بڕیارنامەی پەسەندکراوی کۆنگرەی سێزدەیەمی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
لەو ڕووەوە کە:
نزیکەی هەشت ساڵ بەسەر کۆنگرەی دوازدەهەمی حیزبی کۆمۆنیستی ئێراندا تێدەپەڕێت، لەم مەودایەدا زۆرینەی کۆمیتەی ناوەندیی حیزب لە کاتێکدا جیابوونەوە کە لە ناو ئەندامانی حیزبدا کەمینە بوون و ئێستاش کە ئەندامانی حیزب بە کەڵک وەرگرتن لە مافی یاسایی و دەستوری خۆیان کۆنگرەی سێزدەیەمیان ڕێکخستووە:
هەروەها بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە:
لە کۆنگرەی چوارەمی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بەملاوە، بەڵگەنامە بنچینەییەکانی حیزب: “بەرنامەی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران“، “بەیاننامەی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران“، “پەیڕەوی ناوخۆی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران“، کە هەریەکەیان مۆرکی هەلومەرجێکی مێژوویی دیاریکراویان پێوە، وردبینی و پێداچوونەوەیان بۆ نەکراوە. لە کاتێکدا لەم ماوە دوور و درێژەدا گەلێک گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی، سیاسی و خەباتکارانەی گرنگ لە کۆمەڵگادا ڕوویانداوە کە لەم بەڵگەنامانەدا ڕەنگدانەوەیان نییە، بەڕۆژکردنەوەی ئەو بەڵگەنامانە بووەتە پێویستییەک.
لە لایەکی دیکەوە لەگەڵ ڕوودانی چەندین دابەشبوون و جیابوونەوە لە تەشکیلاتی حیزبدا، هەڵسەنگاندنێکی ورد وەک بەڵگەنامەیەکی تەشکیلاتی کە جێگەی پەسەندی زۆرینەی ئەندامان بێت، نەکراوە و لە هەمان کاتدا بۆچوونی جیاواز هەیە لەسەر هۆکارەکانی گەشە نەکردنی کار و چالاکییە سەرتاسەرییەکانی حیزب، پێویستە ئەم پرسانەش کۆبەندی بکرێن و بڵاو بکرێنەوە.
هەروەها لەو ڕووەوە کە:
گفتوگۆ و شرۆڤەی پێویست لە ئاستە جیاوازەکانی حیزبدا و هەروەها کارێکی ئەوتۆ بۆ لێکۆڵینەوە و وردبینی سەبارەت بە گۆڕانکارییەکی لەم چەشنە لە سەروبەندی کۆنگرەی سێزدەیەمدا ئەنجام نەدراوە، هەربۆیە کۆنگرە وێڕای هەست کردن بە گرنگی ئەو بابەتانەی سەرەوە، لەم هەلومەرجەدا دیاریکردنی ئاراستەی سیاسی داهاتوو و هەروەها هەڵبژاردنی ڕێبەرایەتی نوێی حیزب بە گرنگترین ئەولەوییەتی خۆی دەزانێت.
لە هەمان کاتدا:
کۆمیتەی ناوەندی حزب هەڵبژێردراوی کۆنگرەی سێزدەیەم ئەرکدار دەکات کە کار بۆ پێداچوونەوە و بەڕۆژکردنەوەی ئەو بەڵگەنامانەی سەرەوە بکات و بۆ ئەم مەبەستەش چەند کۆمیسیۆنی تایبەت پێک بهێنێت. ئەو کۆمسیۆنانە دواتر ئەنجامی کارەکانیان بخەنە بەردەستی ئەندامانی حزب و لەگەڵ تەواوبوونی ئەو پرۆسەیە، لەلایەن کۆنگرەی ١٤ی حزبەوە بانگەواز بکرێت بۆ پەسەندکردنی کۆتایی.
سێپتامبری ٢٠٢٤
ڕەزبەری ١٤٠٣