
بەپێی دوایین ڕاپۆرتەکان، لە ساڵی ڕابردوودا ڕێژەی لە سێدارەدانی بەندکراوان لە ئێران بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە و ئەمەش بووەتە هۆی نیگەرانی سەبارەت بە مافەکانی مرۆڤ لە ئێران.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، ساڵی ڕابردوو لانیکەم دوو هەزار و ٤٨٨ بەندکراو لە زیندانەکانی ڕژیمدا لەسێدارە دراون کە لەوانە ٦٣ کەس ژن و ٢ کەسی دیکەش منداڵ بوون. هەروەها نزیکەی ٨٠ هەزار هاووڵاتی لە شارە جیاوازەکانی ئێران و کوردستان بە تۆمەتی سیاسی و ئەقیدەتی، لە لایەن هێزە ئەمنیەکانی ڕژیمەوە دەستبەسەر کراون کە هێشتا سەبارەت بە چارەنووسی کۆمەڵێکی زۆریان زانیارییەک لە بەردەستدا نییە. شایانی باسە کە هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنی ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانبار و هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر پێگە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی، بە شێوەیەکی بەرچاو ئاستی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ بەرز بووەتەوە و کۆمەڵێکی زۆر لە بنەماڵەی دەستبەسەرکراوان لە ژێر گوشاری هێزەئەمنیەکاندان.