برینداربوونی کۆڵبەرێک لە سنووری بانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە مەودای دوو مەترییەوە
09:17 – 24 November 2023
هەنگاو؛ هەینی ٣ی سەرماوەزی ٢٧٢٣
کۆڵبەرێکی لاوی خەڵکی بۆکان بە ناوی فەرزاد عەزیزی، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، جێگیر لە سنووری هەنگەژاڵی بانە، بە سەختی بریندار کراوە و بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی تەورێز گواستراوەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە ١ی سەرماوەزی ٢٧٢٣ (٢٢ نۆڤەمبەری ٢٠٢٣)، فەرزاد عەزیزی، کۆڵبەری تەمەن ٢٣ ساڵی خەڵکی بۆکان بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران جێگیر لە سنووری هەنگەژاڵی بانە بە سەختی بریندارکرا.
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، فەرزاد عەزیزی بە تەقەی چەکی ساچمەیی لە مەودای دوو مەترییەوە کەمەر و پشتی بە سەختی بریندارکراوە.
فەرزاد عەزیزی، بە هۆی سەختی برینەکانییەوە بۆ نەخۆشخانەی شۆهەدای تەورێز گواستراوەتەوە و بارودۆخی تەندروستیی ناوبراو ناجێگیر ڕاگەیەندراوە.