سبەینێ هەینی، سێی ڕەشەمە، ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکە. ڕۆژی ٢١ی فێوریەی ساڵی ١٩٥٢ی زایینی، ژمارەیەکی زۆر لە خوێندکارانی بەنگالی زمان، لە زانکۆی داکا پایتەختی بەنگلادشی ئێستا و پاکستانی ڕۆژهەڵاتی ئەو کات، لە ناڕەزایەتی دژبە سەپاندنی زمانی “ئوردوو” وەک زمانی فەرمی لەلایەن دەوڵەتی ناوەندی پاکستانەوە و بە ئامانجی بە فەرمی ناساندنی زمانی دایکیی خۆیان (زمانی بەنگالی) لە ناو زانکۆ خۆپیشاندانیان کرد. ئەم خۆپیشاندانە لەلایەن هێزەکانی دەوڵەتی پاکستانەوە کەوتە بەر دەستڕێژی گوللە. لەم جینایەتەدا ژمارەیەکی زۆر لە مامۆستایان و خوێندکاران گیانیان لەدەستدا یان بریندار بوون. بەردەوامی خەباتی خەڵکی بەنگالی زمان بووە هۆی ئەوەی کە لە ساڵی ١٩٧١دا، بەنگلادش لە پاکستان جیا ببێتەوە و ببێت بە وڵاتێکی سەربەخۆ. ڕۆژی ١٧ی نۆڤامبری ١٩٩٩، یونسکۆ، ڕێکخراوی پەروەردەیی، زانستی و کولتووریی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، لەسەر پێویستی فێربوون بە زمانی دایک، وەک مافێکی هاوڵاتی و جیهانی، جەختی کردەوە.
هەروەها پێشنیاری فەرمی دەوڵەتی بەنگلادشی سەبارەت بە ڕاگەیاندنی ٢١ی فێوریە وەک “ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک” پەسەند کرد. ١٨٨ وڵاتی ئەندام لە یونسکۆ، لەوانە کۆماری ئیسلامی ئێرانیش، دەنگی ئەرێنیان بەم پێشنیارە دا. پاش ئەوە بۆ یەکەمجار ڕێوڕەسمی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک لە فێوریەی ساڵی ٢٠٠٠ لە پاریس بە ئامادەبوونی نوێنەرانی وڵاتانی جیهان، زمانناسان و پسپۆڕانی بواری پەروەردە، لەلایەن ڕێکخراوی یونسکۆوە بەڕێوەچوو. لەو بەروارە بەدواوە لە زۆربەی وڵاتان بەم بۆنەیەوە ڕێوڕەسم بەڕێوەدەچێت.
کۆماری ئیسلامی کە خۆی یەکێکە لە واژۆکارانی ئەم بڕیارەی نەتەوە یەکگرتووەکان، تەنانەت لە یاسای بنەڕەتی ڕژێمیشدا فێربوون بە زمانی دایک بە فەرمی ناسراوە، لەگەڵ ئەوەشدا لە کردەوەدا ملیۆنان منداڵ کە زمانی دایکییان فارسی نییە، لەم مافە سروشتییە لە قوتابخانەکان بێبەش کراون. ئەڵبەتە هۆکاری ئەم کردەوەی ڕژێم ڕوونە. کۆماری ئیسلامی بە شێوەی پێشینیانی خۆی، فێربوون بە زمانی دایک بە مەسەلەیەکی مەترسیدار بۆسەر “تەواویەتی خاکی ئێران” دەزانێت و فەرهەنگستانییە شۆڤێنیستەکان ئەم مەسەلەیە بە هەڕەشەیەکی جیددی بۆسەر زمانی فارسی و پیلانێک بۆ کەمڕەنگکردنی ئەم زمانە دەزانن. ڕژێمی کۆماری ئیسلامی هاوشێوەی ڕژێمی شا بە گرتنەبەری ئەم سیاسەتە، بەدوای یەکسانکردنی فەرهەنگی–زمانی بۆ دەستەبەرکردنی ناسنامەیەکی ساختەی نەتەوەیی ئێرانییە. ئەم سیاسەتە ئەگەر لە سەرەتای زاڵبوونی سیستەمی سەرمایەداری لە ئەوروپا و هەروەها لە وڵاتە داگیرکراوەکانی ژێر دەسەڵاتی ئەم وڵاتانەدا، ڕێگایەک بوو بۆ یەکسانکردنی کۆمەڵگەکان لە سنوورێکی جوگرافیای دیاریکراودا، دروستکردنی دەوڵەت–نەتەوەکان و پێکهێنانی بازاڕی کار و کاڵای ناوخۆیی، لە سەردەمی جیهانگیری سەرمایە و سەردەمی دووەمین شۆڕشی پیشەسازی، هەنگاوێکی کۆنەپەرستانەیە لە خزمەت بە پاراستنی دەسەڵاتی دەستە و تاقمە مافیاییەکانی دەسەڵاتدار.
لەگەڵ هەموو ئەمانەدا، ئەگەرچی بێبەشکردنی منداڵان لە فێربوون بە زمانی دایک، کردەوەیەکی سەرکوتکارانە و دژە دێموکراتیکە، بەڵام لە ڕووی زانستییەوە مەسەلەیەکی دەروونناسی و پسپۆڕانەیە لە بواری پەروەردەدا. توێژینەوەیەکی ئاماری لە ئێران نیشانی دەدات کە زۆربەی ئەو پێنج ملیۆن خوێندکارەی کە لە ٩ ساڵی ڕابردوودا لە تاقیکردنەوەکان دەرنەچوون، لە زومرەی ئەو منداڵانەن کە زمانی فارسی، زمانی دایکییان نییە. هەر ئەم ئامارە سادەیە پێویستی فێربوون بە زمانی دایک بە ڕوونی نیشان دەدات. زمانی دایک ئەو زمانەیە کە منداڵ لە دایک و باوک و ئەندامانی دیکەی ناو بنەماڵە فێری دەبێت. توێژینەوە بایۆلۆژی و دەروونناسییەکان نیشان دەدەن کە منداڵ تەنانەت پێش لەدایکبوون لەگەڵ زمانی دایکی خۆی ئاشنا دەبێت. بە بیستنی دەنگی دایکی هەست بە ئارامی دەکات. هەنگاو بە هەنگاو هەست و سۆزی ئەو بە یارمەتی زمانی دایکیی شکڵ دەگرێت و لەگەڵ جیهانی دەوروبەری خۆی ئاشنا دەبێت و پەیوەندی لەگەڵدا دروست دەکات. هەستیارترین قۆناغی ژیانی کە بنەمای ژیانی داهاتوویەتی، لە تەمەنی پێنج بۆ حەوت ساڵی بە یارمەتی زمانی دایک تێدەپەڕێنێت و بنەماکانی کەسایەتی لەم قۆناغەدا دروست دەبن.
لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ڕژێمی ئیسلامیدا، قەدەغەکردنی منداڵان و گەنجان لە فێربوون بە زمانی دایک، هاوکات پشتگوێخستنی فەرهەنگ و ئەدەبیاتی خەڵکێکە کە لە ماوەی سەدان ساڵدا بەرهەم هاتووە و دەوڵەمەند کراوە، بەشێکە لەو جیاکاری و ستەمەی کە بەسەر نەتەوەکانی نیشتەجێی جوگرافیای ئێراندا دەسەپێنرێت.