ڕاگەیاندنی نوێنەرایەتی کۆمەڵه له دەرەوەی وڵات به بۆنەی ماڵئاوایی لە ژیانی دایکێکی تێکۆشەر دایه فریشتە ڕەحیمی
بە داخ و پەژارەیەکی زۆرەوە ئاگاداربووین که ئەمڕۆ، چوارشەممە ٢٦ی فێوریەی ٢٠٢٥، دایە فریشتە ڕەحیمی، لە دایکه ناسراوەکانی پێشمەرگەی کۆمەڵە، لە تەمەنی ٨١ ساڵی لە وڵاتی سوئێد ماڵئاوایی له ژیان کرد.
دایە فریشتە لە شاری سنە لە دایک بوو و بە دوای شۆڕشی ساڵی ١٩٧٩ هاتە نێو ڕیزی خەبات و شانبەشانی ڕۆڵەکانی، کە پێشمەرگەی کۆمەڵە بوون، دژوارترین ئەرکی خەباتی، وەک دایکە پێشمەرگەیەکی تێکۆشەر، گرتە ئەستۆ. دایە فریشتە بەردەوام لە پێشەوەی خەبات لەگەڵ دایک و باوکانی زیندانی دا بوو لە بەر دەرکی زیندانەکان، لە چالاکی بۆ دابین کردنی پێداویستییەکانی هێزی پێشمەرگە ڕۆڵی بەرچاوی هەبوو، لە ڕاپەڕاندنی کاری نهێنی ئەوپەڕی بوێری لە خۆی دەنواند و دواتریش لە چالاکییە سیاسییەکان لە دەرەوەی وڵات، وەک دڵسۆزی هەمیشەیی کۆمەڵە، دەوری بەرچاوی دەگێڕا.
نوێنەرایەتی کۆمەڵە لە دەرەوی وڵات ئەوپەڕی پەژارەی خۆی بۆ ماڵئاوایی له ژیانی دایە فریشتە، ئەم دایکه تێکۆشەر و شۆڕشگێڕە، دەر دەبڕێت و خۆی بە شەریکی خەمی بنەماڵەی بەڕێزیان دەزانێت.
یادی دایە فریشتە ڕەحیمی، دایکی شۆڕشگێر و دڵسۆزی پێشمەرگەکانی کۆمەڵە، بەرز و بەڕێز بێت.
نوێنەرایەتی کۆمەڵە لە دەرەوەی وڵات
٢٦ی فێوریەی ٢٠٢٥