ڕۆژی یه‌كشه‌ممه ٢٠ی ڕێبه‌ندانی ١٤٠٣، مراسیمێک به بۆنه‌ی چل و شه‌شه‌مین ساڵیادی ئاشکرا بوونی تێکۆشانی كۆمه‌ڵه، به به‌شداری نوێنه‌ری حیزب و لایه‌نه سیاسییه‌كان، كه‌سایه‌تیی و دۆستانی بزووتنه‌وه‌ی شۆڕشگێرانه‌ی كوردستان، له شاری كۆڵنی ئاڵمان به‌ڕێوه‌چوو.
به پێی ڕاپۆرتی كومیته‌ی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتی كۆمه‌ڵه و حیزبی كۆمۆنیستی ئێران، مه‌راسیمه‌كه به بڵاو كردنه‌وه‌ی سروودی ئێنتێرناسیۆاڵ و یه‌ك خوڵه‌ك بێده‌نگی بۆ ڕێزگرتن له یادی هاوڕێیانی گیانبه‌ختكردووی ڕێگای ئازادی و سوسیالیسم ده‌ستیپێكرد. پاشان هاورێ ئه‌سرین قادری ئه‌ندامی کومیته‌ی ناوه‌ندی کۆمه‌ڵه په‌یامی رێبه‌ری کۆمه‌ڵه‌ی به‌و بۆنه‌وه پێشکه‌ش به به‌شدار بووان کرد. له به‌رده‌وامی مه‌راسیمه‌كه‌دا، نوێنه‌ری ڕێكخراوه‌کانی ژنانی كۆمه‌ڵه، حیزبی ماركسیست_لێنینیستی ئاڵمان ڕێكخراوه‌ی دادخوازانی شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادی“، په‌یامێكیان ئاراسته‌ی به‌شداربووانی مه‌راسیمه‌كه كرد. پاشان نێوی حیزب و ڕێكخراوه سیاسی و مه‌ده‌نییه‌كان كه ئه‌م ڕۆژه‌یان له خه‌ڵكی سته‌ملێكراو و كادر و ئه‌ندامانی حیزب پیرۆز كردبوو خوێندرایه‌وه. مه‌راسمه‌که له نێو شادی و خۆشی به‌شدار بووان تا دره‌نگانی شه‌و درێژه‌ی کێشا.