ڕۆژی سێشه‌ممه ٨ی ڕه‌شه‌ممه، لاوانی شۆڕشگێڕی جوانڕۆ له به‌یاننامه‌یه‌كدا داویان له خه‌ڵكی كوردستان و ئێران كرد به هیچ شێوه‌یه‌ك له هه‌ڵبژاردنه‌كانی كۆماری خوێنڕێژی ئیسلامی‌دا به‌شداری نه‌كه‌ن و وه‌فادار به خوێنی گیانبه‌ختكردووانی ڕێگای ئازادی و به‌رابه‌ری بن.
له به‌شێكی ئه‌و به‌یاننامه‌یه‌دا هاتووه، کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، ئازادیخوازان، شۆڕشگێڕان و خەڵکی بەشەرەفی قەڵای شەهیدان، بە ڕەچاوکردنی 45 ساڵ چەوسانەوە و کوشتن و لە سێدارەدان لەلایەن ڕێژیمی دژە مرۆڤی ئاخووندی، دیسان دیکتاتۆر دەیەوێت له ڕێگه‌ی شانۆی هەڵبژاردنه‌وه دەڵاڵانی مەرگ و نەمانی ئێمە بە هاویشتنی پەنجە لە خوێنی گیانبه‌ختكردووان هەڵبژێرێ. ئێمە لاوانی شۆڕشگێڕ وێڕای پێ‌زانین و وەفا بۆ ڕێبازی گیانبه‌ختكردووان و سوور بوون لەسەر بەردەوامی شۆڕش بۆ ڕووخاندنی ئەو ڕژیمە جه‌نایه‌تكاره، لە خەڵکی جوانڕۆ داواکارین كه خۆیان به به‌رپرسیار بزانن و به مانه‌وه له ماڵه‌وه و نه‌چوون بۆ سه‌ر سندووقه‌كانی ده‌نگدان، به‌ڵێن له‌گه‌ڵ ئاوات و ئامانجی هه‌موو گیانبه‌ختكردووانی ڕێگای ئازادی و به‌رابه‌ریدا نوێ بكه‌نه‌وه. ڕژیم به هێنانی هه‌موو به‌كرێگیراو و سیخووڕه‌كانی ده‌یه‌وێت دوو جه‌نایه‌تكار كه ده‌ستیان له ڕژاندنی خوێنی ١٣ كه‌س له ساڵی ٧٥ و ٣٢ كه‌س له ساڵی ٩٨دا بووه، گاڵته به خواست و مافی ڕه‌وای خه‌ڵكی ئه‌و شاره بكات، بۆیه هه‌ر كه‌سێك له‌و شانۆگه‌رییه به‌شداری بكات، ڕاسته‌وخۆ په‌نجه‌ی له خوێنی گیانبهختكردوواندا خستووه.