رێکخراوی هاوپشتی مافی مرۆڤ له ئێران، بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک سەرەڕای پشتیوانی لە هەڵمەتی “سێشەممەکانی نا بۆ سێدارە“، سەپاندنی حوکمی سێدارە بە سەر “پەخشان عەزیزی“، “وریشە مورادی” و هەروەها ٥٢ بەندکراوی دیکەی بە توندی شەرمەزار کرد.
لە بەیاننامەکەدا جەخت لە سەر ئەوە کراوەتەوە کە کۆماری ئیسلامی سێدارە وەکوو ئامرازێک بۆ سەرکوتی ناڕازیان بە کار دێنێت و هەروها تیشکی خستووەتە سەر سەرکوت و لە سێدارەدانی بەندکراوان و ناڕازیان لە چەند دەیە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا. ئەم ڕێکخراوە داوای لە ناوەندەکانی مافی مرۆڤ و یەکیەتی ئۆروپا کردووە لە ڕێگای گوشاری دیپلۆماتیکەوە ڕێگە لە سێدارەدانی بەندکراوان بگرن و حوکمی سێدارە لە ئێران هەڵبوەشێننەوە. شایانی باسە ژمارەیەکی زۆر لە بەندکراوان لە ٣٥ بەندیخانەی ئێراندا دژ بە حوکمی سێدارە مانیان لە خواردن گرتووە و بەشداریان لە هەڵمەتی “سێشەممەکانی نا بۆ سێدارە“دا کردووە.