بەردەوامیی تەقەکردن لە کۆڵبەران لە سنووری بانە و برینداربوونی پێنج کۆڵبەری دیکە
20:32 – 23 November 2023
هەنگاو: پێنجشەممە، ٢ی سەرماوەزی ٢٧٢٣
سێ کۆڵبەری خەڵکی شاری سەقز بە ناوەکانی ئەدیب ڕەنجبەری، محەممەد ڕەشیدزادە و حەسەن فەرەجی، هەروەها دوو کۆڵبەری دیکە بە ناوەکانی پەرویز قادری، خەڵکی شاری بانە و پژمان ڕەمەزانی، خەڵکی شاری بۆکان، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سنووری "هەنگەژاڵ"ی بانە بەسەختی بریندار بوون.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤ هەنگاو؛ شەوی چوارشەممە، ١ی سەرماوەزی ٢٧٢٣ (٢٢ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٣)، پژمان ڕەمەزانی، کۆڵبەری خەڵکی شاری بۆکان، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سنووری بانە بریندار بووە.
هاوکات حەسەن فەرەجی، کۆڵبەری تەمەن ٢٩ ساڵ و خەڵکی شاری سەقز، بە تەقەی ڕاستەوخۆی چەکی ساچمەییی هێزە چەکدارەکانی ئێران لەو سنوورە بریندار بووە.
پێشتریش واتە شەوی سێشەممە، ٣٠ی خەزەڵوەری ٢٧٢٣، پەرویز قادری، تەمەن ٢٩ ساڵ و خەڵکی شاری بانە، محەمەد ڕەشیدزادە و ئەدیب ڕەنجبەری، تەمەن ٢٩ ساڵ، دوو کۆڵبەری دیکەی خەڵکی شاری سەقز، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە هەمان سنوور بریندار بوون.
بەگوێرەی زانیاریی سەرچاوە ئاگادارەکان، ئەدیب ڕەنجبەر، کۆڵبەری خەڵکی ساری سەقز بە زیاتر لە ٣٠ ساچمە ئەژنۆ و لاقی پێکراوە و بەسەختی بریندار بووە.