بەیانییەی سیاسیی چواردەهەمین کۆنفڕانسی تەشکیلاتی دەرەوەی وڵاتی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران 

 بەیانییەی سیاسیی چواردەهەمین کۆنفڕانسی تەشکیلاتی

دەرەوەی وڵاتی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران 

سیستەمی سەرمایەداری جیهانی گۆڕەپانی دژوازی چینایەتی و کۆمەڵێک ململانێ و کەموکوڕییەکانی ترە. بەڵام سەرەڕای ئەوەش ئەم سیستەمە قۆناغێکی ڕابوورە لە مێژووی مرۆڤایەتی. بەڵام ئەوەی کە دەسەڵاتداران و بەرگریکارانی ئەم سیستەمە دەیانەوێت مرۆڤایەتی باوەڕی پێبکات، پێچەوانەی ئەم واقیعەیە. ئەوان مەبەستیان ئەوەیە کە ئەو سیستەمە کۆمەڵایەتییەی ئێستا وەک دوا قۆناغی گەشەسەندنی مێژوو و هەروەها باشترین سیستەمی بەردەست، کە دەتوانێت زۆرتری خۆشگوزەرانی و ئازادی بۆ زۆربەی هەرەزۆری ئەندامانی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی دابین بکات، نیشان بدەن. هەرچەندە تەنانەت لایەنگرانی سیستەمی سەرمایەداریش خۆیان ناتوانن نکۆڵی لە کۆمەڵێک لایەنی زیانبەخشی ئەم سیستەمە بکەن، لە کاتێکدا توانایی ئەم سیستەمە بۆ پێکهێنانی چاکسازیی لەناوخۆیدا ڕۆژ لە دوای ڕۆژ سنووردارتر دەبێت، بەڵام بەردەوام جەخت لەسەر دڵخوازبوونی دەکەنەوە و داوا لە خەڵکی ناڕازی دەکەن کە ملکەچی ئەو سیستەمە بن. ئەوە لە کاتێکدایە کە ژیانی ڕۆژانەی مرۆڤ لەم سەردەمەدا زیانێکی زۆری بەرکەوتووە، زیانێک کە لە ژێر دەسەڵاتی ئەم سیستەمەدا ئاسۆیەک بۆ قەرەبووکردنەوەیان بەدیناکرێت. واقیعییەت ئەوەیە کە جیهانی ئێمە لە ژێر هەژموونی سیستەمی سەرمایەداریدا ڕووبەڕووی مەترسیی جددی بۆتەوە. هەر ئێستا بە ڕادەی چوار هێندەی لەنابردنی تەواوەتی ژیان لەسەر گۆی زەوی چەک و چۆڵی ئەتۆمی و کۆمەڵکوژ لە جبەخانەی وڵاتە جۆراوجۆرەکاندا کۆگا کراوە. ژینگە بە شێوەیەکی سیستماتیک و بێباکانە لەناو دەچێت. بەڵام ئەمە هەموو داستانەکە نییە. لە دونیایەکدا کە لە ئەنجامی کاری داهێنەرانەی مرۆڤدا نوقمی سامان و نیعمەت بووە، هێشتا سەدان ملیۆن کەس شەوانە بە برسێتی سەردەنێنەوە. سەدان ملیۆن کەس شوێنی حەوانەوەیان نییە، سەدان ملیۆن کەس لە گۆشە و کەناری ئەم جیهانە ئاوارە و دەربەدەر بوون. سەدان ملیۆن کەس تووشی زیانە کۆمەڵایەتییە ئازاربەخشەکان بوون. هێشتاش شەڕە وێرانکەرەکان گیان و ژیانی ملیۆنان کەس لەناو دەبەن و بەرهەمی ڕەنج و کاری مرۆڤەکان وێران دەکرێت. جینۆسایدی خەڵکی فەلەستین بە دڕندانەترین شێوە لەلایەن دەوڵەتی جینایەتکاری ئایینی ئیسرائیلەوە لەبەر چاوی ڕای گشتی جیهاندا بەڕێوەدەچێت و شەڕی نێوان ڕووسیا و پەیمانی ناتۆ لە ئۆکراین، بۆتە هۆی کوژرانی یەک ملیۆن و پێنج سەد هەزار کەس و هەروەهاش بەردەوامە.
پەیوەندییەکانی سیستەمی سەرمایەداری، نەک هەر بەهۆکاری بیر و باوڕ و ئەخلاقی و بەهاکان، بەڵکوو بە هۆکارگەلێکی تەواو بابەتیی و ماددی، بووەتە هەڕەشەیەکی جددی بۆ سەر مرۆڤایەتی و وەک قۆناغێکی مێژوو، بە ناچاری لە ناو خۆیدا تۆوی لەناوچوونی خۆی پەروەردە کردووە. هەر ئەم ڕاستییە پێویستی تێپەڕبوون لێی کردووە بە بابەتێکی مومکین، بەپەلە و حەتمی.
هاوکات لەگەڵ ئەم پێشهاتە کۆمەڵایەتیانە، تەقینەوەی زانیاری، پەرەسەندنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، تەکنەلۆژیای نوێی وەک زیرەکی دەستکرد و ڕۆبۆتیک لەگەڵ ئەوەی ژیانی ئەمڕۆی مرۆڤیان هەنگاوێکی گەورە بەرەو پێشەوە بردووە، لە هەمان کاتدا ئەگەر هەروا لە دەستی سیستەمی سەرمایەداریدا بمێننەوە، دەتوانن لە ئایندەیەکی نزیکدا کار و پیشەی ملیۆنان کەس بخەنە مەترسییەوە و هەروەها نایەکسانی هەرچی زیاتر لە جیهاندا پەرەپێبدەن.

دوای ڕووخانی یەکێتی سۆڤیەت و کۆتایی هاتنی شەڕی سارد، ئەمریکا وەک سەرکەوتووی سەرەکی ڕایگەیاند کە نەزمێکی نوێی جیهانی دەستی پێکردووە. بەڵام هەر زۆر زوو ئەم ئیدیعایە لەگەڵ قەیرانی جۆراوجۆری ئابووری و کۆمەڵایەتی بەرەوڕوو بووەوە. قەیرانی ئابووری پێکهاتەیی، پەتا کوشندەکەی کۆڤید ١٩، قەیرانە ژینگەیی و شەڕە وێرانکەرەکان هەموویان ئاماژەن بۆ ناکارایی و قەیرانسازی ئەم سیستەمە جیهانییە. ئەم قەیرانانە دەریانخستووە کە گڵۆبالیزمی سەرمایەداری نەک هەر توانای چارەسەرکردنی کێشە بنەڕەتییەکانی مرۆڤایەتی نییە، بەڵکوو کەلێنە چینایەتییەکانی قووڵتر کردووەتەوە و فەرهەنگەکانی وەک ڕەگەزپەرستی و ژنکوژی و فاشیزمی بەهێزتر کردووە. لەم هەلومەرجەدا، سەرهەڵدانی گرووپە بناژۆخوازەکان و پەرەسەندنی مەترسیی شەڕ، جیهانی بەرەوڕووی مەترسییەکی جددی کردۆتەوە.
لە ئێران کەلێنە سیاسییەکانی نێوان دەسەڵاتداران لەسەر بنەمای ستراتیجی جیاواز بۆ مانەوە، خەریکە پێک دێن. کۆماری ئیسلامی بە گشتی لە ئەنجامی پێشهاتە ناوچەییەکان (شەڕی ١٢ ڕۆژە، شکستی حیزبوڵڵا لە لوبنان، ڕووخانی حکوومەتی بەشار ئەسەد لە سووریا، داڕمانی هێزە بە وەکالەتی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکە، هەروەها گەمارۆ ئابوورییەکان و سیاسەتی زۆرترین گوشاری ئەمریکا)، ناڕەزایەتی، ئاخێز و خەباتی جەماوەری، بە ڕادەیەکی زۆر لاواز بووە. دۆخی ژیانی زۆربەی هەرەزۆری خەڵک خراپتر بووە. هەژاری و بێکاری و زیانە کۆمەڵایەتییەکان بەربڵاوتر بووە.

هاوکات لە درێژەی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیدا، بە بەراورد لەگەڵ ڕابردوو بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی بەهێزتر سەریان هەڵداوە. ویست و داواکارییەکانی چینی کرێکار و توێژە ناڕازییەکان بەهۆی ڕەفتاری سەرکوتگەرانەی ڕێژیمەوە خەریکە ئاراستەی سیاسی بەخۆوە دەگرن و تەواوەتی دەسەڵات دەبەنە ژێر پرسیار. بەم مانایە قەیرانی سیاسیی ڕێژیم لەم قۆناغەدا پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە دۆخی ئابووری و بژێوی خەڵکەوە هەیە. نەهامەتی ئابووری، گەندەڵی دارایی و حکوومی، نزمیی ئاستی خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان، بێکاری، بێ ئاسۆیی گەنجان، هەژاریی لە ڕادەبەدەر و کۆچکردن بۆ دەرەوەی وڵات، ناوەڕۆکی قەیران و داواکارییەکانی جەماوەری ناڕازی لە هەموو شوێنێک پێکدەهێنن. 

پێویستە قەیرانی ئاو و کارەبا و ژێرخانی وێرانیش بە هەموو ئەمانەوە زیاد بکرێت. دۆخێکی کە حکوومەت خۆی بە کردەوە تێیدا بووەتە چاودێرێکی پاسیڤ. لەمڕووەوە جەماوەری بەشدار لەو ئاخێز و ناڕەزایەتیانەدا، لە زومرەی بێبەشترین بەشی ئەم کۆمەڵگایە، واتە بێکاران، کرێکاران، موعەلیمان، پەرستاران، مووچەخۆران و خەڵکی پەراوێزی شارەکانن. بە لەبەرچاوگرتنی هەموو ئەمانە، ئەگەر گۆڕانکارییەک لە ئاستی سەرەوەی ڕێژیمدا چاوەڕوانکراو بێت، ئەوا ئاستی خوارەوەی کۆمەڵگاش لەبەردەم تەقینەوەدایە. هیچ نیشانەیەک لە ئاسایی بوونەوەی دۆخەکە بەرچاو ناکەوێت. تایبەتمەندی ئێستای کۆمەڵگای ئێران بوونی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانە. بزووتنەوەی کرێکاریی، بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان، موعەلیمان، قوتابیان، دادخوازان، پەرستاران، خانەنشینان، بزووتنەوەی ئازادیخوازی و بزووتنەوەی ژنان. لە وەها هەلومەرجێکدا، چواردەهەمین کۆنفڕانسی تەشکیلاتی دەرەوەی وڵاتی حیزب، هاوتەریب لەگەڵ ئامانج و ستراتیژ و سیاسەتەکانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، ئەم ئەولەویەتانەی خوارەوە دەخاتە دەستووری کاری خۆیەوە.

• بەهێزکردنی حیزبییەت: پتەوکردنی ڕێکخراوی حیزب و بنیاتنانی چالاکییەکانی لەسەر پابەندبوون بە بڕگەکانی ئەساسنامە یان پەیڕەوی ناوخۆ، بەرزکردنەوەی ئاستی چاوەڕوانییەکان لە ئەندامانی ئۆرگانەکانی ڕێبەریی و کادر و ئەندامانی حیزب، دامەزراندنی پەیوەندیی ڕێکوپێک بەمەبەستی دروستکردنی هەماهەنگی هاوتەریب لەگەڵ یەکڕیزیی کرداریی هاوکات لەگەڵ هەبوونی فرەچەشنی بیروڕا، پێدانی ڕاپۆرت لە ئۆرگانەکانی خوارەوە بۆ سەرەوە و لە سەرەوە بۆ خوارەوە بە شێوەیەکی ڕێکوپێک و بەرپرسیاربوون لە ئاست جێبەجێکردنی سیاسەت و پلانە کردارییە حیزبییەکان، لە زومرەی پێوەرەکانی بەهێزکردنی حیزبن. یەکێک لە سەرەکیترین پێوەرەکانی بەهێزکردنی حیزب بریتییە لە پابەندبوون بە ئوسوول و پرەنسیپەکان، سیاسەت و نەریتە پێشکەوتنخوازەکانی حیزب و هاوکات پابەندبوون بە جێبەجێکردنی بڕگەکانی ئەساسنامە. پابەندبوونێکی لەم چەشنە بێ گومان بەردی بناغەی پەرەسەندنی نفووز و کاریگەریی سیاسی و بەدەستهێنانی جێگە و پێگەی کۆمەڵایەتی حیزبە لە لایەک و هەروەها کەوتنەگەڕی هێز و کەڵک وەرگرتن لە توانا ڕاستەقینەکانی تەشکیلاتە لە لایەکی ترەوە. پشت بەستن بەم جۆرە بەهایانە مەرجێکی پێشوەختەیە بۆ کەمکردنەوەی کەلێنی نێوان ئەوەی کە هەین و ئەوەی دەبێ ببین و بناغەی گەشە و بەرەوپێشچوونی توانای کادر و کەسایەتییەکانی 
 حیزب، ئۆرگانی کارامە و کەوتنەگەڕی توانا و پۆتاسێلە شاراوەکانی ناو حیزبە. لە کۆتاییدا پتەوکردنی حیزبییەت پێویستی بە دامەزراندن و ڕێکخستنی پەیوەندی نزیک و زیندوو هەیە لە نێوان ئۆرگانە جۆراوجۆرەکان و ڕێکخستنی پەیوەندییەکانیان لەسەر بنەمای سانترالیزمی دێموکراتیک. کۆمیتەی دەرەوەی وڵات دەبێت دەستپێشخەری دامەزراندنی ئەو پەیوەندییە بێت و، بە بەڕێوەبردنی کۆڕ و کۆبوونەوەی ئاسایی، لە کێشە و گرفتەکانی ناو حزب ئاگادار بێت، لە پێناو دەستەبەرکردنی یەکڕیزیی کرداریی بەمەبەستی بەرەوپێشبردنی ئاراستە و سیاسەتەکان هەوڵ بدات و بەستێن بڕەخسێنێت بۆ بەشداربوونی هەرچی زیاتری ئەندامان لە چارەنووسی سیاسی حیزبدا. هەروەها حەوزە حیزبییەکان و کۆمیته تەشکیلاتییەکانیش ڕێگەخۆشکەر بن بۆ دروستکردنی ئەو پێوەندییە پتەو و چڕوپڕە لەگەڵ کۆمیتەی دەرەوەی وڵات و بەردەوام ئه‌م کۆمیتەیە له کێشه و گرفتەکانیان ئاگادار بکەنەوە و خۆیان لە ئاست دیاریکردنی چۆنییەتی و چەندایەتی کار و چالاکییەکانی حزب بە بەپرسیار، داهێنەر و بەشدار بزانن. بەشداری ئەندامانی کۆمیتەی دەرەوەی وڵات لە پلینۆمەکانی حیزب وەک چاودێر دەتوانێت هەنگاوێک بێت بە ئاراستەی بەدیهاتنی ئەم ئامانجە. لە کاتێکدا هەموومان دان بەوەدا دەنێین کە بزووتنەوەی کۆمۆنیستی بەدەست پارچەپارچەبوون و دووبەرەکییەوە دەناڵێنێت، کادر و تێکۆشەرانی ئەم حیزبە نابێ بە هیچ بیانوویەک خۆیان لە ئەرکی پاراستنی یەکڕیزی و تەبایی حیزب ببوێرن.

ئەگەر فرەچەشنی تێڕوانینی سیاسی هاوکات بێت لەگەڵ یەکگرتوویی کرداریی، نەک هەر ناتەبایی تێک نادات بەڵکوو مەرجێکە بۆ گەشەکردن و بەرەوپێشچوونی حیزب، مەرجە بۆ داڕشتنی سیاسەتی ڕوون و دروست و هەروەها مەرجێکە بۆ بەرەوپێشبردنی خەبات لە هەناوی ئاڵۆزییەکانی جیهانی ئەمڕۆدا. سەرەنجام لە پرسی بەهێزکردنی حیزبییەتدا، بەرزکردنەوەی زانستی سیاسی ئەرکێکە کە پێویستە ڕێبەریی بۆ بەرەوپێشبردنی، پلان و بەرنامەی هەبێ و هەر ئەندامێکی حزبیش دەبێ خۆی لە ئاست پەرەپێدان و و بەرەوپێشبردنی بە بەرپرسیار بزانێت. کۆمیتەی دەرەوەی وڵات، دەبیری حەوزەکان، بەرپرسان و کۆمیتەی وڵاتەکان پێویستە گرنگی جێبەجێکردنی ئەو ئەرکانە لە حەوزە حزبییەکاندا بە دامەزراوەیی بکەن و پێداویستیی گونجاو بۆ بەڕێوەبردنیان دابین بکەن.

• بەهێزکردنی پێگەی کۆمەڵە و دیفاع لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان: لە مێژووی حیزبی کۆمۆنیستی ئێراندا بەشداریکردن و پشتیوانی لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان لە زومرەی 
 ئەولەویەتە سەرەکییەکانی بووە. کۆمەڵە وەک تاکە ڕێکخراوی چەپ و کۆمۆنیستی ئێران و ناوچەکە کە خاوەن پێگەیەکی کۆمەڵایەتی بەرینە، توانیویەتی لە شوێنی کار و چالاکیی خۆی نفووز و جێگە و پێگەی حاشاهەڵنەگر لە نێو کرێکاران و ژنان و لاواندا بەدەست بهێنێت و هیوای هەزاران مرۆڤی چەوساوە و ئازادیخوازە. بۆ ماوەیەکی زۆر کوردستان و ناوچەکەکانی ژێر نفووز و کاریگەری کۆمەڵە شوێنی هێزە چەپ و کۆمۆنیست و ئازادیخوازەکانی ئێران بوون و ئەو هێزانە لەو شوێنانەوە چالاکییەکانی خۆیان لەدژی کۆماری ئیسلامی بەرەوپێش دەبرد. کۆمەڵە لە ماوەی ٤٢ ساڵی ڕابردوودا وەک کۆڵەکەی سەرەکی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، چ لە ڕووی هێز و چ لە ڕووی ئیمکانات و پێشینەی خەبات و تێکۆشانی ڕادیکاڵ، حیزب و ڕەنگە تەواوی بزووتنەوەی کۆمۆنیستی ئێرانی بەهێزتر کردووە و مۆدێلێکی جێگەی شانازیی لە لێکهەڵپێکان و لێکنزیکبوونەوەی چەپی حزبی لەگەڵ چەپی کۆمەڵایەتی لەخۆی نیشان داوە. بەلەبەرچاوگرتنی بارودۆخی ئێستای بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان و ئەو ئاستەنگ و ئاڵەنگاریانەی لەبەردەم کۆمەڵەدایە، پشتیوانیکردن لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان لە دەرەوەی وڵات و بەهێزکردنی کۆمەڵە وەک پلاتفۆرمی سەرەکی چەپ لە کۆمەڵگادا، بووەتە پێویستییەکی سیاسی. بە یەک وشە، بەهێزکردنی کۆمەڵە بە کردەوە بە مانای بەهێزکردنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و تەنانەت تەواوی بزووتنەوەی چەپە. تەشکیلاتی حیزب لە دەرەوەی وڵات پێویستە لە ڕەهەندێکی زۆر فراوانتر و بە هاوکاری نوێنەرایەتی کۆمەڵە لە دەرەوەی وڵات، هەرچی زیاتر ناوەڕۆکی شۆڕشگێڕانەی بزووتنەوەی خەڵکی کوردستان به ڕای گشتی بناسێنێ و سیاسەتی وەهمیی و ناڕوونی حزب و ڕێکخراوە ڕاستەکان سەبارەت بەو پرسانەی کە زیانیانبەخشن بۆ ئەم بزووتنەوەیە، بداتە بەر ڕەخنە و کۆمەڵەش وەک تاکە بزووتنەوەی بەرپرسیار و بە دەروەست لە ئاست ئەم بزووتنەوەیە بناسێنێت. هەروەها تەشکیلاتی دەرەوەی وڵاتی حیزب، بە هەماهەنگی لەگەڵ نوێنەرایەتی کۆمەڵە لە دەرەوەی وڵات و بە پێی بڕیارنامەی پەسەندکراوی کۆنگرەی ١٧ی کۆمەڵە، دەتوانێت لە هەندێک حاڵەتی دیاریکراودا لە خەبات لەدژی کۆماری ئیسلامی، لەگەڵ حیزبە سیاسییە چالاکەکانی کوردستان هاوکاری بکات. جگە لەو خاڵانەی سەرەوە، یارمەتی دارایی و دابینکردنی کادری پێویست و بەئەزموون لە تەشکیلاتی کوردستان، لە زومرەی ئەو بوارانەن کە تەشکیلاتی دەرەوەی وڵات دەتوانێت ڕۆڵی بەرچاو و کاریگەر بگێڕێت.

• فراوانکردنی بازنەی ئەندامان: بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ئەرکانەی کە کەوتووەتە سەر شانی حیزب بە گشتی و تەشکیلاتی دەرەوەی وڵات بەتایبەتی، پێویستە بازنەی ئەندامانی حیزب فراوان بکرێت. لەمڕووەوە پێویستە کۆمیتەی دەرەوەی وڵاتی حیزب بەپێی بەرنامەیەکی دیاریکراو ژمارەی ئەندامێتی زیاد بکات و مەرجەکانی ئەندامێتی بەجۆرێک دیاری بکرێت کە ژمارەیەکی زیاتر لە ئینسانە چەپ و ئازادیخوازەکان بێنە ناو ڕیزەکانی حیزبەوە. 

• هەوڵدان بۆ پێکهێنانی یەکگرتوویی کرداریی لەگەڵ تاک و بزووتنەوە چەپەکان: بەبێ لەبەرچاوگرتنی هەر هەڵسەنگاندنێکی کە لەسەر ئەو حیزب و ڕەوتانەی کە خۆیان لە بەرەی چەپی کۆمەڵگادا دەبیننەوە، هەمان بێت، هەوڵدان بۆ یەکگرتوویی کرداریی و دروستکردنی لێکتێگەیشتن و هاوکاری لەگەڵیان، هاوکات لەگەڵ بەرخوردی ڕەخنەگرانە لەسەر سیاسەت و کردارەکانیان، هەنگاوێکی پێویستە بۆ بەهێزکردنی بەرەی چەپی کۆمەڵگا. بەڕێوەبردنی کەمپەین و سیمینار و ئاکسیۆنی هاوبەش و پێکهێنانی شاندی هاوبەش بۆ دیدار لەگەڵ ڕێکخراو و دامەزراوە بیانییەکان، لە زومرەی ئەو بوارانەن کە دەتوانن بنەمای هاوکاریی نێوان هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکانی دەرەوەی وڵات پێک بهێنن. 

• بەهێزکردنی بزووتنەوەی کرێکاریی: پەرەپێدانی چالاکییەکان بەمەبەستی بەهێزکردنی بزووتنەوەی کرێکاریی ئێران و ڕاکێشانی هاوسۆزی و پشتیوانیی هەرچی زیاتر بۆ ئەم بزووتنەوەیە، یەکێکە لە سەرەکیترین ئەرکەکانی تەشکیلاتی دەرەوەی وڵاتی حیزب. ئەم بوارە لە کار و چالاکییەکان دەتوانێ بە بەڕێوەبردنی کەمپەینی خەباتکارانە و لەو ڕێگەیەوە گوشارخستنە سەر ڕێژیمی ئیسلامی، بردنەسەرەوەی هەزینەی سیاسەتە سەرکوتگەرەکانی ڕێژیم، پێکهێنانی هاوپەیمانی و یەکگرتوویی کرداریی خەباتکارانە، ڕاکێشانی هاوکاریی هەڵسووڕاوانی چەپ و کۆمۆنیست، ڕێکخراو و دامەزراوەکانی بەرگریکاری بزووتنەوەی کرێکاریی، دامەزراندنی پەیوەندی لەگەڵ ڕێکخراوە کرێکارییەکان و لایەنە چەپ و مرۆڤدۆستەکان بە مەبەستی ڕاکێشانی هاوسۆزی و پشتیوانی ئەوان لە خەباتی کرێکاران، بەشداریکردن لە خەباتی کرێکارانی وڵاتانی خانەخوێ لە چوارچێوەی سیاسەتی ئینتەرناسیۆنالیستی حیزب و هەوڵدان بۆ پێکهێنان و بەهێزکردنی کۆمیتە و ئەنجامەکانی پشتیوانی لە خەباتی کرێکارانی ئێران، بەدواداچوونی بۆ بکرێت. 

• بەشداریکردن لە ئاکسیۆن و بزووتنەوە ئازادیخوازەکانی دژە سەرمایەداری: تەشکیلاتی دەرەوەی وڵات، وەک تەشکیلاتێکی پێکهاتوو لە کۆمەڵێک ئینسانی پێشڕەو، شۆڕشگێڕ و وشیار، کە زۆربەیان نیشتەجێی وڵاتانی پێشکەوتووی سەرمایەدارین و ڕۆژانە ئاگاداری ڕەوتی پەرەسەندنی ناڕەزایەتییەکان دژ بەو دۆخەی ئێستان، پێویستە لەناو ئەو کۆڕ و کۆمەڵانەی کە لەسەر بەستێنی بارودۆخی ئێستای جیهانی و ڕەوت و بزووتنەوە پێشکەوتنخوازەکان پێکهاتوون، ئامادە بن و بە بڵاوکردنەوە و دەنگدانەوەی هەواڵی خەبات و ناڕەزایەتییەکانی جەماوەری ئازادیخوازی ئێران و بە ئامانجی بەهێزکردنی مەیلی سۆسیالیستی لەناو ئەم کۆڕ و کۆمەڵانە و دروستکردنی پەیوەندی ئەوان لەگەڵ خەبات و ناڕەزایەتییە پێشکەوتنخوازەکان لە ئێران، هەوڵ بدەن.

• داکۆکیکردن لە مافی پەنابەران: یەکێکی دیکە لە ئەولەویەتەکانی تەشکیلاتی دەرەوەی وڵات بریتییە لە بەرگریکردن لە مافی پەنابەران و هەوڵدان بۆ پشتیوانیکردنیان لە هەلومەرجی لەڕادەبەدەر سەختی وەرگرتنی مافی پەنابەریدا. شەپۆلی نوێی کۆچکردن بەتایبەتی کۆچی گەنجان و تازەلاوان و منداڵانی بێ سەرپەرشتی خوار تەمەنی ١٨ ساڵ بۆ ئورووپا، لێکەوتەی ناخۆش و نەخوازراوی بەدواوە بووە. جگە لە مەترسی سەفەرکردن و گیان لەدەستدانی ژمارەیەکی زۆر لەو ئینسانە ئازارچێشتووانە لە ئاوەکان و لە ڕێگای سنوورەکانی ئورووپا، جگە لە ئەزیەت و ئازاری قاچاخچیان و بازرگانانی مرۆڤ و پاسەوانی سنووری وڵاتە جۆراوجۆرەکان، شاهیدی پەسەندکردنی سیاسەتی دژە کۆچبەریی لە لایەن دەوڵەتانی دەسەڵاتدار لە ئورووپا لە دژی ئەو کۆچبەرانەین، بە جۆرێک کە ژمارەیەکی زۆریان وەڵامی ڕەت وەردەگرنەوە و لە ئەنجامدا یان ڕوو دەکەنە شێوە ژیانێکی نهێنی و تەحەمولی هەژاری و برسێتی، یان بەزۆر دەگەڕێندرێنەوە بۆ وڵاتەکانی خۆیان. ڕەگەزپەرستەکان شەپۆلی نوێی کۆچکردنیان بۆ ئورووپا کردووە بە بیانوویەک بۆ هێرشکردنە سەر دەستکەوتەکانی چینی کرێکار و خودی ئەو کۆچبەرانە. جگە لەوەش نائومێدی و هەژاری و بێبەشی ژمارەیەک لە کۆچبەران، بەتایبەتی کۆچبەرانی گەنج، لەو وڵاتانە، ئەوانی کردووە بە قوربانیانی زیانە کۆمەڵایەتییەکان. 

تەشکیلاتی دەرەوەی وڵاتی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران وێڕای ڕاگەیاندنی هاوپشتی لەگەڵ کۆچبەرانی ئازارچێشتوو و مافخواز، داکۆکیکردن لە مافی پەنابەری بە یەکێک لە ئەولەویەتی چالاکییەکانی خۆی لەم قۆناغەدا دەزانێت. لەمڕووەوە پێویستە هەڵسوڕاوانی حیزب تا ئەو جێگایەی کە دەتوانن بەشداری لەو هەوڵانەدا بکەن کە بۆ یارمەتیدان و ڕێنوێنیکردنیان ڕێکخراوە، بەمەبەستی کەمکردنەوەی ئەو ڕەنج و ئازار و سەرلێشێواوییەی کە بەهۆی نادڵنیایی یان وەڵامدانەوەی نەرێنییەوە دروست دەبێت. ئاشناکردنیان لەگەڵ یاساکانی پەنابەری لە وڵاتانی نیشتەجێبوونیان، پاڵپشتیکردنیان لە بەدەستهێنانی مافی پەنابەری، پاڵپشتیکردنیان لە بەرامبەر هێرشەکانی پۆلیس و ئیدارەی کۆچبەریی ئەو وڵاتانە، بەشداریکردن لە ئاکسیۆن و ناڕەزایەتییەکانی پەیوەست بە پاراستنی مافی پەنابەریی، لە زومرەی ئەو ئەرکانەن کە پێویستە لە دەستووری کاری ئێمەدا بن. 

• بەهێزکردنی خەباتی ژنان: پشتگیری و پشتیوانی لە خەباتی ژنان لە ئێران و دەرەوەی وڵات و بەهێزکردنی مەیلی سۆسیالیستی لە چوارچێوەی ئەو خەباتانەدا، لە زومرەی ئەولەوییەتی کار و چالاکییەکانی تەشکیلاتی دەرەوەی وڵاتە. ئەمەش بە بەشداریکردن لە بزووتنەوە یەکسانیخوازەکان بۆ نەهێشتنی هەڵاواردنی جێندەری لە دامەزراوە جۆراوجۆرە ئابووریی، سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان، بەشداریکردن لە سیمینار و ناڕەزایەتییەکانی هەڵسووڕاوانی ئەم بوارە، دروستکردنی پەیوەندییەکی کارا لە نێوان تەشکیلاتی دەرەوەی وڵات و ڕێکخراو و دامەزراوەکانی بەرگریکردن لە مافەکانی ژنان، بە دەستپێشخەری و داهێنان لە بواری فراوانکردنی ئەو چالاکییانەدا. 

• بەهێزکردنی کەناڵی تەلەویزیۆنی: بە لەبەرچاوگرتنی ڕۆڵ و گرنگی چاپەمەنی لە بڵاوکردنەوەی سیاسەتەکانی حیزب، پەرەپێدان بە هاوکاری چڕوپڕ لەگەڵ تەلەویزیۆنەکانی کۆمەڵە و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و ڕێکخستنی ئەم پەیوەندیی و هاوکاریانە، بەشێکە لە ئەولەویەتەکانی تەشکیلاتی دەرەوەی وڵات. بە ڕێکخستنی هاوکارانی خۆجێیی تەلەویزیۆن، کۆکردنەوەی هاوکارییە داراییەکان بەمەبەستی گەرەنتی بەردەوامبوونی کاری تەلەویزیۆن و باشترکردنی کوالێتی بەرنامەکانی ئەو کەناڵانە، دەتوانرێت وەڵامی ئەم پێویستییە بدرێتەوە. لە ڕاستیدا ئەندامانی تەشکیلاتی دەرەوەی وڵات تەنیا بە دانی حەقی ئەندامێتی خۆیان بە تەواویی و بە شێوەیەکی ڕێکوپێک دەتوانن هەموو هەزینەکانی ئێستای تەلەویزیۆن دابین بکەن، بەمجۆرەش خۆبژێوی و سەربەخۆیی دارایی ئەم ئۆرگانە گرنگە مسۆگەر دەبێت. 

• بەهێزکردنی بەشداری ڕێکخراو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان: بە سەرنجدان بە ڕۆڵی گرنگی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە دامەزراندنی پەیوەندییەکان و هەروەها ئاڵوگۆڕی زانیاری و ڕەنگدانەوەی ڕاو بۆچوون و ئامانجە سیاسییەکان، پێویستە تەشکیلاتی دەرەوەی وڵات بەشێوەیەکی ڕێکخراو بەشداریی لەو تۆڕە کۆمەڵایەتیانەدا بکات. هەروەها پێویستە هەر ئەندامێکی تەشکیلاتی دەرەوەی وڵاتیش ڕۆڵی خۆی لە بڵاوکردنەوەی ڕوانگە و بۆچوونەکانی حیزب و کومەڵەدا بگێڕێت.

کۆمیتەی دەرەوەی وڵاتی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران 

خەرمانانی ١٤٠٤
ئاگۆستی ٢٠٢٥

0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە

ڕووداوە گرنگەکان

پەیام نێت

گەلەری

هاوڕێمان بن! ​

پەیوەندی

  Copyright © 2023, All Rights Reserved Payaam.net