ڕۆژی هه‌ینی ٢٢ی پووشپه‌ڕ، گرووپی یه‌كگرتووی خانه‌نشینكراوانی ئێران له به‌یاننامه‌یه‌كدا وێڕای ئیدانه‌كردنی حوكمی ئێعدامی شه‌ریفه محه‌ممه‌دی، خوازیاری ئازادی بێ شه‌رت و مه‌رجی ئه‌و چالاكه كرێكارییه بوو.
له به‌شێكی ئه‌و به‌یاننامه‌یه‌دا هاتووه، ئێعدام، تیرۆر و سه‌ركوتی نه‌یارانی ڕژیم و چالاكانی سیاسی، كۆمه‌ڵایه‌تی و كارگه‌ری له سه‌ره‌تای به ده‌سه‌ڵاتگه‌یشتنی كۆماری ئیسلامی ده‌ستی پێكردووه. ته‌مه‌نی له سێداره‌دان له ئێران به درێژایی ته‌مه‌نی كۆماری ئیسلامییه و حكوومه‌ت له ئێعدام وه‌كوو ئامرازێك بۆ تیرۆری نه‌یاره‌كانی كه‌ڵك وه‌رده‌گرێت. له‌سێداره‌دانی چالاكێكی كرێكاری، ته‌نیا ئێعدامی دژبه‌رێكی ڕژیم نییه به‌ڵكوو له‌ناوبردنی كه‌سێكه كه بۆ ئه‌منییه‌ت و ڕیفاهی چینێكی هه‌ژار كاری كردووه. ئێمه خانه‌نشینكراوانی ئێران وێڕای شه‌رمه‌زاركردنی حوكمی ئێعدامی شه‌ریفه محه‌ممه‌دی، خوازیاری هه‌ڵوشاندنه‌وه‌ی ئه‌و سزا نامرۆڤانه‌یه و ئازادی بێ شه‌رت و مه‌رجی ئه‌و چالاكه كرێكارییهین.