ئەسعەد ڕۆستەمی
وەڵامێک بۆ لێدوانە بەلاڕێدابەر و کاسبکارانەکانی خالد عەزیزی وتەبێژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
لە هەلومەرجێکدا کە کوردستان جارێکی دیکە لە ناوەندی گۆڕانکارییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکاندایە و لە کاتێکدا گەلە شۆڕشگێڕەکەی لە ڕیزی پێشەوەی خەبات لە دژی ستەمکاری، هەژاری، هەڵاواردن و نایەکسانی وەستاون، خالد عەزیزی، وتەبێژی فەرمیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە وتارەکانیدا کە لە تەلەفزیۆن و سۆشیال میدیای ئەو حیزبە بڵاو کرایەوە، هێرشێکی هیستری و بەلاڕێدابەری کردە سەر بزووتنەوەی چەپ و بە تایبەتی کۆمەڵە، وەک بڕبڕەی پشتی ئەم بزووتنەوەیە. ئەو ئەم بزووتنەوە ڕادیکاڵ و مێژووییەی بە “”نیابەتی” بلۆکی سۆسیالیستی” ناوبرد و بە زیانگەیاندن بە بزووتنەوەی کورد – بانگەشەیەکی بێ بنەما و بێ پشتیوانی مێژوویی و مەترسیدار لە ڕووی دەرئەنجامە سیاسییەکانەوە تۆمەتباری کرد. مەترسیێک کە گەلی شۆڕشگێڕی کوردستان لە نێو ڕیزەکانی یەکگرتوودایاندا چەندین جار ڕق و بێزاری خۆیان لێی نیشان داوە.
کۆمەڵە بەرهەمی کام بزووتنەوەیە؟
کۆمەڵە نە تەنیا بزووتنەوەیەکی سیاسی چەپ و سۆسیالیستە، بەڵکو لە دڵی ژیان و مەینەتی خەڵکی ئازارچێشتوو، زەحمەتکێش و کرێکاری کوردستانەوە سەری هەڵداوە. ئەم ڕێکخراوە و ڕەوتەکەی لە سەرەتای دەیەی پەنجای هەتاویدا بە پەیوەندی قووڵ لەگەڵ وەرزێڕانی هەژار، کرێکارانی بێبەش و گەنجانی شۆڕشگێڕ و ژنانی سەرکوت کراو، بووەتە هێزێکی ڕێکخراو و وشیار دژ بە چەوساندنەوەی چینایەتی، نەتەوەیی و ڕەگەزی.
بە پێچەوانەی ئەوەی عەزیزی دەیڵێت، کۆمەڵە بزووتنەوەیەکی “هاوردە” یان “وابەستە” نەبووە و نییە؛ ەڵامێکی ڕەسەن و ڕاستەقینە و کۆمەڵایەتی بوو بۆ دۆخی ئێران و کوردستان. وەڵامێکی سەرچاوە گرتوو لە خواست و پێویستی جیهانی و نێودەوڵەتییەوە بۆ کۆتایی هێنان بە بەربەرییەت و دڕندەیی سەرمایەداری. هەروەک چۆن بیر و وەهمەکانی عەزیزی لە وەهمەکانی ڕاستی جیهانییەوە و لە سەروەی هەمویاندا تێئۆری گاڵتەجاڕانەی فوکویاما سەبارەت بە کۆتایی مێژوو، سەرچاوەی گرتووە. بەشداری چالاکانەی لە شۆڕشی ساڵی 1357، ڕۆڵی بێهاوتای لە ڕێکخستنی خۆڕاگری جەماوەری خەڵکی کوردوستان لە دژی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و پێداگری لەسەر پێکهاتنی دامەزراوەکانی شورایی، تەنیا بەشێکە لە ناسنامەی مێژوویی ئەم ڕێکخراوە لە بەرانبەر (لبیک) وتنەکانی لایەنی ڕاست و ناسیۆنالیست و (متوهم) بە کۆماری ئیسلامی و شەخسی خومەینی .
خالد عەزیزی لە لایەک ستایشی کۆماری مەهاباد دەکات و لە لایەکی دیکەشەوە کۆمەڵە بە نیابەت لە سۆسیالیزم تۆمەتبار دەکات. بەڵام ئەو ڕاستییە مێژووییەی لەبیر کردووە کە خودی کۆماری مەهاباد کە عەزیزی چەندەها چیرۆکی بۆ دەنووسێت، لە ڕاستیدا بەبێ پشتیوانی یەکێتی سۆڤیەتی شەورەوی و سوپای سوور دروست نەدەبوو و ئەم ئەزموونە بەرهەمی بوونی سوپای سوور بوو.
دانوستان لەگەڵ ڕژیم و حەزفی بزووتنەوەی چەپی شۆڕشگێڕ؛ سیناریۆیێکی ئاشنا
لێدوانەکانی ئەم دواییەی عەزیزی لە کاتێکدا وتراوە کە ئەو بە باشی ئاگادارە کە حزبەکەی لە ڕابردوودا چەندین جار بە دوای دانوستانی نهێنی لەگەڵ ڕژیمێکدا بووە کە لە هەمان کاتدا بە هێرشی کوشندە کادر و سەرکردایەتییەکەی کردۆتە ئامانج. لە کاتێکدا ڕێژیمی ئیسلامی بە مووشەک و بۆمب ئۆردوگا سیاسییەکان و بارەگاکانی حیزبەکانی کوردوستانی دەکردە ئامانج، هەوڵدان بۆ دانوستان لەگەڵ ئەم دوژمنە جەنایەتکارە، نە تەنیا نیشانەی عەقڵانییەتی سیاسی نییە، بەڵکو خیانەتە بە یادەوەری خوێناوی خەڵکی خەباتکار.
ئێستا کە کۆماری ئیسلامی لە لاوازیێکی ئاشکرای سیاسی و ئابووریدایە، خالد عەزیزی بەجێگای ئەوەی سەرنجی لەسەر یەکخستنی هێزە پێشکەوتنخوازەکان بێت، ڕووی لە هەڵکردنی گڵۆپی سەوز بۆ سەرکوتی ناوخۆیی و هێرش کردنە سەر ڕەوتە چەپ و شۆڕشگێڕەکانی کوردستان کردووە. ئامانجی ئەم هێرشانە ڕوونە: نەهێشتنی کۆمەڵە و بزووتنەوە چەپ و سۆسیالیستییەکان لە هاوکێشەکانی داهاتوو، لە بەرچاو نەگرتنی کاریگەری مێژوویی ئەوان و کردنەوەی ڕێگا بۆ پێکهاتەیەکی “سازشکار”، تەسلیم خواز و تاکە دەنگ لە کوردستاندا کە ئاواتی سەمای ناو گۆڕەپانی ڕژیم دێنێتە دی. گڵۆپێک کە ڕەنگە سەوزەکەی مەحکومە بە کوژانەوە.
کۆمەڵە و “ژن، ژیان، ئازادی” بەردەوامی خەبات لە دوێنێەوە هەتا ئەمڕۆ.
بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی” کە ئەمڕۆ ئیلهامبەخشی ملیۆنها کەسە لە سەراسەری ئێران، ڕەگ و ڕیشەی لە هەمان ئەو نەریتەدایە کە کۆمەڵە دەیان ساڵ لەمەوبەر دایمەزراندووە: بەرگریکردن لە مافەکانی ژنان، ڕەخنەگرتن لە بناغە پیاوسالارییەکان، خەبات لە دژی چینی دەسەڵاتدار و داخوازی دادپەروەری کۆمەڵایەتی. لاوازکردنی وەها ڕەوتێک تەنیا قازانجی بۆ ڕێژیم و هاوبەشە ناوخۆییەکانی هەیە.
کۆمەڵە بە درێژایی ئەم هەموو ساڵە، سەرەڕای تێچووی قورس، نەک هەر لە سەر ژیان و بوونی سەربەرزانەی خۆی بەردەوام بووە، بەڵکو بووەتە بڕبڕەی پشتی خۆڕاگری کۆمەڵایەتی لە کوردستاندا.
کۆتایی ڕێگا بۆ سیاسەتی وەدەرنانی و دەرەبەگ سالاری سیاسی
بە پێچەوانەی ئەو شیکارییە سادە و ساکارانەی کە کوردستان بە قۆم یان ئەلئەزهەر دەشوبهێنن، خەڵکی کوردستان باش فێربوون کە تاکە ڕێگای ڕزگاری پشتبەستن بە ئیرادەی بەکۆمەڵ و پێکهاتن و ڕێکخستن لە خوارەوە و ڕادیکالیزمی سیاسییە. سیاسەتی وەدەرنان و سڕینەوە، حوکمڕانی تاک حزبی و هێنانە بەرچاوی داهاتووی کوردستان وەک مڵکی خان و دەرەبەگەکان و وتەبێژانی خوەشخەیاڵ، ساڵانێکە لە مەیدانی پراکتیکدا شکستی هێناوە.
ئەمڕۆ کە خالد عەزیزی لە جیاتی ڕۆشنگەری خەریکی بەلاڕێدا بردنە، سەردەمێکە کە لە هەموو کاتێک زیاتر دەبێ بەرگری لە کۆمەڵە و نەریتی چەپ و سۆسیالیزم لە کوردستان بکەین.
بزووتنەوەی چەپ لە کوردستان و بە تایبەت کۆمەڵە، نە ڕابردوویێکی کۆتایی پێ هاتوو، بەڵکو داهاتوویێکی زیندوو و گەشاوە و لە سەر پێیە. داهاتوویێک کە نوێنەرایەتی دەنگی ڕاستەقینەی دادپەروەری و یەکسانی و ڕزگاری دەکات. شتێک کە دێوەزمەی سەر خەیاڵەکانی عەزیزییە.
بەم ڕق و نەفرەت بڵاو کردنەوە و مێژوو بەڵاڕێدا بردنە، عەزیزی لەوپەڕی خۆیدا یان دەبێتە قوربانی وەهمەکانی دانوستانە ناڕوون و تاریکەکان لە نۆروێژ و بەغدا، یان دڵبەستەی ئۆتۆبوسە بەخۆڕاییەکەی پەهلەوی.