برینداربوونی چوار کۆڵبەر لە سنوورەکانی کوردستان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران
11:24 – 15 March 2024
هەنگاو؛ هەینی ٢٥ی ڕەشەممەی ٢٧٢٣
ئالان محەممەدی، کۆڵبەری خەڵکی مەریوان، دوو کۆڵبەری خەڵکی سنە بە ناوەکانی کۆسار ئەحمەدی و کەیهان ئەحمەدی و کۆڵبەرێکی خەڵکی بانە بەناوی سەعدی حوسێنی، لە ناوچە سنوورییەکانی مەریوان، نەوسوود و بانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بریندارکران.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٤ی ڕەشەممەی ٢٧٢٣ (١٤ی مارسی ٢٠٢٤)، لە ئەنجامی تەقەی هێزە چەکدارەکان لە ژمارەیەک لە کۆڵبەران لە سنووری "هەنجیران"ی مەریوان، کۆڵبەرێکی لاو بەناوی ئالان محەممەدی تەمەن ٢٤ ساڵ بەسەختی بریندارکرا.
ئالان محەممەدی، خەڵکی مەریوان، بەهۆی سەختی برینەکانییەوە بۆ نەخۆشخانەی "کەوسەر" لە شاری سنە گواسترایەوە و باری تەندروستیی ناوبراو بە ناجێگیر ڕاگەیەندراوە.
پێشتر واتە ڕۆژی چوارشەممە ٢٣ی ڕەشەممە، دوو کۆڵبەری خەڵکی گوندی "هەشەمێز" سەر بە شاری سنە بە ناوەکانی کۆسار ئەحمەدی تەمەن ٢٤ ساڵ و کەیهان ئەحمەدی تەمەن ٤٣ ساڵ بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان لاق، پشت و کەمەریان بریندارکرا.
هاوکات لە ڕۆژی چوارشەممە، کۆڵبەرێک بەناوی سەعدی حوسێنی، خەڵکی بانە لە سنووری "هەنگەژاڵ"ی ئەو شارە بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی حکومەت بەسەختی بریندارکرا.