
لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا، هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ناوچە جیاوازەکانی ئێران بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە و زیانی زۆری لێکەوتۆتەوە.
بەپێی دوایین زانیارییەکان، لە یەک ڕۆژدا دەیان هێرش لە چەندین پارێزگا تۆمار کراوە کە بە تێکڕا بووەتە هۆی کوژران و برینداربوونی سەدان کەس لە هێزەکانی ڕژیم و هاووڵاتیانی مەدەنی. لە هەمان کاتدا، هێرشەکان بۆ سەر دامەزراوەکانی نەوت و گاز لە باشووری ئێران بەردەوام بوون و ناوچەی عەسلویە بە چڕی بوردومان کراوە. هەروەها بۆ یەکەمجار باس لە هێرش بۆ سەر دەریای خەزەر کراوە کە بووەتە هۆی بەرکەوتنی زیانێکی زۆر بە هێزە دەریاییەکانی کۆماری ئیسلامی. لە لایەکی دیکەوە، لە دوروود لە ئەنجامی بۆردومانێکی توند ژمارەیەکی زۆر لە هێزەکانی ڕژیم کوژراون یان بریندار بوون، هەروەها هێرش بۆ سەر بنکەیەکی پۆلیس لە تێهرانسەر بووەتە هۆی وێرانکارییەکی بەرچاو. بەپێی ڕاپۆرتەکان، زیانە مرۆییەکان لە ماوەی ئەم شەڕەدا بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبوونەتەوە و ژمارەی قوربانیانی مەدەنی هێرشەکان هەزار کەسی تێپەڕاندووە.