برینداربوونی پێنج کۆڵبەر لە سنوورەکانی کوردستان بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران
12:26 – 3 December 2023
هەنگاو: یەکشەممە، ١٢ی سەرماوەزی ٢٧٢٣
پێنج کۆڵبەر بە ناوەکانی ڕێبوار، خەڵکی شاری بانە، ئاروین ڕەشیدپوور، کۆڵبەری خەڵکی شاری سەقز و سێ کۆڵبەر خەڵکی شاری پاوە کە ناسنامەی یەکیان بە ناوی کەیهان ئەمینی ئاشکرا بووە، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سنوورەکانی کوردستان بریندار بوون.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ئێوارەی ڕۆژی شەممە، ١١ی سەرماوەزی ٢٧٢٣ (٢ی دیسەمبەری ٢٠٢٣)، کۆڵبەرێک بە ناو ڕێبوار و خەڵکی گوندی "کێلە"ی سەر بە شاری بانە لە سنووری هەنگەژاڵی ئەو شارە و ٣ کۆڵبەر دیکەی خەڵکی گوندی "داریان"ی سەر بە شاری پاوە لە سنووری نەوسوود بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی بریندار بوون. هەتا ئێستا ناسنامەی یەکێک لەو کۆڵبەرانەی خەڵکی داریان بە ناوی کەیهان ئەمینی ئاشکرا بووە کە ٣٠٠ پارچە ساچمە بەر جەستەی کەوتووە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، دوای برینداربوونی ئەو ٣ کۆڵبەرەی خەڵکی شاری پاوە، بەهۆی قووڵیی برینەکانیان و بە مەبەستی تیمارکردن بۆ نەخۆشخانەی قودسی ئەو شارە گواستراونەتەوە. هەروەها کۆڵبەرێکی دیکەی خەڵکی شاری بانە بە ناوی ڕێبوار بە مەبەستی چارەسەرکردن بۆ ناوەندە پزیشکییەکانی تەورێز گواستراوەتەوە.
پێشتریش، واتە ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە، ٨ی سەرماوەزی ٢٧٢٣، کۆڵبەرێک بە ئاروین ڕەشیدپوور و خەڵکی شاری سەقز، لە سنووری گوندی "ساووجی"ی سەر بە شاری مەریوان، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران لاقی بریندار بووە و بە مەبەستی چارەسەری و تیمارکردن بۆ نەخۆشخانەی "بوعەلی"ی شاری مەریوان گواستراوەتەوە.