بەیاننامەی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە سەبارەت بە هەوڵەکان بۆ پەلکێشکردنی کوردستان بۆ نێو شەڕی زەمینیی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ کۆماری ئیسلامی

بەیاننامەی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە سەبارەت بە

هەوڵەکان بۆ پەلکێشکردنی کوردستان بۆ نێو شەڕی زەمینیی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ کۆماری ئیسلامی

ئەو شەڕەی ئەمڕۆ لە نێوان کۆماری ئیسلامی لە لایەک و ئەمریکا و ئیسرائیل لە لایەکی ترەوە لە ئارادایە، ڕۆژ بە ڕۆژ ڕەهەندی بەربڵاوتر بەخۆوە دەگرێت و ئاستی وێرانییەکانی بەربڵاوتر دەبێت. هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ تێکشکاندنی ناوەند و بنکە سەربازی، ئەمنی و حکومەتییەکانی کۆماری ئیسلامی بە توندی بەردەوامە. بەشێکی گرنگی ئەم هێرشانە لە شار و ناوچە جۆراوجۆرەکانی کوردستان ئەنجام دراون: شارەکانی سەردەشت، بانە، مەریوان، سنە، پاوە، بۆکان، مەهاباد و شار و ناوچەکانی تری کوردستان چەندین جار کراونەتە ئامانجی ئەم هێرشانە. لە بەرانبەر ئەم دۆخەدا، ڕژێمی کۆماری ئیسلامی بۆ پاراستنی هێزەکانی خۆی پەنای بردووەتە بەر یەکێک لە ناسراوترین و دژە مرۆییترین شێوازەکان، کە بریتییە لە نیشتەجێکردنی هێزە سەربازی و ئەمنییەکان لە نێو خەڵکدا. هێزەکانی سپای پاسداران و ئۆرگانە سەرکوتگەرەکانی تر لە قوتابخانە، مزگەوت و شوێنە گشتییەکانی دیکەدا جێگیر کراون تا بەکردەوە خەڵک وەک قەڵغانی مرۆیی بەکار بهێنن. ئەم دۆخە نیشانی دەدات کە لەم شەڕەدا، گیان و ژیانی خەڵک بۆ هیچکام لە لایەنەکانی شەڕەکە گرنگ نییە. کۆماری ئیسلامی بۆ مانەوەی خۆی خەڵک دەکاتە قەڵغانی مرۆیی و لە لایەکی تریشەوە دەوڵەتەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بەدوای ئامانجە سەربازی و سیاسییەکانی خۆیاندا دەگەڕێن بەبێ ئەوەی چارەنووسی خەڵکیان بۆ گرنگ بێت.

لە ئاوا بارودۆخێکدا، دەنگ و باسێکی کە ئەم ڕۆژانە لە میدیاکان و ناوەندە سیاسییەکاندا دێتە گۆڕێ، نیگەرانییەکی جددی و واقیعی بۆ خەڵکی کوردستان و هێزە ئازادیخوازەکان دروست کردووە. ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە ئەمریکا و ئیسرائیل لە بەرنامەیاندایە هێزی چەکداری هەندێک لە حیزبە کوردستانییەکان وەک هێزی زەمینی لە شەڕی دژی کۆماری ئیسلامی بەکار بهێنن. بە وتەی بەرپرسانی ئەمریکا و ئیسرائیل و هەروەها هەندێک سەرچاوەی سیاسی، گەڵاڵەیەک لەژێر لێکۆڵینەوەدایە کە لەسەر بنەمای ئەو، هێزی چەکداری حیزبە کوردییەکان بتوانن لە خاکی هەرێمی کوردستانەوە بچنە ناو ناوچە کوردنشینەکانی ئێران و کۆنترۆڵی بەشێک لەو ناوچانە بگرنە دەست.

دەوترێت کە ئەم گەڵاڵەیە سەرەتا لەلایەن دەوڵەتی ئیسرائیل و مۆسادەوە پێشنیار کراوە و دواتر ئاژانسی زانیاریی ناوەندیی ئەمریکا (سی ئای ئەی)یش پێوەی پەیوەست بووە. تەنانەت هەندێک ڕاپۆرت سەبارەت بە پەیوەندی و گفتوگۆی نێوان بەرپرسانی ئەمریکایی و هەندێک لە ڕێبەرانی ناو هاوپەیمانی حیزبە کوردستانییەکان بڵاو کراونەتەوە. بڕیارە لە چوارچێوەی ئەم گەڵاڵەیەدا، هێزە چەکدارەکانی ئەم حیزبانە وەک هێزی زەمینی بۆ بەرەوپێشبردنی ئامانجە سەربازی و سیاسییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بەکار بهێنرێن. دەرئەنجامەکانی سیاسەتێکی لەو شێوەیە بۆ خەڵکی کوردستان زۆر ڕوون و لە هەمان کاتدا زۆر مەترسیدارە. چوونی هێزی چەکداری ئەم حیزبانە بۆ ناو شارەکانی کوردستان، لە کاتێکدا کە ڕژێمی تاران هێشتا لەسەر دەسەڵاتە، بەکردەوە بەواتای کردنی کوردستان بە ناوەندی سەرەکیی شەڕە. لەو حاڵەتەدا، شار و گوندەکانی کوردستان دەبنە گۆڕەپانی ڕاستەوخۆی شەڕی نێوان کۆماری ئیسلامی و ئەو هێزانەی لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە پاڵپشتیی دەکرێن، و یەکەم قوربانییەکانیشی بریتی دەبن لە خەڵکی بێدەفاع.

ئەزموونە مێژووییەکانیش بە ڕوونی نیشانی دەدەن کە پشت بەستن بە سیاسەت و بەڵێنی زلهێزەکان چ دەرئەنجامێکی تاڵی لێدەکەوێتەوە. لە ساڵەکانی ۱۹۹۰ و ۱۹۹۱دا، دوای شەڕی کەنداو کاتێک خەڵکی کوردستان بە ڕاپەڕینی خۆیان هەرێمی کوردستانیان ئازاد کرد، سەرەڕای ئەو بەڵێنانەی کە دەوڵەتی ئەمریکا بە حیزبە ئۆپۆزسیۆنە کوردەکانی دابوو، کاتێک سپای سەدام هێرشە بەربڵاوەکانی دەست پێکرد، ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بەکردەوە خەڵکی کوردیان تەنیا هێشتەوە. ئاکامەکەی بریتی بوو لەوەی کە سەدان هەزار کەس لە خەڵکی کوردستانی عێراق ناچار بوون ماڵ و حاڵی خۆیان جێبهێڵن و ئاوارەی شاخ و کێوەکان بن و زۆرێک لە منداڵان و بەساڵاچووان گیانیان لەدەست دا. لەم ساڵانەی دواییشدا ئەزموونی بزووتنەوەی خەڵکی کورد لە سووریا نموونەیەکی بەرچاوی تری هەمان ئەو ڕاستییەیە. هێزە کوردییەکان لە سووریا چەندین جار لەگەڵ مەترسی بەتەنیا جێهێشتن لەلایەن هاوپەیمانە نێودەوڵەتییەکانیان بەرەوڕوو بوونەتەوە و هەر جارە و بە گۆڕانی هاوکێشە سیاسی و سەربازییەکان، سیاسەتی زلهێزە جیهانییەکانیش گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە. ئەمانە تەنیا دوو نموونە بوون، بەڵام بەداخەوە مێژووی خەڵکی کورد پڕە لە ئەزموونی تاڵی لەو شێوەیە. ئەم ئەزموونانە بۆ خەڵکی کوردستان هەڵگری وانەیەکی ڕوونن: سیاسەتی زلهێزەکان نەک لەسەر بنەمای پابەندیی ئەخلاقی، بەڵکوو لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی کاتیی و سات و سەودای شاراوە دادەڕێژرێت.

سەرباری هەموو ئەمانە، نابێ لە لێکەوتە ناوچەییەکانی سیناریۆیەکی لەو چەشنە غافڵ بین. لە ئەگەری پەرەسەندنی تێکهەڵچوونەکان و بەشداریی هێزی چەکداری حیزبە کوردستانییەکان لە شەڕدا، هەرێمی کوردستانی عێراقیش دەکەوێتە بەر مەترسییەکی جددی. کۆماری ئیسلامی و گرووپە میلیشیاکانی سەر بەو ڕژێمە لە عێراق چەندین جار نیشانیان داوە کە بەمەبەستی گوشار خستنە سەر خەڵکی هەرێمی کوردستان، ئامادەن دەست بۆ هەر کارێک بەرن. لە هەمان کاتدا ڕۆڵی دەوڵەتی تورکیاش لەم هاوکێشانەدا نابێ پشتگوێ بخرێت. دەوڵەتی تورکیا هەمیشە پرسی کوردی لە گۆشەنیگای ئاسایشی ناوخۆی خۆیەوە چاولێکردووە و لە هیچ دەرفەتێک بۆ سنووردارکردن و شکستهێنان بە بزووتنەوەکانی خەڵکی کورد لە ناوچەکەدا درێغ ناکات. گۆڕانکارییەکانی ئێستا دەتوانێت دەرفەتێک بۆ دەوڵەتی تورکیاش بڕەخسێنێت تا بە دەستێوەردانی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، لە کاتێکی هەستیاردا گورزی خۆی لە بزووتنەوەی ڕەوای خەڵکی کوردستان بوەشێنێت.

لەمڕووەوە، بوونی کوردستانی ئێران بە گۆڕەپانی شەڕی بەوەکالەتی هێزە جیهانی و ناوچەییەکان، نەک هەر کۆمەک ناکات بە ئازادیی خەڵک، بەڵکوو دەتوانێت کارەساتێکی گەورە بۆ خەڵکی ئەم ناوچەیە و بۆ تەواوی بزووتنەوە ئازادیخوازەکانی ئێران بەدوای خۆیدا بهێنێت.

هەڵوێستی کۆمەڵە لەم ناوەدا ڕوون و ڕاشکاوە. کۆمەڵە هێزێکی شۆڕشگێڕ و ڕیشەدارە لە نێو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستاندا کە دەیان ساڵە لە سەنگەری پێشەوەی خەبات لەدژی کۆماری ئیسلامیدا بووە. ئەم خەباتە ڕاستەقینە، پڕ تێچوو و بەردەوام بووە و هەزاران مرۆڤی ئازادیخواز لەم ڕێگەیەدا گیانیان بەخشیوە. بەڵام هەر ئەم پێشینە و مێژووە خەباتگێڕانە، وانەیەکی گرنگی بە ئێمە داوە: ئازادی، یەکسانی و ڕزگاری لە ستەمی نەتەوایەتی و هەر دەستکەوتێکی جێگیری تر، تەنیا بە پشت بەستن بە هێزی خودی جەماوەر بەدەست دێت. کۆمەڵە سەرەڕای خەباتی شێلگیرانە و بێ پسانەوە لەدژی کۆماری ئیسلامی، ناچێتە نێو هیچ هاوپەیمانێتی یان پڕۆژەیەک کە لە ئاراستەی سیاسەتەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلدا بێت. ئێمە نە بەشێکین لە پڕۆژەی سەربازی زلهێزەکان و نە ڕێگەش دەدەین خەباتی ڕەوای خەڵکی کوردستان ببێتە ئامرازی کایە ژیۆپۆلیتیکییەکان. ئێمە لەپێناو ئازادی، یەکسانی و مافی دیاریکردنی چارەنووسی خەڵکدا خەبات دەکەین، نەک بۆ بەرەوپێشبردنی ئامانجی ئەو دەوڵەتانەی کە خۆیان لە سەرانسەری جیهان تێوەگلاوی شەڕ و داگیرکاری و سیاسەتی پاوانخوازین.

لە ڕوانگەی کۆمەڵەوە، چارەنووسی خەڵکی کوردستان و خەڵکی ئێران دەبێ بە دەستی خۆیان دیاری بکرێت. هاوپەیمانە ڕاستەقینەکانی ئێمە بریتین له کرێکاران، ژنان، گەنجان، موعەلیمان، نەتەوە بندەستەکان و سەرجەم هێزە ئازادیخوازەکان لە سەرانسەری ئێران، نەک ئەو دەوڵەتانەی کە هەر ڕۆژە و سیاسەتی خۆیان دەگۆڕن و دوێنێ و ئەمڕۆ بەلایانەوە جیاوازییەکی نییە. ئەوەی ئەمڕۆ لە هەموو کاتێک گرنگی زیاتری هەیە، بریتییە لە پاراستنی سەربەخۆیی سیاسیی بزووتنەوەی کوردستان و ڕێگریکردن لە بوونی ئەم بزووتنەوەیە بە ئامرازی سیاسەتەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل. ئەزموونی مێژوو نیشانی داوە هەر کاتێک بزووتنەوە جەماوەرییەکان سەربەخۆیی خۆیان لەدەست دابێت، سەرەنجامەکەی جگە لە شکست، سەرکوت و کارەسات بۆ خەڵک، هیچی تر نەبووە.

کۆمەڵە لە تەنیشت خەڵکی کوردستان و سەرجەم خەڵکی ئازادیخوازی ئێران ڕاوەستاوە. ئێمە لەدژی کۆماری ئیسلامی خەباتمان کردووە و لەم خەباتەش بەردەوام دەبین. بەڵام ئەم خەباتە لە چوارچێوەی سیاسەتێکی سەربەخۆ و بە پشت بەستن بە هێزی خودی کۆمەڵگە بەرەوپێش دەبەین، نەک لە چوارچێوەی پڕۆژەی ئەو هێزانەی کە چارەنووسی نەتەوەکان وەک مۆرەی یارییە جیهانییەکانی خۆیان دەبینن.

کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە

(ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران)

شازدەی ڕەشەممەی ١٤٠٤

0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە

ڕووداوە گرنگەکان

پەیام نێت

گەلەری

هاوڕێمان بن! ​

پەیوەندی

  Copyright © 2023, All Rights Reserved Payaam.net