توندوتیژی دیجیتاڵی دژی ژنان

 

 

بەپێی خەمڵاندنە جیهانییەکان، نزیکەی یەک لەسەر سێی ژنان لانیکەم جارێک لە ژیانیاندا تووشی توندوتیژی جەستەیی یان جنسیی بوون. چ لەلایەن هاوسەر و هاژینەکەیەوە بێت یان کەسانی تر. ئەم ئامارە هەژێنەرە نیشان دەدات کە توندوتیژی دژی ژنان یەکێکە لە بەربڵاوترین و جێکەوتووترین پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە جیهاندا. بەڵام سیمای توندوتیژی لەم ساڵانەی دواییدا گۆڕاوە. ئەگەر تا دوێنێ ماڵ و شەقام و شوێنی کار مەیدانی سەرەکی توندوتیژی بوون، ئەمڕۆ فەزای دیجیتاڵیش یەکێکی ترە لەو مەیدانانە. مەیدانێکی کە هیچ سنوورێکی جوگرافی ناناسێت، بەردەوام چالاکە و دەتوانێت لە چەند چرکەیەکدا ژیانی مرۆڤ ژێروژوو بکات. کەمپەینی جیهانی ئەمساڵ، بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی نەهێشتنی توندوتیژی دژی ژنان، تیشکی خستۆتە سەر توندوتیژی لە بواری دیجیتاڵیدا. چونکە تۆڕەکۆمەڵایەتیی و مەسنجەر و پلاتفۆرمەکانی هاوبەشکردنی وێنە و ڤیدیۆ و تەنانەت ئامرازەکانی زیرەکی دەستکرد، پتر لە هەمیشە بوونەتە ئامرازێک بۆ هەڕەشە و هەراسانکردن و بێدەنگکردنی ژنان. توندوتیژی دیجیتاڵی بریتییە لە کۆمەڵێک ڕەفتاری توندئاژۆ، هەڕەشە یان سووکایەتی ئامێز کە بە کەڵکوەرگرتن لە ئامراز و پلاتفۆرمە ئۆنلاینەکان دژی ژنان و کچان بەکاردەهێنرێن. ئەم توندوتیژییە تەنیا خۆی لەفەزای ئەلیکترۆنیدا نابینێتەوە و زۆرجار ئاسەواری گەلێک بەرچاو و واقیعی و تەنانەت لەقەرەبوو نەهاتوو لە ژیانی کەسیی و کۆمەڵایەتی ژناندا بەجێ دەهێڵێت.

بەشێک لە گرنگترین جۆرەکانی توندوتیژی دیجیتاڵی بریتین لەبڵاوکردنەوەی وێنەی کەسەکان بەبێ ڕەزامەندی خۆیان، بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی تایبەت زۆرجار بە مەبەستی تۆڵەکردنەوە یان زەوتکردن، بڵاوکردنەوەی ئەو وێنە تایبەتانەی کە ناسراون. ناردنی پەیام و وێنەی سێکسی نەخوازراو، بەبێ ڕەزامەندی بەرامبەرەکەی، یان هەراسانکردنی بەردەوام لە ڕێگەی کورتە نامە و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان. ئەم کردارە دەتوانێت ببێتە هۆی تێکچوونی شیرازەی ژیانی بنەماڵەیی، دەرکردن لە کار یان دوور خستنەوە لە خوێندن و گوشاری دەروونی توند و تەنانەت خۆکوشتن. ناردنی بەردەوامی پەیامی سووکایەتی ئامێز و جنسیی، هەڕەشەی دەستدرێژی یان کوشتن، هێرشی گروپیی بۆ سەر ئەکاونتی بەکارهێنەری ژن و دروستکردنی کەشێکی ترس و خۆفی بەردەوام لەناو ژینگەی ئۆنلاینبەرهەمهێنان و بڵاوکردنەوەی وێنە، ڤیدیۆ یان فایلە دەنگییە ساختەکان، بە کەڵکوەرگرتن لە تەکنەلۆژیای زیرەکی دەستکرد، لەوانە دروستکردنی پۆرنۆگرافی کە دەتوانێت ببێتە هۆی لەناوچوونی ناوبانگ و ئەمنییەتی کەسێک، لەکاتێکدا زۆر ئەستەمە بتوانی بۆ خەڵکی بیسەلمێنێت کە واقیعی نییە و ساختەیە. وەڕێخستنی کەمپەینی هەماهەنگ بۆ هێرشکردنە سەر ژنان، بڵاوکردنەوەی دەنگۆ و درۆ و بابەتی ناڕاست، لێدانی تۆمەتی ئەخلاقی یان سیاسی و هەوڵدان بۆ شکاندنی کەسایەتی گشتیی ژنان لە ڕێگەی هاشتاگ و دانانی پۆستی ڕێکخراوەوە. بڵاوکردنەوەی ناونیشانی ماڵ، ژمارەی تەلەفۆن، شوێنی کار، زانیاری بنەماڵەیی یان بابەتە کەسیەکانی تری ژن، بە ئامانجی ترساندن و هەڕەشەکردن و بەرەوڕوو کردنەوەی لەگەڵ مەترسی توندوتیژی جەستەیی. چاودێریکردنی بەردەوامی چالاکییە ئۆنلاینەکان، کۆنترۆڵکردنی ئەکاونتەکان، دەستڕاگەیشتن بە کورتەنامە و ئیمەیڵەکان بەبێ ئیزن وەرگرتن، یان کەڵکوەرگرتن لە ئەپ و ئامرازەکانی بەدواداچوون بۆ شوێنکەوتن و چاوەدێریکردنی ژنان. بەدەستهێنانی متمانەی کچان و ژنانی گەنج بەتایبەت تازە لاوان، لە ڕێگەی پەیوەندییە ئینترنێتییەکانەوە، بە مەبەستی گێچەڵی سێکسی، دروستکردنی ئەکاونتی ساختە بە ناو و وێنەی ژنانەوە بۆ بەدەستهێنانی متمانەی کەسانی تر، بۆ زیانگەیاندن بە ناوبانگی کەسەکە، یان بەمەبەستی دارایی و گێچەڵی سێکسی.

لێکەوتەکانی توندوتیژی ئۆنلاین بۆ ژنان زۆر واقیعین کە: دڵەڕاوکێ، خەمۆکی، هەستکردن بە شەرمەزاری و بێ بەهایی، وازهێنان لە خوێندن یان کار، دوورکەوتنەوە لە چالاکییە کۆمەڵایەتی و گشتییەکان، پچڕانی پەیوەندی بنەماڵەیی یان هاوڕێیانە، گۆڕینی شوێنی نیشتەجێبوون بەهۆی بوونی هەڕەشەی جددی، خۆسانسۆری و وازهێنان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، تەنانەت لە هەندێک حاڵەتدا توندوتیژی جەستەیی، زەوتکردن و کوشتنیش دەگرێتەوە. بە واتایەکی تر، توندوتیژی دیجیتاڵی نەک هەر درێژەی هەمان شێوازە کۆنەکانی توندوتیژی جێندەرییە لە بەستێنێکی نوێدا، بەڵکوو پردێکە لە نێوان جیهانی مەجازی و ڕاستەقینەدا، کە دەرئەنجامەکانی دەتوانێت کاریگەری لەسەر هەموو لایەنەکانی ژیانی ژنان هەبێت. پەرەسەندنی توندوتیژی دیجیتاڵی دژ بە ژنان، دەرئەنجامی تێکەڵەیەک لە هۆکارە تەکنەلۆژییەکانە: وەک لاوازبوونی یاسا و ڕێساکان، لە زۆرێک لە وڵاتان جۆرەکانی توندوتیژی دیجیتاڵی لەوانە بڵاوکردنەوەی وێنەی جنسیی بەبێ ڕەزامەندی، هێشتا بە ئاشکرا لە یاسادا وەک تاوان نەناسراوە یان سزای گونجاوی بۆ دیارینەکراوە. پاێزراوبوونی ڕێژەیی پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان لەوانە: کۆمپانیاکانی تەکنەلۆژیا، بە تایبەت تۆڕە کۆمەڵایەتییە زەبەلاحەکان، ساڵانێکی زۆر بە کەمترین بەرپرسیارێتی لە ئاست توندوتیژی و هەراسانکردنی ئۆنلاین چالاکییان کردووە. خێرایی گەشەسەندنی تەکنەلۆژیا، بەتایبەتی زیرەکی دەستکرد: ئامرازە هەرزان و بەردەستەکانی بۆ بەرهەمهێنانی ناوەڕۆکی ساختە و ئازاربەخش، بەر لەوەی سیستەمی یاسایی و ئەخلاقی دەرفەتی ڕێکخستنی هەبێت، بەربڵاو بوون.

شەپۆلەکانی دژ بە ژن لە فەزای مەجازیدا، زەمینەیان بۆ ئاساییکردنەوە و تەنانەت هاندانی توندوتیژی لە دژی ژنان فەراهەم کردووە. گومناومانەوەی تاوانباران و ئیمکانی بەکارهێنانی ناسنامەی ساختە یان بێناونیشان، زیاتر هانی دەستدرێژیکارانی داوە بۆ ئەوەی توندوتیژی ئەنجام بدەن بەبێ ئەوەی ترسیان لە دەرئەنجامەکانی هەبێت. زۆربەی ئەو ژنانە نازانن لە کوێ و چۆن سکاڵا بکەن و دەتوانن لە چ ئیمکاناتێکی یاسایی و دەروونی بەهرەمەند بن و بەرامبەر بە توندوتیژی دیجیتاڵی، چ مافێکیان هەیە. ئەگەرچی توندوتیژی دیجیتاڵی هەموو ژنان دەکاتە ئامانج، بەڵام هەموویان بە یەک ئەندازە زیان نابینن. بۆ نموونە ئەو ژنانەی کە لەگەڵ هەڵاواردنێکی فرەڕەهەند، لەوانە بەهۆی ڕەگەز، نەتەوە، جێگە و پێگەی کۆمەڵایەتی، بێتوانایی، ناسنامە یان ئاراستەی جنسیی بەرەوڕوو دەبنەوە، زۆرجار بەشیوەیەکی توندتر دەکەونە بەر هێرش.

کۆتاییهێنان بە توندوتیژی پێویستی بە گۆڕانکاری فەرهەنگی و ڕەفتاریی هەیە لە هەموو ئاستەکانی وەک پەروەردە و خوێندەواری میدیا و خوێندەواری دیجیتاڵی لە تەمەنێکی زۆر بچووکەوە، هاوکات جەختکردنەوە لەسەر ڕێزگرتن، یەکسانی جێندەری و بەرپرسیارێتی ئۆنلاین. قسەکردن لەناو بنەماڵە و قوتابخانەکان سەبارەت بە دەرئەنجامەکانی ئازاری دیجیتاڵی و گرنگی ڕەزامەندی و چوارچێوەی تایبەتی کەسەکان. پاڵپشتی دەروونی و یاسایی و کۆمەڵایەتی لەو ژنانەی کە دەبنە ئامانجی توندوتیژی دیجیتاڵی، بەبێ لۆمە و سەرکۆنەکردنی کەسی قوربانی. بەهێزکردنی کۆڕ و کۆمەڵەکانی هاوپشتی ژنان و چالاکوانانی بوارە کۆمەڵایەتی و مەدەنییەکان، بۆ بەرەنگاربوونەوەی بە کۆمەڵ لەدژی هێرشە ئۆنلاینەکان و پشتیوانیکردن لە یەکتر. هەر پەیامێکی هەڕەشەئامێز، بڵاوبوونەوەی هەر وێنەیەکی تایبەتی، هەر ڤیدیۆیەکی ساختە، هەر هەوڵێکی کە نەفرەت و بێزاری پەرە پێبدات، برینێکی ڕاستەقینە لەسەر دەروون و جەستە و ئەمنییەت و داهاتووی ژنان بەجێ دەهێڵێت. بۆ پێشەوە بەرەو بنیاتنانی جیهانێک کە تیایدا هیچ ژن و کچێک بەهۆی ڕەگەزیانەوە چ لەناو کۆمەڵگا و چ لە دنیای دیجیتاڵیدا، لەگەڵ توندوتیژی، سووکایەتی پێکردن و بێدەنگکردن بەرەوڕوو نەبێتەوە.

0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە

ڕووداوە گرنگەکان

پەیام نێت

گەلەری

هاوڕێمان بن! ​

پەیوەندی

  Copyright © 2023, All Rights Reserved Payaam.net