بانە؛ برینداربوونی لانی کەم پێنج کۆڵبەر بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران
12:15 – 8 March 2024
هەنگاو؛ هەینی ١٨ی ڕەشەممەی ٢٧٢٣
لانی کەم پێنج کۆڵبەر بەناوەکانی حەیدەرو ئیدریس (ناوبانگ نادیار) خەڵکی سەقز و ئیحسان عەبدوڵڵازادە، زانیار (ناوبانگ نادیار) و کەریم (ناوبانگ نادیار) خەڵکی بانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سنووری هەنگەژاڵی بانە بەسەختی بریندارکران.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ١٦ی ڕەشەممەی ٢٧٢٣ (٦ی مارسی ٢٠٢٤)، ئیحسان عەبدوڵڵازادە تەمەن ١٩ ساڵ، زانیار (ناوبانگ نادیار) تەمەن ٢٥ ساڵ و کەریم (ناوبانگ نادیار) خەڵکی بانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران جێگیر لە سنووری هەنگەژاڵی بانە بە سەختی بریندارکران.
بەوتەی سەرچاوەکانی هەنگاو، هێزە حکومەتییەکان لەگەڵ هەڕەشەی کوشتن لەو هاووڵاتییانە، ناچاریان کردوون کە پەیوەندی بە ئۆرژانسەوە بگرن "لەبەر ئەوەیکە پێویستیان پێی دەبێت" و دواتر داوایان لێیان کردووە کە لەو شوێنە هەڵبێن، ئینجا لە مەودای دوو مەترییەوە و لە پشتەوە تەقەیان لێیان کردووە.
بەوتەی ئەو سەرچاوانە، ئیحسان عەبدوڵڵازادە هەر دوو لاقی لە پشتەوە و زانیار لاقی چەپی بەسەختی بریندارکراوە، بارودۆخی تەندروستیی زانیار بە ناجێگیر ڕاگەیەندراوە.
هەروەها و هەر لەو ڕۆژەدا، حەیدەر و ئیدریس دوو کۆڵبەری خەڵکی سەقز بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سنووری هەنگەژاڵی بانە بەسەختی بریندارکران.