ڕۆژی چوارشهممه ٢٢ی خاكهلێوه، دایکانی دادخواز لە ماڵی بنەماڵەی “حەمید ئاخ یەکێک لە چالاکانی مەدەنی شاری سنە كۆبوونهوه و ڕێزیان لە یادی ناوبراو و ئەو کەسانە گرت کە لە ڕێگای ئازادیدا گیانیان بهخت كردووه.
نهمر “حەمید ئاخ” و ئەندامانی بنەماڵەکەی لە سەردەمی شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادی”دا چالاك بوون و بەهۆی چالاکیەکانیانەوە، لەژێر گوشاری ناوهنده ئهمنیهتیهكان ناچاربوون وڵات بەجێ بێڵن و له ئاڵمان نیشتهجێ بن. ئەم چالاکە مەدەنییە، سەرەتای ساڵی ڕابردوو، بە هۆی بەشداری چالاکانەی لە ڕێوڕەسمی یادی شەهیدانی شۆڕش لە شارەکانی دێولان، سنە، سەقز و بۆكان و دوو ڕۆژ دوای دەستبەسەرکردنی بەکۆمەڵی نزیکەی ٣٠ کەس لە بنەماڵەی دادخوازان، بۆ پاراستنی ژیانیان لەگەڵ هاوسەرەکەی و دوو منداڵەکەی چوونە وڵاتی ئەڵمانیا و لەوێ گیانی لەدەست دا.