ئەو دۆخە بۆ زیندانیانی سیاسیی تەحەمول ناکرێت

بەیانییەی کۆمەڵێک لە زیندانیانی سیاسیی سەبارەت بە هێرشی ئاسمانیی ئیسرائیل بۆ سەر زیندانی ئەوین

وتەی شایەتحاڵە زیندووەکانی هێرشی ئاسمانیی ئیسرائیل لە سەرلەبەیانی ڕۆژی ٢ی پووشپەڕی ١٤٠٤ بۆسەر زیندانی ئەوین، بەیانگەری نەزانی و خۆدزینەوە لە بەرپرسیارێتی ئەو بەرپرسانەیە کە هۆشداریی بەردەوامی زیندانییەکانیان سەبارەت بە ڕوودانی کارەسات لە ئەگەری هێرشی ئیسرائیل بۆسەر زیندانی ئەوین بیست و پشتگوێیانخست.

حەوت ڕۆژ بەر لە هێرشی ئیسرائیل بۆسەر زیندانی ئەوین، ژمارەیەک لە زیندانییە سیاسییەکان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ دادوەر و بەرپرسی پاراستنی ئیتلاعاتی زیندانی ئەوین، سەبارەت بە مەترسی گیانی زیندانییەکان و تەنانەت کارمەندانی زیندان و هەروەها دەرئەنجامەکانی ئەگەری ڕوودانی هێرش، هۆشداری پێویستیان پێدان و خوازیاری جێبەجێکردنی بڕیاری دادگا سەبارەت ئازادکردنی کاتیی زیندانییەکان لە دۆخی شەڕدا بوون. هاوکات نامەیەکیان بۆ سەرپەرشتیاری دادگا نووسی و تیایدا جەختیان لەسەر جێبەجێکردنی بڕیاری ژمارە ١٢١ی شۆڕای باڵای دادوەری ڕێکەوتی ١٢ی بەفرانباری ١٣٦٥ و گرتنەبەرى ڕێوشوێنە یاساییەکان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ زیندانیانی سزا جۆراوجۆرەکان لە دۆخی شەڕدا کردەوە.

سەرەنجام، ڕۆژی ٢ی پووشپەڕ، دەسەڵاتداران بە هێرشی ئاسمانیی ئەرتەشی ئیسرائیل، وەخەبەرهاتن و بەبێ ئاگاداری پێشوەختە و بە زۆری چەک و ترس و تۆقاندن، زیندانییەکانیان وەک دیلی شەڕ لە زیندانی ئەوینەوە گواستەوە بۆ زیندانی گەورەی تاران. وەسفکردنی دیمەنی ئەو هەڵسوکەوتە دڕندانە و سووکایەتیئامێزە کارێکی دژوارە. ئێمە زیندانییەکانمان بە دەستبەند و پێبەندەوە و لە حاڵێکدا کە دووان دووان بەیەکەوە بەسترابوون و هەریەکەیان چەند کۆڵەبار و جانتایان لە پاشماوەی کەل و پەلە پێویستەکانیان بە شانەوە بوو، بەچاو بینی. لە کاتێکدا لەنێو پاشماوە و داروپەردوودا، بەرەو ئوتووبووسەکان دەڕۆیشتین کە تەقەی هێزی بەرگری، ئاسمانی شەوی ڕووناک دەکردەوە و لە سەر زەویش هێزە تایبەتەکان بە چەکی قورس و نیوە قرس ئێمەیان گەمارۆدابوو، لە حاڵێکدا دەستبەند و پێبەندەکان ئیمکانی جوڵەی ئازادی لێ زەوت کردبووین، وەک کۆمەڵێک دیلی ڕیزکراوی شەڕ، بە ئاستەم بە نێو داروپەردوودا هەنگاومان دەنا. پرۆسەی گواستنەوەی زیندانییەکانی بەندە جیاوازەکان بە گشتی ١٤ کاتژمێری خایاند کە زیندانییەکان بۆ ماوەی ١٠ کاتژمێری تەواو بە نێو داروپەردوودا و لەژێر هێرشی ئاسمانیی دا ڕێگە ڕۆیشتن.

ئەگەر لەو ماوەیەدا زیندانی ئەوین جارێکی تر ببایەتە ئامانجی هێرشەکانی ئیسرائیل، بێگومان دەیان زیندانی لە چاوتروکانێکدا گیانیان لەدەست دەدا یان بریندار دەبوون. بە کورتی، ئەوە هونەری دەسەڵاتداران بوو کە بە دەستەوەستانی و کورتبینی و سەرسەختی خۆیان ڕێگەیان بۆ جینایەتی ئیسرائیل خۆشکرد کە بووە هۆی مەرگی لانیکەم ٧١ کەس لە کارمەند و پزیشک و سرباز و زیندانیان و بنەماڵەکانیان. ژنانی زیندانی ئەوینیش نەک هەر لە زیانە دەروونی و جەستەییەکانی سەرچاوەگرتوو لە ڕووداوی تەقینەوە و گواستنەوەیان بۆ زیندانی قەرچەکی وەرامین بێبەش نەبوون بەڵکوو لەوانەیە لایەنی دڵتەزێنتری کارەساتەکەیان بەرکەوتبێت.

دۆخێ نالەباری ئەو زیندانییە ژن و پیاوانەی کە لە ئەوینەوە گواستراونەتەوە بۆ زیندانی قەرچەک و زیندانی گەورەی تاران، لەچاو یەکەم ڕۆژی گواستنەوەیان، گۆڕانکارییەکی ئەوتۆی بەسەردا ناهاتووە و هیچکام لە ئاگادارکردنەوەکانی پێشووی زیندانییەکان سەبارەت بە نەبوونی ئەمنییەت لە دۆخی شەڕدا، هێشتا وەڵامی وەرنەگرتووەتەوە. زیندانەکان هیچ پەناگە و ستانداردێکی سەرەتاییان سەبارەت بە ئەمنییەت و ژیانی زیندانییان تێدا نییە. لە ئێستادا زیندانی گەورەی تاران و قەرچەکی وەرامین، بەهۆی دۆخی دژوار و نامرۆڤانەیان، وەک هێمای سیاچاڵ و  خەفەقان، جێگای زیندانی ئەوینیان گرتووەتەوە و مافی زیندانیانی سیاسی و ئاسایی، هەروا پێشێل دەکرێت. ئێمە هۆشداری دەدەین کە ئەم دۆخە دژوار و نامرۆڤانە، بۆ زیندانیانی سیاسی چیتر تەحەمول ناکرێت و پێویستە بەخێرایی گۆڕانکاری بەسەردا بێت. لە ئاستی کۆمەڵگاشدا پێویستە سیاسەتی ترس و تۆقاندن، سەرکوتی دڕندانە، دروستکردنی بەربەست و گرتن و دەستبەسەرکردنی هەڕەمەکی کۆتایی پێبێت.

ناوی واژۆکاران:

سیامەک ئیبراهیمی

سەعید ئەحمەدی

موتەلیب ئەحمەدیان

سەجاد ئیماننژاد

شەهریار بەراتی

محەممەدباقر بەختیار

مورتەزا پەروین

موستەفا تاجزادە

خەشایار سفیدی

حوسێن شەنبەزادە

سەیدمحەممەدڕەزا فەقیهی

موحسن قەشقایی

ئەبولفەزلقەدیانی

مەهدیمحموودیان

علی مەنسووری

محەممەد نەجەفی

0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە

ڕووداوە گرنگەکان

پەیام نێت

گەلەری

هاوڕێمان بن! ​

پەیوەندی

  Copyright © 2023, All Rights Reserved Payaam.net