ڕۆژی سێشه‌ممه ٢٩ی ڕه‌شه‌مه، له دوایین ڕۆژی ساڵی ١٤٠٢دا خه‌ڵكی ئازادیخوازی كورستان وێڕای بارینی باران ئاگری نه‌ورۆزیان داگیرساند و له شه‌قام و كۆڵانه‌كان دا شایی و خۆشیان ده‌ربڕی.
به‌پێی ئه‌و ویدیۆیانه‌ی به ده‌ستمان گه‌یشتووه، كوردانی باكووری خۆراسان له شاری شیروان ئاگری نه‌ورۆزیان هه‌ڵكردووه و كچان و كوڕانی ئازادیخواز به ده‌وریدا سه‌مایان كردووه. له شاری مهاباد و گونده‌كانی گۆگ ته‌په و كاولان، پیرانشار و شارۆچكه‌ی جه‌ڵدیان، گه‌ڕه‌كی ده‌ره‌درێژی كرماشان، بۆكان و گونده‌كانی داشاغڵ و قۆزلۆیی چووكه، گوندی باڵخچی نه‌غه‌ده، گوندی له‌گزی سه‌ر به شاری سه‌قز و چه‌ند گه‌ڕه‌كی شاری ورمێ ژنان و پیاوان به جۆش و خرۆشێكی بێ وێنه‌وه ئاگری نه‌ورۆزیان داگیرساند و به وتنه‌وه‌ی دروشمی “ژن،ژیان،ئازادی” ساڵی تازه‌یان به هه‌موو كوردستانیان پیرۆزبایی كردووه.