ئاگری خەبات و تێکۆشان لە هەموو لایەکەوە بڵێسە دەستێنێ

 لە کاتێکدا کە لە لایەکەوە بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان و بزووتنەوە داواکاری تەوەرە جۆراوجۆرە کۆمەڵایەتییەکان لە سەرانسەری ئێران لە ئارادایە و سیاسەتە ناوچەییەکانی کۆماری ئیسلامی بە شێوەیەکی سەرشۆڕانە لەگەڵ شکست بەرەوڕوو بووەتەوە، لە لایەکی دیکەوە سزای لەسێدارەدان لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامیدا بێ پسانەوە بەڕێوە دەچێت. ئەم ڕێژیمە کە توانایی کپکردنی دەنگی ئەو جەماوەرە مافخوازەی نییە کە بژێوی ژیان و سەرەتاییترین مافە تاکە کەسی و کۆمەڵایەتییەکانیان بە بارمتە گیراوە، هەوڵ دەدات بە بەڕێوەبردنی سیاسەتی ترس و تۆقاندن لە ڕێگەی ئێعدامەوە، کۆمەڵگا کۆنتڕۆڵ بکات، بۆ ئەوەی بتوانێت پایەکانی تری دەسەڵاتە لەرزۆکەکەی تا ماوەیەکی دیکە بپارێزێت. هەرچەندە زۆربەی ئێعدامەکان ئەو زیندانیانەن کە لە دادگا ئاساییەکاندا سزایان بەسەردا سەپێنراوە، بەڵام ناوە ناوە لەگەڵ جێبەجێکردنی سزای ئەو زیندانیانەدا، کەسانێکیش لە زیندانییە سیاسییەکان لە سێدارە دەدەن بۆ ئەوەی وەک خۆیان دەڵێن، ئاستی تەحەمولی کۆمەڵگا بەرامبەر بەم جینایەتانە تاقی بکەنەوە. بەڵام ئاخێزە جەماوەرییەکانی زستانی ٩٦ و پاییزی ٩٨ و ئاخێزی شۆڕشگێڕانە و بەردەوامی ژن، ژیان، ئازادی، بە ڕوونی نیشانی دا کە جەماوەری ناڕازی و وەگیانهاتوو نەک هەر لەئاست ستەم و سەرکوتگەرییەکانی ڕێژیم ترسیان ڕژاوە، بەڵکوو توڕەیی و نەفرەتی ئاوێتە لەگەڵ وشیاری و بەهێزبوونی هاوپشتی جەماوەری هاوچارەنووس، بەردەوام لە هەموو ڕەهەندەکانی کۆمەڵگادا پەرە دەستێنێت.

ئامارە فەرمییەکان دەریدەخەن کە کۆماری ئیسلامی لە ساڵی ٢٠٢٤دا لانیکەم ٩٥٣ کەسی لە سێدارە داوە کە لەو ژمارەیە نزیکەی ٣٣ کەسیان ژن بوون و ٨ کەسیشیان زیندانی سیاسی بوون. هەروەها لە ماوەی ئەو یەک ساڵەدا نزیکەی ٩٦ کەس لە خەڵکی کوردستان و ١٠١ کەسیش لە خەڵکی بەلووچیان بە بیانووی جۆراوجۆر لەسێدارە داوە. لە ناو ئێعدام کراوەکاندا، ئەو منداڵانەش بوونیان هەیە کە لە کاتی ئەنجامی تاوانەکەدا تەمەنیان لە خوار ١٨ ساڵەوە بووە. لە نێو سەرجەم ئەو وڵاتانەی کە هێشتا سزای دڕندانەی لەسێدارەدان تێیاندا بەڕێوە دەچێت، کۆماری ئیسلامی تاکە حکومەت بووە کەتاوانبارانی منداڵی لە سێدارە داوە. بەگوێرەی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، ئێران وەک گەورەترین بەڕێوەبەری ئێعدامیتاوانبارانی منداڵلە ماوەی ٤٥ ساڵی ڕابردوودا دەستنیشان کراوە. یەکێک لە کاریگەرترین مەیدانەکانی خەبات بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان، بریتییە لە کەمپەینیسێ شەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدانو مانگرتن لە خواردنی زیندانیانی سیاسی لە ڕۆژەکانی سێشەممەی هەموو حەوتوویەک، لە ناڕەزایەتیی بەرامبەر بە پەرەسەندن و بەڕێوەچوونی بەردەوامی ئێعدامەکان لە ئێران. ئەم کەمپەینە خەباتکارانەی زیندانیانی سیاسی، مانگی ڕێبەندانی ساڵی ١٤٠٢ لە زیندانەکانی ئێران دەستی پێکرد و ئێستا لە ٣٨هەمین هەفتەی خۆیدایە. ئەم زیندانیانە وێڕای ئیدانەکردنی سزای لەسێدارەدان وەک سزایەکی نامرۆڤانە و قەرەبوو نەکراوە، بەبێ لەبەرچاوگرتنی جۆری تۆمەت یان پاڵنەر و باوەڕی ئەو کەسانەی کە سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە، خوازیاری هەڵوەشاندنەوەی ئەم سزایەن. تا ئێستا ٢٨ زیندان لە سەرانسەری ئێران بەم کەمپەینەوە پەیوەست بوون.

مافی ژیان، یەکێکە لە بنەڕەتی ترین مافەکانی مرۆڤ کە نابێت لە هیچ بارودۆخێکدا، بکەوێتە ژێر کاریگەری گوشاری سیاسی و ئیدئۆلۆژییەوە. بەڵام زەوتکردنی ئەم مافە سەرەتاییەی مرۆڤ لە ئێران، هاوکات لەگەڵ هاتنەسەرکاری حکوومەتی ئیسلامی دەستی پێکرد. ئەم ڕێژیمە سزای لەسێدارەدانی وەک توندوتیژییەکی بە ئەنقەست و ڕێکخراو بۆ لەناوبردنی نەیارانی سیاسی، ناڕازییانی کۆمەڵایەتی و قوربانیانی دەستی ئەم نیزامە ستەمکارە سەرمایەدارییە، بەکارهێناوە. سزای لە سێدارەدان بەردەوام یەکێک بووە لە پایەکانی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بەمەبەستی چاوترسێنکردنی جەماوەر. ئەم جینایەتە سەرەتا بە لەسێدارەدانی ئەو بەرپرسانەی ڕێژیمی شا دەستی پێکرد کە لەلایەن ڕژێمی تازە بەدەسەڵات گەیشتووی ئیسلامییەوە دەستبەسەر و زیندانی کرابوون، بەڵام هەر زۆر زوو بە پانتایی هەموو ئێران خەباتکاران و دژبەرانی ڕێژیمیشی گرتەوە. سەرلەنوێ دەستبەسەر کردنەوە و دواتر لەسێدارەدانی دەیان سیمای ناسراوی ناو زیندانەکانی ساواک کە لە ئاکامی ڕاپەڕینی جەماوەریدا ئازاد ببون لە بەهاری ساڵی ١٣٥٨وە دەستیپێکرد. لەسێدارەدانی خەباتکاران و ڕێبەرانی خەڵکی تورکمان سەحرا لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی بەهاری ئەو ساڵەدا، لەسێدارەدانی بەربڵاو لە شارە جۆربەجۆرەکانی پارێزگاکانی کرماشان، کوردستان و ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، لە لایەن خاڵخاڵی جەلاد و بە فەرمانی شەرعی و حکوومەتی خومەینی، لەسێدارەدانی ژنان، خوێندکاران، کرێکاران و ڕووناکبیرانی بەدەروەست و ناڕازی دژ بە نیزامی ئیسلامی لە هەر گۆشە و کەنارێکی ئێران، لە زومرەی کارنامەی حکوومەتی تازە بەدەسەڵات گەیشتووی ئیسلامییە. حکوومەتی ئیسلامی، بە لەسێدارەدانی بەکۆمەڵ و کوشتاری سەر شەقامەکان و ئەشکەنجەی دڕندانە لە زیندانەکان لە ساڵەکانی سەرەتای دەیەی شەست دا، شۆڕشی ئێرانی کە بە ئامانجی گەیشتن بە ئازادی و ژیانێکی باشتر دەستی پێکردبوو، لەگەڵ شکست بەرەوڕوو کردەوە. کوشتار و کۆمەڵکوژی هەزاران زیندانی، کە دوابەدوای شکستی ئامانجەکانی کۆماری ئیسلامی لە شەڕی هەشت ساڵەی ئێران و عێراق، هاتە ئاراوە و گەیشتە لوتکە، بەجۆرێک کە لە ماوەی دوو مانگدا کۆتاییان بە ژیانی هەزاران زیندانی هێنا. ئەوەی کە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی ٤٦ ساڵ دەسەڵاتی سەرکوتگەرانەی خۆیاندا، سزای لەسێدارەدانی دەوڵەتییان وەک ئامرازێک بۆ چاوترسێنکردنی جەماوەر و بە مەبەستی پاراستنی دەسەڵاتی ڕەهای خۆیان بەکارهێناوە، ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە. ئەم ڕژێمە کە تا ساڵێک لەمەوبەر ئیدیعای ئەوەی دەکرد لە پێنج پایتەختی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سیاسەت دیاری دەکات و حوکمڕانی دەکات، ئێستا ێیتر تەنیا بە پشتبەستن بە ئامرازی تیرۆر، لەسێدارەدان، زیندانیکردن و ئەشکەنجە، توانیویەتی درێژە بە دەسەڵاتی خۆی بدات. بەڵام سەرەڕای هەموو ئەمانە، ئاگری ژێر خۆڵەمێشی نەفرەت و بێزاری جەماوەر لە ڕێژیمی سەرکوتگەر هەرگیز نەکوژاوەتەوە و ئەمڕۆ ئاگری خەبات و بەرخۆدان لە هەموو لایەکەوە، بڵێسە دەستێنێ.

  

0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە

پەیام نێت

گەلەری

هاوڕێمان بن! ​

پەیوەندی

  Copyright © 2023, All Rights Reserved Payaam.net