لە سەروبەندی ساڵڕۆژی گەورەترین ڕووداوی ٤٧ ساڵەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران، واتە ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ژن، ژیان، ئازادیداین. ڕێکەوتی ٢٣ی خەرمانانی ساڵی ١٤٠٢، ژینا ئەمینی، کیژێکی کوردی تەمەن ٢٢ ساڵی خەڵکی سەقز، دوای دەستبەسەرکرانی لە لایەن گەشتی ئیرشاد لە تاران، بە بیانووی ڕەچاونەکردنی “حیجابی شیاو” کەوتە بەر ئەزییەت و ئازار و ئەشکەنجە. ژینای لاو، ڕۆژی ٢٥ی خەرمانان لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری تاران گیانی لەدەستدا. ڕۆژی ٢٦ی خەرمانان، بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی ژینا لە گۆڕستانی ئایچی شاری سەقز بە بەشداری دەیان هەزار کەس لە خەڵکی کوردستان، بە دروشمی ژن، ژیان، ئازادیی، چەخماخەی ئاخێزێکی لێدا کە زۆر زوو سەرتاسەری ئێرانی گرتەوە و لە ئاستی جیهاندا دەنگی دایەوە. بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، ڕووداوێکی کتوپڕ و ئیستاتیک نەبوو، بەڵکوو لە هەناوی دەیان ساڵ خەبات و خۆڕاگریی لە دژی کۆنترۆڵکردنی جەستە و ژیانی کۆمەڵایەتی ژنان سەریهەڵدا و بە خێرایی لە داواکاریی ئازادی پۆشینی جلوبەرگەوە بوو بە پەیوەندییەکی ئۆرگانیک لە نێوان ئازادییە مەدەنییەکان و دادپەروەری کۆمەڵایەتیدا. لە کوردستان کە کوانووی سەرهەڵدانی ئەو ئاخێزە شۆڕشگێڕانە بوو، بە خێرایی پەرەی سەند و ڕەهەندێکی جەماوەریی بێ وێنەی بەخۆیەوە گرت.
بۆ ماوەی سێ مانگ شەقامی ١٥٠ شاری ئێران بوو بە گۆڕەپانی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ژن و پیاو و گەنجە پڕ جۆش و خرۆشانەی کە ویست و ئاواتە سەرکوتکراوەکانی خۆیان لە دروشمی ژن، ژیان، ئازادیدا بەدی دەکرد، لەگەڵ هێزە سەرکوتگەرەکانی کۆماری ئیسلامی. پانتایی و ئاستی خەبات و خۆڕاگریی ژنان و پیاوانی ئازادیخواز، ڕژیمی ئایدیۆلۆژی ئیسلامیی تووشی داماویی و سەرلێشێواوی کرد و دام و دەزگای سەرکوتی خۆی بە هەموو هێزەوە و زۆر بێبەزەییانە لە دژی خۆپیشاندانی هێمنانە و مەدەنیانەی لاوانی ناڕازیی هێنایە مەیدان. لە بەرامبەردا خۆڕاگریی و فیداکارییەکەی کەم وێنە دروست بوو. سەدان کەس گیانیان لە پێناو دۆزی ڕزگاریخوازانەی خۆیاندا بەخت کرد و هەزاران کەس زیندانی کران و دەیان کەس لەسێدارەدران و چەند هەزار کەسیش بریندار بوون. سەرەنجام ئەم ئاخێزە لە شێوازی هاتنەسەر شەقامەکان، کە یەکێک بوو لە بەردەوامترین ئاخێزە جەماوەرییەکان لە ماوەی ٤٦ ساڵی ڕابردوودا، دامرکایەوە. بەڵام بە گرتنەبەری داهێنان و تاکتیکی نوێ، لە دەیان بوار و مەیدانی دیکەی ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسیدا، هەروا بەردەوام بوو. ئەم بزووتنەوەیە لە بواری مافی ژناندا خوازیاری ئازادی پۆشینی جلوبەرگ و یەکسانی جێندەری و مافی بڕیاردان لەسەر جەستەی خۆی بوو. لە بواری ئازادییە کۆمەڵایەتییەکاندا، خوازیاری مافی کۆڕ و کۆبوونەوە و ڕادەربڕین و ئازادی سیاسی و چالاکییە کولتوورییەکان بوو بەبێ هیچ بەربەست و سنووردارکردنێک. لە بواری دادپەروەری کۆمەڵایەتیدا خوازیاری کۆتایی هێنان بە نایەکسانییە کۆمەڵایەتییەکان، خۆشگوزەرانی ئابووری و ژیانێکی باشتر و هەروەها کۆتایی هێنان بە هەڵاواردن و گەندەڵی بوو. هەموو ئەم داواکاریانە لە دروشمی جوانی ژن، ژیان، ئازادیدا بەرجەستە ببوونەوە.
یەکەمین ساڵڕۆژی شۆڕشی ژینا، دەرکەوتنی هێزی جەماوەر بوو لە ڕوخساری پەشۆکاوی ڕژیمدا. کۆماری ئیسلامی هەموو هێزی سەرکوتگەرانەی خۆی بەکار هێنا بەمەبەستی پێشگرتن لە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی یادکردنەوە لە ساڵیادی شۆڕشی ژینا. ڕێوشوێنەکانی ڕێژیم بۆ پێشگرتن لە ئامادەبوونی خەڵک لەسەر گڵکۆی گیانبەختکردوان گەلێک بەربڵاو و بێ وێنە بوو. ئەوەی کە لە یەکەمین ساڵیادی شۆڕشی ژینادا شاهیدی بووین، لە ڕاستیدا بریتی بوو لە زاڵکردنی حاڵەتێکی ئاوارتە یان حکوومەت نیزامییەکی بە تەواو مانا لە سەرانسەری ئێران. بەرفراوانترینی ئەم ڕێوشوێنانە لە شاری سەقز، زێدی ژینا گیرایەبەر. ٢٤ کاتژمێر پێشتر، هەموو ڕێگاکانی چوون بۆ گۆڕستانی “ئایچی”یان داخست، هەروەها تانک و زرێپۆشیان لەسەر گڵکۆی “ژینا” جێگیر کرد. دەربیجەکانی بەنداوی چراغوەیسی سەقزیان کردەوە بۆ ئەوەی ڕێگا لاوەکییەکانی چوون بۆ گۆڕستانی ئایچی دابخەن. ئەمجارە جەماوەر هێزی لەبن نەهاتووی خۆیان لە ڕووخساری پەشۆکاوی ڕژیمدا بینی. ئەزمونی شۆڕشی ژینا نیشانی دا کە درێژەدان بەم خەباتە لە هەمان کاتدا خۆ پاراستن لە دانی قوربانیی زیاتر، گرنگییەکی تایبەتی هەیە. لە ڕاستیدا ئێمە نەبەردێکی هەنگاو بە هەنگاو و ئامانجدارمان لە پێشە. نەبەردێکی کە چین و توێژە کرێکارییەکان و جەماوەری بێبەشی پەراوێزی شارەکان، هاوڕێ لەگەڵ خوێندکاران و ژنانی یەکسانیخواز، ڕۆڵی یەکلاکەرەوەی تێدا دەبینن.
بەڵام بەم حاڵەشەوە هێشتا قۆناغ گەلێکی دیکەمان لە پێشە تا گەیشتن بە سەرکەوتنی کۆتایی، کە دەبێت بە وردبینی سیاسی و بە هەمان ئیرادە و ورەی خەباتکارانەی هەتا ئێستامانەوە، خۆمان بۆ تێپەڕاندنی ئامادە بکەین. گرتنەبەری تاکتیکی گونجاو بە ئاراستەی ستراتێژێکی ڕوون، مەرجێکی پێویستە بۆ سەرکەوتنمان. مانگرتنی گشتی، وەک یەکێک لەو تاکتیکانە، کاریگەری خۆی لە دژی کۆماری ئیسلامی لە بابەت زەمینگیر کردن و پاسیڤ کردنی هێزەکانی سەرکوت، سەلماندووە. خەڵکی کوردستان بە گرتنەبەری ئەو تاکتیکە خەباتکارانە، چەندین جار کۆماری ئیسلامییان ناچار به پاشەکشە کردووە و هێزە سەرکوتگەرەکانیان لە ئاست ئیرادەی یەکگرتووی خۆیاندا، بەچۆکدا هێناوە.
بەرپرسانی ڕێژیم لە کاتێکدا کە لە ژێر گوشاری قەیرانە جۆراوجۆر و لێک هەڵپێکراوەکاندا، تا دێت لاوازتر دەبن و بێتواناییان لە بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا قووڵتر و ئاشکراتر دەبێت، لە هەموو کاتێک زیاتر ترس لە ئەگەری سەرهەڵدانی هەر بزووتنەوەیەکی ناڕەزایەتی تووشی سەرلێشێواوییان دەکات. بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی ڕێزگرتن لە یادی گیانبهختكردوان لەلایەن بنەماڵەکان و هاووڵاتیانی ئازادیخواز و بوێرەوە، یەکێکە لەو مەیدانە ناڕەزایەتیانەی کە بەرپرسان و کاربەدەستانی ڕێژیم گەلێک نیگەرانن لە پەرەسەندنی. هەر بەم هۆیەوە
بەردەوام و بە تایبەتی لە سەروبەندی ساڵیادی گیانبەختکردواندا، هەموو هێزی سەرکوتگەری خۆیان بەکار هێناوە و بەکاری دەهێنن بۆ ئەوەی پێش بگرن لە بەڕێوەچوونی هەر چەشنە ڕێوڕەسمێکی کە دەبێتە هۆی یەکگرتوویی جەماوەر، بەڵام بەردەوام شکستیان هێناوە. بنەماڵەی گیانبەختکردوان و دایکانی داغدار، تێچووی سەرکوتیان بەرزکردۆتەوە و یادەوەری بزووتنەوەکەیان بە زیندووی ڕاگرتووە. ڕێوڕەسمی یادکردنەوەی گیانبەختکردوان نەک هەر بووەتە فەرهەنگێکی ناڕەزایەتی، بەڵکوو بووەتە هەوێنی دروستبوونی پەیوەندییەکی قووڵتر لە نێوان بنەماڵەی گیانبەختکردوان و کۆمەڵگادا. بەڕێوەچوونی ئەو ڕێوڕەسمانانە گوزارشتە لە خەبات و تێکۆشانی بەردەوام لە پێناو ئازادی و دەربڕینی ناڕەزایەتی لە دژی ستەمکاران. سەرەڕای سەرکوتگەرییەکانی ڕێژیم، ئەم ڕێوڕەسمانانە بوونەتە شوێنێک بۆ کۆبوونەوە، هاوپشتی و یەکگرتوویی لەناو جەماوەردا و بەمجۆرە هێزی ئیرادەی گشتی زیاتر نیشان دەدات. هاوپشتی نێوان بزووتنەوە جۆراوجۆرە کۆمەڵایەتییەکان لەم ڕەوتەدا زۆر گرنگە. ئەزموونی ناڕەزایەتییەکانی ڕابردوو، دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ بەهێزکردنی هەنگاوەکانی داهاتوو و بەرزکردنەوەی هێز و توانای کۆمەڵانی خەڵک. ئەم بزووتنەوەیە توانیویەتی هاوپەیمانییەکی پراکتیکی لە نێوان ئازادییخوازیی مەدەنی و عەداڵەتخوازیی چینایەتیدا دروست بکات. کرێکاران، پەراوێزنشینان، خوێندکاران و ژنان، لە زمانێکی هاوبەش نزیک بوونەتەوە.
ئەگەرچی ناڕەزایەتییە ئاشکراکان دامرکاوەتەوە، بەڵام پاڵنەرە بنەڕەتییەکانی هەروا بەردەوامن و دەستکەوتەکانی ئاخێزی ژن، ژیان، ئازادی، هەموویان بەرجەستە و دیارن: ئەم بزووتنەوەیە ئاستی وشیاریی سەبارەت بە مافە مرۆیی و کۆمەڵایەتییەکانی ژنانی، لە نێو چین و توێژە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگادا بەرزکردەوە. وەک شۆڕشێکی فەرهەنگیی ڕاستەقینە، زۆرێک لە تابۆکانی ناو بنەماڵە و کۆمەڵگای تێکشکاند. هاوپشتی نەتەوەکانی نیشتەجێی ئێرانی لە بەرامبەر سیاسەتی هەڵاواردن و دووبەرەکی نانەوەی ڕێژیمی ئیسلامی و ئۆپۆزسیۆنی بۆرژوازی ڕێژیم بەهێزتر کرد. کەشی ناڕەزایەتی کۆمەڵگای ئێرانی زیاتر سیاسی کردەوە و کۆمەڵگای ئێرانی خستە سەر ڕێچکەی بەئاگابوونەوەیەکی سیاسیی نوێ. لە ئاستی جیهانیدا پاڵپشتییەکی بەرینی ڕای گشتی بەرەولای خۆی ڕاکێشا. ئیلهامبەخش بوو بۆ بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکانی دیکە لە سەرانسەری جیهان. بەم شێوەیە ئاخێزی “ژن، ژیان، ئازادی” بوو بە خاڵی وەرچەرخان لە مێژووی هاوچەرخی ئێراندا. ئەو بزووتنەوەیە لە چەند ڕوویەکەوە گرنگی ناوازەی هەیە:
- ئەم بزووتنەوەیە لە دوای شۆڕشی ١٣٥٧ەوە بە قووڵترین گۆڕانکاری لە وشیاریی بەکۆمەڵی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران دادەنرێت. بۆ یەکەمجار پاش دەیان ساڵ، بێدەنگی کۆمەڵایەتی شکا و ئەو بابەتانەی کە پێشتر تابۆ بوون، بوون بە تەوەری باس و گفتوگۆی گشتی. کۆمەڵگای ئێران درکی بەوە کرد کە ئێستا ئیتر دەتوانێت سەبارەت بە ئازادییە بنەڕەتییەکانی خۆی بدوێت.
- ئەم ناڕەزایەتیانە نیشانی دا کە نەوەی گەنجی ئێران، نەک هەر ئامادەیە بۆ گۆڕانی بنەڕەتی، بەڵکوو ئامادەیە باجی قورسیش لەپێناو دەستەبەرکردنی ئازادیدا بدات. ئەم جیلە کە لە سەردەمی ئینتەرنێت و پەیوەندییە جیهانییەکاندا گەورە بووە، چیتر ئامادە نییە بەربەست و سنووردارکردنی سەدەکانی ڕابردوو قبووڵ بکات و خۆی بە شایستەی ژیان و ئازادی دەزانی.
- ژنانی ئێران ئیتر نەک وەکوو قوربانی، بەڵکو وەک پێشەنگی گۆڕانکارییەکان دەناسرێن. ئەوان سەلماندیان کە دەتوانن بزوێنەری سەرەکی گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی بن و نەک تەنها خوازیاری مافی خۆیان، بەڵکوو خوازیاری گۆڕانکاری کۆمەڵگان بەشێوەیەکی گشتی. ئەم بزووتنەوەیە پێگەی ژنانی ئێرانی لە ئاستی ناوخۆ و نێودەوڵەتیدا بەشێوەیەکی بنەڕەتی گۆڕی.
- شۆڕشی ژینا سنوورە جوگرافی و فەرهەنگییەکانی تێپەڕاند و بوو بە سیمبول و هێمایەکی جیهانی بۆ خەبات لە دژی ستەم. دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی” بە زۆر زمان و لە وڵاتە جۆراوجۆرەکان دووپاتکرایەوە و نیشانی دا کە ویست و داخوازییەکانی خەڵکی ئێران هاوئاراستە و هاوتەریبە لەگەڵ ئامانجە جیهانییەکانی مرۆڤەکان.
- ئەگەرچی زۆربەی ئامانجەکانی ئەم بزووتنەوەیە بەدی نەهات و کۆماری ئیسلامی تا ئێستاش لەسەر کارە، بەڵام کاریگەرییە کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی و سیاسییەکانی قووڵ و بەردەوامن. گۆڕینی ڕەفتاری کۆمەڵایەتی، بەرزکردنەوەی ئاستی متمانە بەخۆبوون و بوێری لە دەربڕینی بیروڕا و بەهێزکردنی ورەی خۆڕاگریی لەبەرامبەر بەربەست و سنووردارکردنەکان، لە زومرەی ئەو کاریگەرییانەن کە تا ئێستاش بەردەوامن. گەشتی ناوزڕاوی ئێرشاد دوای چەندین جار گۆڕینی ڕەنگ و ناوی خۆی، کۆکرایەوە. یاسای حیجابی زۆرەملێ تووڕهەڵدرایە ناو زبڵدان و ئەم سەنگەرە ئیدئۆلۆژییە گرنگەی ڕژێم تێکڕووخا. شکستی ڕژێم لە سەپاندنی حیجابی زۆرەملێ، یەکێک بوو لە دەستکەوتە درەوشاوەکانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی. بەڵام ئەمە تەنیا لایەنێکی ئەم ڕووبەڕووبوونەوە بەرینە بوو لەگەڵ کۆنەپەرستیی ئیسلامی. شۆڕشی ژینا خەبات لە دژی ئاپارتایدی جێندەری بە خەبات لەپێناو نان و ئازادییەوە گرێدا.
- ئەم بزووتنەوەیە نیشانیدا کە دەسەڵاتی ڕاستەقینە لە دەستی جەماوەردایە و هیچ پێکهاتەیەکی سیاسی ناتوانێت بۆ هەمیشە لەبەرامبەر ویست و ئیرادەی بەکۆمەڵدا خۆڕاگریی بکات. ئەگەرچی ڕەنگە ڕێگای بەدیهێنانی تەواوەتی ئامانجەکانی ئەم بزووتنەوەیە دوور مەودا بێت، بەڵام تۆوی گۆڕانکاری چێنراوە و لە هەلومەرجی گونجاودا سەوز دەبێت. ئەزموونی مێژوویی دەریدەخات کە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە ڕاستەقینەکان هەرگیز بە تەواویی لەناو ناچن، بەڵکوو بە شێوەی جۆراوجۆر بەردەوام دەبن تا ئەوکاتەی دەگەنە ئامانجەکانیان. بەم پێیە بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی” نەک هەر ڕووداوێکی مێژوویی، بەڵکوو دەستپێکی وەرزێکی نوێیە لە مێژووی ئێرانی هاوچەرخدا، کە بڕیارە کاریگەرییەکانی تا ساڵەکانی داهاتوو هەروا بەردەوام بێت.
بژی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی
بڕووخێت کۆماری ئیسلامی
بژی ئازادی، بژی سۆسیالیزم
کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
٢٢ی خەرمانانی ١٤٠٤
١٣ی سێپتامبری ٢٠٢٥