بەیاننامەی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بە بۆنەی ١٠ی ئۆکتۆبر، ڕۆژی جیهانی خەبات بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان

بەیاننامەی حیزبی کۆمۆنیستی

ئێران بە بۆنەی ١٠ی ئۆکتۆبر، ڕۆژی جیهانی خەبات

بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان

لە سەروبەندی ١٠ی ئۆکتۆبر، ڕۆژی جیهانی خەبات بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان، ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی، بە لەسێدارەدانی زیاتر لە هەزار کەس تەنیا لە نۆ مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٥دا و تۆمارکردنی ژمارەیەکی پێوانەیی، هەروا لە لوتکەی جەلادترین حکوومەتەکانی جیهاندایە. ئەم ئامارە هەژێنەرە ئاماژەیە بۆ بەکارهێنانی سیستماتیکی سزای لەسێدارەدان وەک ئامرازێک بۆ سەرکوت و چاوترسێن کردنی جەماوەر و پاراستنی دەسەڵاتی ڕەهای خۆی. دام و دەزگا تەبلیغاتییەکانی کۆماری ئیسلامی بە شێوەیەکی فریوکارانە سزای لەسێدارەدان وەک ئامرازێک بۆ کەمکردنەوەی تاوان و دابینکردنی ئەمنییەتی کۆمەڵایەتی و دادپەروەری پاساو دەکەن. بەڵام ئەزموونی هەموو کۆمەڵگا مرۆیی و ئامارە باوەڕپێکراوەکان، ڕاستییەکی تر نیشان دەدات: له هیچ کۆمەڵگەیەکدا ناتوانرێت له ڕێگه‌ی کوشتنی سیستماتیکی دەوڵەتییەوە ڕێژەی تاوان که‌م بکرێتەوه.

واقیعییەت ئەوەیە کە مرۆڤەکان لە بنەڕەتدا بکوژ و تاوانبار لەدایک نابن. لە شیکارییەکی کۆتاییدا، ئەوە بارودۆخی ماددی ژیانی کۆمەڵایەتییە کە تاکەکان بەرەو تاوانکاری دەبات. دەوڵەتەکان و چینە دەسەڵاتدارەکان ڕاستەوخۆ بەرپرسیارن لە ئاست سەپاندنی ئەو دۆخە ستەمکارانە بەسەر ژیانی زۆربەی هەرەزۆری جەماوەردا. لە ڕاستیدا ئەوانەی هەلومەرجێکی کۆمەڵایەتیی ئەوتۆ دەخوڵقێنن کە دەبێتە هۆی کردەوەی تاوانکاریی، خۆیان شایەنی سزان نەک قوربانیانی ئەم سیستەمە ناعادڵانە.

لەسێدارەدان لە کۆماری ئیسلامیدا هەر لە سەرەتای بەدەسەڵات گەیشتنی ئەم ڕێژیمەوە یەکێک بووە لە ئامرازە سەرەکییەکانی بەردەوام مانەوەی دەسەڵاتەکەی. ئەم تاوانانە بە لەسێدارەدانی بەرپرسانی ڕێژیمی شا دەستی پێکرد، بەڵام زۆر زوو پەرەی سەند و خەباتکاران و نەیارانی ڕێژیمی ئیسلامیشی گرتەوە: لە بەهاری ساڵی ١٣٥٨دا دەیان سیمای ناسراو کە لەلایەن ڕژێمی شاوە زیندانی کرابوون و لە ئاکامی ڕاپەڕینی جەماوەردا ئازاد کرابوون، سەرلەنوێ دەستبەسەر کرانەوە و بەشێکی زۆریان لە سێدارە دران. هەر لەو ساڵەدا شاهیدی لەسێدارەدانی خەباتکاران و ڕێبەرانی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی تورکمان سەحرا بووین. مانگی گەلاوێژی ساڵی ١٣٥٨ دوابەدوای فەرمانی جیهادی خومەینی دژ بە خەڵکی کوردستان، دەیان کەس لە ڕۆڵە قارەمانەکانی کورد لە پارێزگاکانی کرماشان، کوردستان و ئازەربایجانی ڕۆژئاوا لەلایەن خەڵخاڵی جینایەتکارەوە گوللەباران کران. لە کاتێکدا کە لەسێدارەدانی هەڵسووڕاوانی سیاسی بەندکراو تا ساڵی ١٣٦٧ بەبێ پسانەوە بەردەوام بوو، لەو ساڵەدا هەزاران زیندانی سیاسی لە نێوان مانگەکانی گەلاوێژ و خەرماناندا لەسێدارە دران و لە گۆڕە بێ ناونیشانەکاندا بە خاک سپێردران. دوابەدوای ئەوە جەلادەکانی کۆماری ئیسلامی هەرگیز شەپۆلی لەسێدارەدانی زیندانیانی سیاسی و زیندانیانی دادگا ئاساییەکانیان ڕانەگرت. لە سەردەمی ئاخێزی ژن، ژیان، ئازادیدا، نموونە گەلێکی تری لە دوژمنایەتیی لەئاشتی نەهاتووی خۆی بەرامبەر بە لاوانی خەباتگێڕ نیشاندا و هەر لە بەلوچستانەوە تا کوردستان دەیان لاوی دڵ پڕ لە هیوا و ئازادیخوازیان ڕادەستی تێغی جەلادەکان کرد. کۆماری ئیسلامی تاکە حکوومەتە لە جیهاندا کە منداڵان لە سێدارە دەدات، مرۆڤەکان بۆ ماوەی چەندین کاتژمێر لەبەرچاوی خەڵک هەڵدەواسێت و مرۆڤ کوشتنی کردۆتە بابەتێکی ئاسایی و بەردەوام. دەسەڵاتی قەزایی کۆماری ئیسلامی هێشتاش لەسەر سیاسەتی کۆنەپەرستانە و نامرۆڤانەی “چاو لەبەرامبەر چاو” و “کوشتن بەمەبەستی چاوترسێن کردنی خەڵک” پێداگری دەکات. لە سێدارەدان، ئەشکەنجە، کەمئەندامکردن و کوێرکردن لەم ڕێژیمەدا بۆتە دیاردەیەکی دامەزراوەیی و بە یاسایی کراوە.

لەم تاریکەسەلاتەدا بڵێسەی هیوا لە ناو زیندانەکانەوە سەرهەڵدەدات. سەدان بەندکراوی بوێر لە زیاتر لە ٥٠ زیندان لە سەرانسەری ئێراندا کەمپەینی “سێشەممەکانی نا بۆ لە سێدارەدان”یان دەستپێکردووە کە ئێستا پێی ناوەتە دووەمین ساڵی خۆیەوە. ئەم زیندانییە سیاسیانە کە خۆیان بەردەوام مەترسی ئەشکەنجە و ئێعدامیان لەسەرە، ڕۆژانی سێشەممەی هەموو هەفتەیەک مان لە خواردن دەگرن. ئامانجی ئەم کەمپەینە بریتییە لە ناڕەزایەتی دەربڕین و دژایەتیکردن لەگەڵ سزای لەسێدارەدان وەک سزایەکی نامرۆڤانە و لە قەرەبوو نەهاتوو، بەبێ لەبەرچاوگرتنی جۆری تۆمەت یان پاڵنەر و بیروباوەڕی سزادراوان، ناوبانگی بوێری و شێلگیربوونی ئەم خەباتگێڕانە لە ئاستی جیهاندا دەنگیداوەتەوە بووەتە ئیلهامبەخش بۆ بزووتنەوەی “نا بۆ لەسێدارەدان” لە سەرانسەری ئێران و جیهان.

ژیان مافی سروشتی هەر مرۆڤێکە. لە سێدارەدان واتە زەوتکردنی مافی ژیان لە مرۆڤ و هیچ کەسێک مافی ئەوەی نییە لەژێر هەر بیانوویەکدا ئەم مافە سروشتییە لە مرۆڤێکی تر زەوت بکات. سزای لەسێدارەدان نەک هەر دەرفەتی بەخۆدا چوونەوە و قەرەبووکردنەوەی هەڵەکان لە کەسەکان دەستێنێتەوە، بەڵکوو کۆمەڵگاکان لە گرتنەبەری ڕێکاری ئینسانیی و کاریگەر بۆ چارەسەرکردنی کێشە کۆمەڵایەتی و یاساییەکان بێبەش دەکات. لە زۆربەی وڵاتەکانی جیهان گەیشتوونەتە ئەو دەرەنجامەی کە سزای لەسێدارەدان نەک هەر ڕێگری لە تاوان ناکات، بەڵکوو لە زۆر حاڵەتدا نادادپەروەریی لە قەرەبوو نەهاتووی لێدەکەوێتەوە. کاتێک سەرچاوەکانی تاوان دەگەڕێتەوە بۆ نایەکسانی کۆمەڵایەتی و ئابووریی، لەسێدارەدانی قوربانیانی ئەم سیستەمە نادادپەروەرە، خۆی گەورەترین نادادپەروەرییە. زیاتر لە ١٧٠ ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان سزای لەسێدارەدانیان هەڵوەشاندۆتەوە. پەیماننامەی نێودەوڵەتی مافە مەدەنی و سیاسییەکانی ساڵی (١٩٦٦) لەسەر هەڵوەشاندنەوە یان سنووردارکردنی توندی سزای لەسێدارەدان جەخت دەکاتەوە. زۆربەی دەوڵەتەکانی جیهان وەک سزایەکی نامرۆڤانە و ئامرازێک بۆ ئەستاندنی گیانی مرۆڤ، بە تەواوی وازیان لەم سزایە هێناوە. بەڵام سەرەڕای هەموو ئەمانە، شەریعەتی ئیسلامی و حکوومەتە ئیسلامییەکان هەروا وەک سەرسەختترین بەرگریکارانی سزای لەسێدارەدان ماونەتەوە و کۆماری ئیسلامی ئێران لە سەرووی ئەم لیستە شەرمەزارەدایە.

ئێستا خواستی خەبات لەدژی سزای لەسێدارەدان بووەتە داواکارییەکی کۆمەڵایەتی بەربڵاو. ئەم “نا” گەورەیە لەدژی کوشتنی بە ئەنقەستی دەوڵەتیی، کەمپینێکی بەربڵاوە کە هەر لە زیندانەکانەوە بگرە تا شەقامەکانی ئێران و دەرەوەی وڵات بەردەوامە. ئازادی دەستبەجێی زیندانیانی سیاسی و هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان لە ئێران، پێویستی بە خەباتێکی ئامانجدار و یەکگرتووانە هەیە:
بزووتنەوەی کرێکاریی: بە هێزی ڕێکخراوی خۆی، بزووتنەوەی ژنان: بە پێشەنگایەتی خەبات لەپێناو ئازادی، بزووتنەوەی خوێندکاریی: بە وزە و وشیاری خۆی، ڕێکخراوەکانی خانەنشینان، پارێزەران، پزیشکان، هونەرمەندان و نووسەران: بە ئەزموون و جێگە و پێگەی کۆمەڵایەتی خۆیان، دەتوانن لە بزووتنەوەیەکی سەرتاسەرییدا، نەک تەنها بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان، بەڵکوو بۆ ڕوخاندن و لەگۆڕنانی تەواوەتی کۆماری ئیسلامی و دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی ئازاد، یەکسان و دادپەروەرانە، بەبێ زیندان و ئەشکەنجە، ئێعدام و تیرۆر، سانسۆر و سەرکوت، خۆیان ڕێکبخەن.

سزای لەسێدارەدان کوشتنی بە ئەنقەستی دەوڵەتییە. پێویستە لە بەرامبەر ئەم سزا دڕندانەیەدا لێبڕاوانە بەرگری لە مافی ژیانی مرۆڤ بکرێت. هەڵوێست وەرگرتنی ڕاشکاوانە و بێ شەرت و مەرج بەرامبەر بە سزای لەسێدارەدان لە هەر هەلومەرجێکدا، نەک هەر ئەرکێکی ئینسانییە، بەڵکوو بەشێکە لە خەباتێکی گەورەتر لەپێناو دادپەروەری کۆمەڵایەتی و دەستەبەرکردنی ئازادیدا. ڕۆژی ١٠ی ئۆکتۆبەر کە ئەمساڵ بەرامبەرە لەگەڵ ١٨ی ڕەزبەر، دەرفەتێکە بۆ وەبیرهێنانەوەی ئەم ڕاستییە سادە، بەڵام بنەڕەتییە: کە ژیان مافێکی بێ ئەملاو ئەولای هەر مرۆڤێکە و هیچ دەوڵەت و یاسا و ئیدئۆلۆژییەک بۆی نییە ئەم مافە لە مرۆڤەکان زەوت بکات.

کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

١٥ی ڕەزبەری ١٤٠٤
٧ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٥

0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە

ڕووداوە گرنگەکان

پەیام نێت

گەلەری

هاوڕێمان بن! ​

پەیوەندی

  Copyright © 2023, All Rights Reserved Payaam.net