برینداربوونی دژواری هاووڵاتییەکی خەڵکی گیەڵان بەهۆی تەقینەوەی تەقەمەنییەوە بەجێماوەکانی شەڕ
12:18 – 18 February 2024
هەنگاو: یەکشەممە، ٢٩ی ڕێبەندانی ٢٧٢٣
بەهۆی تەقینەوەی تەقەمەنییە بەجێماوەی شەڕی ٨ ساڵەی نێوان ئێران و عێراق، هاووڵاتییەکی کۆچەریی خەڵکی شاری گیەڵانی سەر بە پارێزگای کرماشان بەسەختی بریندار بووە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی شەممە، ٢٨ی ڕێبەندانی ٢٧٢٣ (١٧ی فێبریوەری ٢٠٢٤)، هاووڵاتییەک لە ناوچەی "بەسارات"ی سەر بە شاری گیەڵان، بەهۆی تەقینەوەی تەقەمەنییە بەجێماوەی سەردەمی شەڕی ئێران و عێراق بەسەختی بریندار بووە.
بەگوێرەی زانیاریی سەرچاوە ئاگادارەکان، ئەم هاووڵاتییە کۆچەرییە دەموچاو و دەست و لاقی بەسەختی بریندار بووە و بە مەبەستی تیمارکردن و چارەسەریی پزیشکی بۆ ناوەندە دەرمانییەکان گواستراوەتەوە.
سەرەڕای ئەوەی کە زۆر جار ئاگاداری دراوە سەبارەت بە خاوێنکردنی تەقەمەنییە بەجێماوەکانی سەردەمی شەڕی ئێران و عێراق لە ناوچە سنوورییەکان، بەڵام بەشێکی زۆری ئەو ناوچانە هێشتا پاکسازی نەکراون و هەنووکەش مەترسییان بۆ سەر هاووڵاتییان هەیە.