییە.
لە هەمان کاتدا دەوڵەتی ئەمریکا هیچ حسابێکی جددی بۆ ئۆپۆزسیۆنی ڕاستی سەڵتەنەتخواز بۆ داهاتووی ئێران نەکردووە. بەڵگەکان ئەوە دەردەخەن کە دەوڵەتی ئەمریکا و خودی ترامپیش لە ناو خودی ڕێژیمدا بە دوای بەدیلێکی کۆماری ئیسلامیدا دەگەڕێن. مێژووی پەیوەندییەکانی ئەمریکا لەگەڵ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەریخستووە کە ئەم دەسەڵاتە تەنیا لە هەوڵی پاراستنی بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی خۆیدایە و هیچ گرنگییەک بە خواستی خەڵک نادات. ڕزگارکردنی کۆمەڵگای ئێران لەو نەهامەتییەی کە ڕێژیمی ئیسلامی لە ماوەی ٤٧ ساڵی ڕابردوودا بەسەر خەڵکی ئەم وڵاتەیدا سەپاندووە، تەنیا بە دەستی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش و ستەمدیتوو و هاوچارەنووس لەناوخۆی ئێران مومکین دەبێت. ئەمریکا و زلهێزە دەرەکییەکانی دیکە تەنیا بە دوای بەرژەوەندییەکانی خۆیاندا دەگەڕێن و بەرژەوەندییەکانیشیان لەگەڵ بەرژەوەندی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران یەک نییە.
دەستێوەردانەکانی ئەمریکا لە هیچ شوێنێکی جیهان، ئازادی و ئەمنییەت و خۆشگوزەرانی بۆ خەڵک لێ نەکەوتۆتەوە. لە عێراقەوە بگرە تا ئەفغانستان، لە لیبیاوە تا سوریا، لە هەر شوێنێک ئەم دەسەڵاتە دەستوەردانی کردبێت، جگە لە ماڵوێرانی و کوشتار و ناسەقامگیری هیچی تری بەدیاری نەهێناوە. چارەنووسی ئێران دەبێ لە لایەن کۆمەڵانی خەڵکی ئێرانەوە دیاری بکرێت. هیچ ڕزگارکەرێکی دەرەکی بەڕێوە نییە. تەنیا یەکڕیزی، هاوپشتی و خۆڕاگریی ڕێکخراوی جەماوەری خەڵکی ئێران دەتوانێت ئەم وڵاتە لە چنگی دیکتاتۆرییەت ڕزگار بکات و داهاتوویەکی لەسەر بنەمای ئازادی و یەکسانی و خۆشگوزەرانی بۆ هەمووان دابین بکات.