
به پێی ڕاپۆرته‌كان، “ڕامین محه‌ممه‌دی و محه‌ممه‌د ده‌شتی” دوو هاووڵاتی ده‌ستبه‌سه‌ر كراوی خه‌ڵكی شاری كامیاران و له ئه‌ندامانی بنه‌ماڵه‌ی “پژمان فاتحی” به‌ندكراوی سیاسی له سێداره دراو، سه‌ره‌ڕای تێپه‌ڕبوونی ١٤ ڕۆژ له ده‌ستبه‌سه‌ر كرانیان، هێشتا چاره‌نووسیان دیار نییه.
ئه‌و دوو هاووڵاتییه ڕۆژی دووشه‌ممه ١٩ی خه‌زه‌ڵوه‌ری ١٤٠٤ی هه‌تاوی، به هێرشی كۆمه‌ڵێكی زۆر له هێزه‌كانی ئیداره‌ی ئێتڵاعاتی شاری سنه و كامیاران بۆ سه‌ر ماڵی دایكی “پژمان فاتحی“، به بێ به‌لگه‌ی قه‌زایی و به توندوتیژییه‌كی زۆره‌وه ده‌ستبه‌سه‌ر و ڕه‌وانه‌ی گرتووخانه‌كانی ئه‌و ناوه‌نده له شاری سنه كراون. شایانی باسه سه‌ره‌ڕای به‌دواداچوونه‌وه‌ی بنه‌ماڵه‌ی ئه‌و دوو هاووڵاتییه له سه‌ر دۆخی ته‌ندروستی و شوێنی ڕاگرتنیان، هێزه‌كانی ڕژیم نه‌ك ته‌نیا و‌ڵامیان نه‌داوه‌ته‌وه، به‌ڵكوو به ئه‌و په‌ڕی بێڕێزییه‌وه هه‌ڵسوكه‌وتیان له‌گه‌ڵ كردوون و تا كاتی داڕێشتنی ئه‌م هه‌واڵه سه‌باره‌ت به ئه‌و دوو ده‌ستبه‌سه‌ر كراوه زانیارییه‌ك له به‌رده‌ستدا نییه.