دادگایی کردن و دەرکردنی حوکمی قورس بۆ مامۆستایان، چالاکان و رۆژنامە نووسانی حەوزەی زمانی کوردی لە ئێران بابەتێکی تازە نییە و لە چەند ساڵی ڕابردودا گوشارەکان بۆسەر ئەم چالاکانە گەلێک زیاتر بووە، لە ئاخرین حاڵەتدا سۆما پور محەممەدی، مامۆستای زمانی کوردی و ئەندامی هەیئەت مودیرەی سازمانی فەرهەنگی-کۆمەڵایەتی نۆژین لە شاری سنە لە دوو پەروەندەی جیاوازدا بە گشتی بە ١١ ساڵ زیندان و دوور خرانەوە بۆ کرماشان مەحکوم کرا. پێشتریش زارا محەممەدی، سەیوان ئیبڕاهیمی، ئیدریس مینبەری، فەریدە وەیسی، سیروس عەباسی، واران محەممەد نیژاد و کەسانی تر، و لە یەک دەیەی ڕابردوش دا لە ئوستانەکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان، کرماشان و ئیلام مامۆستایانی زمانی کوردی و چالاکان و ئەو ڕۆژنامە نووسانەی کە لە ڕاستای دەستەبەر بوونی دادپەروەریدا هەوڵیانداوە، حوکمی قورسیان بۆ دەرچووە.
ئەم سیاسەتانە خاوەنی چ بنەمایەکن و بوچی بە گشتی داخوازییە زمانیەکانی کەمینەکان و بە تایبەت کوردەکان لە دادگاکانەوە سەر دەر دێنن؟
بیرۆکەی سەرەکی ئەوەیە کە سیاسەتە زمانیەکان لە ئێران لەسەر بنەمای لۆژیکێکی ناسیۆنالیستییە، ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی کە بەستینێک بۆ دەستەبەر بوونی دادپەروەری زمانی نەڕەخسێت. ئەوەی کە ئاشکرایە ئەوەیە کە نا دادپەروەرانە بوونی سیاسەتە زمانیەکان لە ئێران تەنیا تایبەت بە کۆماری ئیسلامی نییە و خاوەن پێشینەی مێژووییە لە ئێرانی مۆدێڕندا؛ گرنترین ڕێگاچارە و بە ئەگەری زۆرەوە نوێئاوەری کۆماری ئیسلامی پەنابردنە بەر یاسا و کەڵک وەرگرتن لە” دادگا”یە. مافی زمانی لە سەردەمی کۆماری ئیسلامیدا زیاتر لە ڕابردو ئاستی ئەمنیەتی بە خۆیەوە گرتوە و هەوڵدان لە ڕاستای دەسبەر کردنی ئەم مافەدا بەرەوڕووی سزای ئەمنیەتی دەبێتەوە. هەر ئەوجۆرەی کە ئاماژەی پێدرا سیاسەتە زمانیەکان لە ئێران جیاواز لە جۆر و فۆرمی حکومەت، بنەمایەکی ناسیۆنالیستی هەیە کە لە ماهییەتدا لەگەڵ دادپەروەری زمانیدا ناگونجێت، ئەم نەگونجانەش بۆتە هۆی ئەوەی کە داخوازی دادپەوروەری زمانی و لەگەڵیدا دادپەوەری کۆمەڵایەتی، بۆ ناسیۆنالیستە ئێرانیەکان و دەسەڵاتدارانی لایەنگری ئەم گرایشە سیاسییە وەک هەڕەشەیەک چاولێبکرێت کە تەنیا بە ترساندن، گرتن، زیندانی کردن و دوور خستنەوە شیاوی چارەسەر بوونە. و لە ڕاستیدا مەسیری دەستەبەر بوونی دادپەوروەریی زمانیش توشی بونبەستێکی ئەمنیەتی دەبێت!
ئێران وڵاتێکی چەند نەتەوەیی و چەند زمانەیە، لەگەڵ دەست پێکردنی ڕوەتی نوێگەری مۆدێڕنیزاسیۆن لە ئێران، سیاسەتی زمانیی پەیڕەو کراو لە لایەن حکومەتی پەهلەوییەوە، کار کردی زمانی فارسی لە” زمانێکی هاوبەش”ەوە گۆڕی بۆ” زمانێکی واحید” و سیاسەتی یەک زمانیی وەک مەرجی یەکپارچەیی نەتەوەیی لەبەرچاو گیرا. بەڵام مەسەلەی سەرەکی ئەو کاتە بوو کە بنەمای سیاسەتی زمان و موهەندیسیی زمانیی کۆمەڵگای جۆراوجۆری ئێران نەک لە لایەنزمانناسان و پسپۆڕانی زانستی ئینسانیەوە، بەڵکو لە لایەن ژنڕاڵەکان، سیاسەتمەداران و ئیدئۆلۆگە کۆمەڵایەتیەکانەوە گەڵاڵە ڕیژی کرا؛ بەم جۆرە بابەتی زمان لە ئێران بوو بە بابەتێکی سیاسی- کۆمەڵایەتی تا، بابەتێکی فەرهەنگی و زمانناسانە، و کێشەکانیش لێرەوە سەریان هەڵدا. ڕێگا چارەی پێشکەش کراو بۆ بەرەوڕوونەوە لەگەڵ ئەم جۆراوجۆری و جیاوازییە زمانیانە زیاتر لەگەڵ وڵامی زیاتر نیزامی و ئەمنیەتی بەرەو ڕوو بوونەوە.
ناسیۆنالیزمی ئێرانی بەدیهێنەری سیاسەتی زمانیی لە ئێران هەوڵیدا پێناسەیەکی یەکدەست، وەک یەک و ئیجابی لە نەتەوەی ئێران و سوژەی” ئێرانی” بدات بەدەستەوە، پێناسەیەک کە کێشەیەکی بنەڕەتی بۆ یەکپارچەیی ناسیۆنالیستی جێی سەرنجی ئەوانی بەدیهێنابوو. بۆ ئەوان ئێرانی بوونێکی دیاریکراو بوونی هەبوو ، یانی بوونی هەیە کە لادان لێی لەگەڵ یەکپارچەیی نەتەوەییدا نایەتەوە و دەبێ بەرەوڕووی سزا بکرێتەوە. وەحدەتی میللی بۆ ناسیۆنالیزمی ئێرانی وەحدەتێکی ناکامڵ بووە کە هەموو ئامڕازێکیان بەکار هێناوە بۆ کامل کردنی، و هەڵبەت” زمانی فارسی” بەردەوام لە ناوەندی ئەم وەحدەتەدا قەراری گرتوە.
خاڵی سەرەکی ئەوەی کە سیاسەتە زمانییەکانی ناسیۆنالیستی سەرچاوە گرتوو لە ئیدئۆلۆژی زمانییەوە بەدوای ئامانجێکی دیاریکراوەوە بووە و گرنگترینیشیان وەک یەک لێکردنی زمانییە:” ئەو وەک یەک لێکردنی زمانییەی کە جێی سەرنجی ناسیۆنالیستەکانیشە، لەسەر ئەو بنەمایە دامەزراوە کە سەرجەم ئەندامانی کۆمەڵگەی زمانیی، جیاواز لەوەی کە سەربە کام گوروپی قەومی، زمانیی یان فەرهەنگین، دەبێ زمانی زاڵ و سەرتری کۆمەڵ فێربن. بەم هۆیەوە، وەک یەک لێکردنی زمانیی یارمەتی دەری زیاد بوونی ئێعتیبار و زاڵ بوونی زمانی سەرتر بەسەر کۆمەڵگادا ئەبێت. لەسەر بنەمای ئەم شێوە سیاسەتە کەمتر سەرنج ئەدرێتە مافی کەمینە زمانیەکان و یان هەر لایان لێناکرێتەوە. غافل بوون و یان بە واتایەکی دەقیق تر گرنگی نەدان بە مافی کەمینە زمانییەکان تا ئاستێک بەروپێش چووە کە ئاستێکی ئەمنیەتی بە خۆیەوە گرتوە. جێگری سەرۆکی کۆموسیۆنی ئاموزش و توێژینەوەکانی مەجلیسی شوڕای ئیسلامی گەڵاڵەی ئاموزشی زمانە ناوچەیی و قەومیەکانی لە قوتابخانەکاندا بە پێچەوانەی ئەمنیەتی میللی و بە هەڕەشە بۆسەر سڵامەتی نیزامی ئاموزشی گشتی وڵات زانی. بەڵام کام ئەمنیەت و کام میللەت؟!
هەڕەشە دەژی ئەمنیەتی نەتەوەیی
لە کاتێکەوە کە ئەحەمەد کەسرەوی لە ڕاستای” بوونی زمانی فارسی بە زمانی هەموو خەڵکی ئێران” هەوڵیدا و داخوازیەکانی” لەنێو چوونی سەرجەم زمانە غەیرە فارسیەکان” بوو ئیجازەیەکی نەنووراو بۆ سزادانی” لادەران لە مێعمارییە زمانیەکان” لە ئێران دەرکرا و تا بە ئەمڕۆ کە زمانە غەیرە فارسیەکان وەک هەڕەشەیەک لەسەر یەکپارچەیی و ئەمنیەتی نەتەوەیی جێی سەرنجی ناسیۆنالیستە ئێرانیەکان چاولێدەکرێت. ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ناوەرۆکی ئەحکامی دەرکراو دژبە چالاکانی حەوزەی دادپەروەری زمانیی لە کوردستان دەبینین کە خاڵی هاوبەشی هەموو حوکمەکان، کێشە دروست کردن بۆ جۆرێک لە نەزمی مەوجود و هەوڵدان بۆ تێکدانی ئەمنیەتی وڵات بووە. سەبارەت بەم حاڵەتەی دوایی واتە سۆما پور محەممەدیش یەکێک لە تاوانەکانی” تێکدانی نەزمی گشتی” و هەوڵدان بۆ شێواندنی ئەمنیەتی وڵات بووە. سەبارەت بە زارا محەممەدی، سەیوان ئیبڕاهیمی، ئیدریس مینبەری، فەریدە وەیسی و ئەوانی تریش بارودۆخەکە هەر بەم شێوەیە بوو، چالاکیەکانیان وەک هەڕەشەی ئەمنیەتی پیشاندرا. لە یەکێک لە بابەتەکانی ساڵی ١٣٩٢ ی دادگا لە ئوستانی ئیلام ٦ ڕۆژنامەنووس کە زیاتر چالاکیەکانیان لە حەوزەی زمانی کوردی و بەڕێوەبردنی کلاسی ئاموزشی ئەلف و بێی کوریدا بوو بە ٣٦ مانگ زیندان مەحکوم کران. لەم حاڵەتەشدا تاوانەکان هاوشێوە بووە. نەزمێکی دیاریکراو بوونی هەیە کە نابێ بوەستێت، گرنگ نییە کە ئەم نەزمە تاچەند نادادپەروەرانە بێت، گرنگ پاراستنی وەحدەتی میللی جێی سەرنجی ناسیۆنالیستە ئێرانیەکانە.
ئەوەی لێرەدا جێگای گرنگی پێدانە جۆری ڕوانگەی سیاسەتمەران بە جۆراو جۆری و جیاوازی و داخوازییە زمانییەکان و هەروەها کاردانەوەی گوروپە جۆراوجۆرە کۆمەڵایەتیەکانە بە ڕێگاچارەی مەجود، لە یەکەمیاندا سزا، زیندان و دوور خرانەوە ڕێگا چارەیە و لە مووەمیاندا کاردانەوەیەک لە جۆری تەئیدێکی ناڕاستەخۆ و نزیک لە بێدنگی دەبیندرێت و وادیارە کە هەردوکیان تەواوکەری یەکترن! مەسەلەکە لێرەدایە کە ناسیۆنالیزمی ئێرانی لە بنەڕەتدا دڵنیگەرانی دادپەروەری کۆمەڵایەتی و زمانیی، بە گشتی لە سیاسەتە حکومەتیەکان دەرهاویشتوە و ئەو بە داخوازییەکی هەڕەشەئامێز بۆسەر وەحدەتی نەتەویی دەزانێت.یاسادانەران و سیاسەتمەرادانی ئێرانییش بە ئاگادار بوون لەم بابەتە بە شوێن ڕێگا چارەی خۆیانەوەن، و ئاکامی ئەم بارودۆخەش دیسان بەرهەمهێنانەوەی نەزمی زمانیی و هەڵبەت کۆمەڵایەتی نادادپەروەرانەی مەوجودە.
ئینگرید پیلەر زمانناسی ئوسترالیایی لەسەر ئەو بڕوایە بوو کە بە بێ دەستەبەر بوونی دادپەروەری زمانیی، دادپەروەری کۆمەڵایەتیش دەستەبەر نابێت. ئەوەی لە ئێرانی ئێستادا دەبیندرێت جۆرێکە لە سیاسەتی وەک یەک لێکردن کە ئامانجی دروست کردنی کۆمەڵێک سوژەی وەک یەک، تەک زمانە و هاوبیرە و ئەم ئیدە ناسیۆنالیستییەش لەگەڵ دادپەروەری کۆمەڵایەتیدا نەگونجاوە و ناگونجێ.