ڕۆژی شه‌ممه ١٨ی ڕه‌شه‌مه‌ی ١٤٠٣، چالاكانی مه‌ده‌نی گوندی “شیناوێ“ی سه‌ر به شارستانی پیرانشار، به بۆنه‌ی ٨ی مارس خه‌ڵاتیان به كچانی چاوگه‌شی ئه‌و گونده به‌خشی.
به‌پێی ئه‌و وێنانه‌ی به ده‌ستمان گه‌یشتووه، كچانی گوندی شیناوێ به پۆشینی جلی كوردی و جامانه یه‌ك به یه‌ك له‌لایه‌ن پیاوانی ئه‌و گونده خه‌ڵات وه‌ر ده‌گرن. پێدانی قه‌ڵه‌م وه‌كوو خه‌ڵاتی ٨ی مارس به كچانی شیناوێ، به واتای گرینگی خوێندن و چوونه‌سه‌ره‌وه‌ی ئاستی زانیاری مرۆڤ به تایبه‌ت ژنانی كۆمه‌ڵگایه بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن داكۆكی له مافه‌كانیان بكه‌ن. ناوی شیناوێ وه‌بیرهێنه‌ری ڕووداوی ده‌ڵته‌زێنی ئاگركه‌وتنه‌وه له قوتابخانه‌ی كچانی ئه‌و گونده له ڕێكه‌وتی ٩ی به‌فرانباری ساڵی ١٣٩٢ی هه‌تاویه كه تێدا ٢٧ قوتابی كچ بوونه قوربانی ناكارامه‌یی به‌رپرسانی گه‌نده‌ڵی كۆماری ئیسلامی و دوو كه‌سیان گیانیان له‌ده‌ست دا.