به‌پێی ئاماره تۆماركراوه‌كان، له شه‌ش ساڵی ڕابردوودا پارێزگاكانی كوردستان و كرماشان زۆرترین نرخی بێكاری جه‌معیه‌تی سه‌رووی ١٥ ساڵیان تۆمار كردووه.
پارێزگاكانی كوردستان و كرماشان له ماوه‌ی ساڵانی ڕابردوودا به‌رده‌وام له ڕیزی ده پارێزگای ئێران به زۆرترین نرخی بێكارییه‌وه بوون. به‌پێی توێژینه‌وه‌كان، پارێزگاكانی كرماشان، لۆڕستان، سیستان و به‌لووچستان، خووزستان، كوردستان و چوارمه‌حاڵ و به‌ختیاری، زۆرترین ئاماری بێكاریان هه‌یه. گه‌نجانی پارێزگاكانی كرماشان و كوردستان ناچارن ڕوو له پیشه‌ی سه‌ختی كۆڵبه‌ری بكه‌ن و ساڵانه به ده‌یان كۆڵبه‌ر به‌هۆی ته‌قه‌ی هێزه‌كانی ڕژیم، سه‌رمابردوویی، به‌ربوونه‌وه له به‌رزایی و ته‌قینه‌وه‌ی مین ده‌بنه قوربانی. هه‌روه‌ها ئاماره‌كان نیشانی داوه كه زۆربه‌ی گه‌نجانی ئه‌و دوو پارێزگایه به‌هۆی بێكاری و نه‌بوونی هیوا به داهاتوو ناچارن بۆ وڵاتانی دیكه كۆچ بكه‌ن.