ڕاگەیاندنی هاوبەشی ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران( ڕاهی کارگەر) و حیزبی کومونیستی ئێران
ئیسماعیل هەنیە ڕێبەری سیاسی ڕێکخراوی بناژۆخواز و کۆنەپەرستی حەماس لە میوانخانەی میوانانی دەرەوەی دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی لە باکوری تاران لە لایەن دەوڵەتی ئیسڕایلەوە تیرۆر کرا. هەڵبژاردنی کات و شوێنی تیرۆرەکە، زیاتر لە خودی تیرۆرەکە گرنگی هەیە. بە کردارە تیرۆریستیەکانی دەوڵەتی ئیسڕایل دژبە فەرماندە نیزامیەکانی کۆماری ئیسلامی لە سوریە، فەرماندەکانی حیزبوڵڵا و حەماس لە سوریە و لوبنان گومانێک نەماوەتەوە کە ماشێنی تیرۆری ئەم ڕژیمە خاوەنی زانیاری ورد و دەستی یەکەم بووە سەبارەت بەم کەسانە و دەیتوانی ئیسماعیل هەنیە لە قەتەر و یان تورکیەش تیرۆر بکات. بەڵام هەڵبژاردنی تیرۆر لە تاران و لە ڕۆژی مەڕاسمی دەستبەکار بوونی سەرۆک کۆماری تازەی کۆماری ئیسلامیدا و دوای گەڕانەوەی بنیامین نەتانیاهو لە واشنگتۆن، زۆر ئاگانە و لەسەر بنەمای هەڵسەنگاندنی دەقیق لە ڕاستای ئەمانجێکی سیاسیدا بەڕێوەچووە.
ئامانجی یەکەم؛ تیرۆر کردنی ئیسماعیل هەنیە بە مەبەستی تەقاندنەوەی وتووێژەکانی ئاتەش بەس لە غەزە بەڕێوەچووە کە بە ئیبتیکاری ئەمریکا، میسر و قەتەر پێشنیار کرابوو. کوژرانی لایەنێکی وتووێژەکە، نەک بۆ هاسانکاری لە ڕەوتی وتووێژەکاندا بەڵکو بۆ تێکدانی بەڕێوەچووە. دەوڵەتی بناژۆخواز و فاشیستی نەتانیاهو بۆ دەرچوون لەم بونبەستەی ئێستای لە سیاسەتی نێوخۆییدا و بۆ درێژەدانی شەڕ تا مانگی نوامبر و هەڵبژاردنی ئەمریکا پێویستی بە وتووێژی ئاشتی و ئەتەش بەس نییە.
ئامانجی دووهەم؛ ئەم تیرۆرە، لەپاڵ تیرۆر کرانی فوئاد شوکری ڕێبەری نیزامی حیزبوڵڵا لە بەیڕوت، ڕۆژێک بەر لەو، بۆ پەرەدان بە شەڕ و کێشانی بە تەواوەتی حیزبوڵڵا بۆ نێو ئەم شەڕە ناوچەییەیە. شەڕێک کە پێی ئەمریکا وەک داکۆکیکارێکی هەمیشەیی و سەرسەختی ئیسڕایل بۆ نێو گۆڕەپانی شەڕ دەکاتەوە.
ئامانجی سێهەم؛ بە هەڵسەنگاندنی ئەگەری وڵامدانەوەی کۆماری ئیسلامی، حیزبوڵڵا و حەماس بەم کردارە تیرۆریستیە، و ئەگەری بەرین بوونەوەی شەڕ لە ناوچەکەدا، دەوڵەتی جۆبایدن و جێگرەکەی کامیلا هەریس بە توندی دەکەونە بارودۆخێکی نالەبارەوە. پشتیوانی کردن و نەکردنیان لە ئیسڕایل کاریگەرییەکی یەکلاکەرەوەی لەسەر هەڵبژاردنی مانگی نوامبر دەبێت. دەوڵەتی نەتانیاهو دەیەوێ بە کوتانی دەهۆڵی شەڕ و پەرەپێدانی و بە کەڵک وەرگرتن لە وڕێنە و لەفازی کۆنەپەرستانە و فاشیستی دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی دژبە مەوجودیەتی ئیسڕایل، بەر بە سەرکەوتنی دیموکڕاتەکان لە هەڵبژاردنی داهاتودا بگرێت و بە سەرکەوتنی دۆناڵد تڕامپ، دەستی ئیسڕایل بۆ پەرەدان بە نەسل کوژی بە ئاشکرا و درێژەدان بە داگیرکردنی سەرزەوی فەلەستینیەکان کراوەتر بێت.
ئامانجی چوارەم؛ تەقاندنەوەی سیاسەتەکانی ئێستای هەستەی سەختی دەسەڵات و سەرۆک کۆماری تازەی کۆماری ئیسلامی کە بە دروشمی سازان و هەڵکردن لەگەڵ دنیای دەرەوە هاتۆتەسەر کار، کوشتنی میوانی کۆماری ئیسلامی لە ئێراندا، بابەتێک نییە کە لە لایەن دەوڵەتی مەجەراجو و فاشیستی کۆماری ئیسلامیەوە بێ وڵام بمینێتەوە. ڕاست بەم هەڵسەنگاندنە دەقیقە، ئەم تیرۆرە لە ڕۆژی دەستبەکار بوونی سەرۆک کۆمار و لە تاران بەکردەوە دەردێت. دەوڵەتی ئیسڕایل سیاسەتی هەڵکردن و سازانی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ ئوروپا و ئەمریکا بە زیانی خۆی دەبینێ و بەردەوام لە دەسەڵاتدار بوونی هارترین گوروپە فاشیستیەکان لە ئێراندا خۆشخال بووە و کەڵکی لێوەرگرتوە.
ئامانجی پێنجەم؛ بە تیرۆر کردنی پلەبەرز ترین و گرنگترین میوانی ڕژیم لە مەڕاسمی دەست بەکار بوون لە نێو جەرگەی تاران و لە میوانخانەیەکی پارێزراودا، دەوڵەتی ئیسرایل بانتر بوونی ئیتلاعاتی و ئەمنیەتی خۆی بە ڕووی کۆماری ئیسلامیدا کێشاوە و وەرشکست بوون و گەندەڵی نیهادینە بوو لە پێکهاتەی ئەمنیەتی ڕژیمیدا پێشاندا. ئەم تیرۆرە زللەیەکی بەهێز بوو لە بناگوێی ڕژیمیان سرەواند کە بە وڵامدانەوەی” وەعدەی سادق” پێیوا بوو گەیشتۆتە ئەسڵی” بەرگری و بازدارەندەگی” لە شەڕی سێبەرەکاندا. ئەمەش قەیرانی نێوخۆیی حاکمیەتی ئیسلامی بە توندی پەرە پێ ئەدات و بێ متمانەیی لە ناوەندە ئەمنیەتیەکاندا زیاتر دەکات و باندە جۆراوجۆرەکان و مافیای دەسەڵات دەخاتە گیانی یەکتر.
ئەگەر دەوڵەتی ڕەگەز پەرستی بناژۆ خوازی یەهودی ئیسڕایل دەتوانێ بە تیرۆر کردنی بەرنامە بۆ داڕێژراو بگاتە ئەم ئامانجەی، بەخاتری زاڵ بوونی نیزامی، ئەمنیەتی و یان سیاسی ئەم ڕژیمە نییە بەڵکو بە هۆی بە توندی دژی خەڵکی بوون و ماجەراجویی ڕژیمێکی ڕەگەز پەرست و بناژۆ خوازی ئاینییەکە سەرتاپای سیاسەتەکانی ئاو کردنە نێو ئاشی دەوڵەتی فاشیستی ئیسرایلە. سیاسەتە ماجەراجوییە ناوچەییەکانی کۆماری ئیسلامی، داکۆکی بە تەواو مانایە لە کرداری کۆنەپەرستانەی ڕێکخراوە بناژۆ خوازەکانی حەماس، جیهادی ئیسلامی، حیزبوڵڵا، ئەنساروڵڵا و گوروپە عێڕاقیەکانی بەناو” بەرەیخۆراگری” و کوتانی دەهۆڵی” دژی ئیستکباری” کۆنەپەرستانە، بە گشتی لە ڕاستای بەرژەوەندی دەوڵەتی ئیسڕایل و نەسل کوژیە بێ ڕەحمانە و دژی ئینسانیەکانی ئەم ڕژیمە و پشتیوانە ڕۆژئاواییەکانی دایە.
ئێستا بە بونبەست گەیشتنی ئەم ڕژیمە و ناچار بوونی بە وڵامدانەوە بەم تیرۆرە کە سەرجەم ناوەندە ئەمنیەتیەکانی ڕژیمی سەر شۆڕ و ڕێسوا کردوە، مەترسی پەرەگرتنی تێهەڵچوونە ناوچەییەکان و بلێسەدار بوونی شەڕە کۆنترۆڵ نەکراوەکان کە هەموو کات و ساتێک ئەگەری هەیە لە کۆنترۆڵ دەربچێت، زیاتر لەپێشوو زیادی کردوە. پەرەگرتنی تێکهەڵچوونەکان و شەڕە کۆنترۆڵ نەکراوەکان، ئامرازی دەستی حکومەتی ئیسلامییە بۆ دروست کردنی فەزای جەنگی، توند کردنەوەی سەکوتی هەڵسوڕاوانی مەدەنی، کۆمەڵایەتی و سیاسی کە لە ڕاستای ڕوخاندنی شۆڕشگێڕانەی ئەم ڕژیمە سەرکوتگەر و دیکتاتۆڕەدا و ئاخێزی بەردەوامی” ژن ژیان. ئازادی“داهەوڵ ئەدەن. توند بوونەوەی ئەم سەرکوتە هەوسار پچڕاوە ڕۆژانە لە ئێراندا دەبینین.
ئەرکی لە وەستان نەهاتوی ئێمە و سەرجەم ئەو هێزانەی کە لە ڕاستای ئازادی، دیموکڕاسی و سۆسیالیزمدا خەبات دەکەن ئەوەیە کە بە هەموو هێزەوە دژبە کردارە دژی ئینسانی و تا ئەوپەڕ کۆنەپەرستانەی هەردوو لایەنی ئەم شەڕە خوێناویە خەبات بکەین. پشتیوانی کردن لە ئاڕمانەکانی خەڵکی فەلەستین و هاودەردی لەگەڵ ڕەنج و ئازارەکانی فەلەستینیەکان یەکێک لە ئەرکە لە وەستان نەهاتوەکانی ئیمەیە. بەردەوام خەبات و تێكۆشان دژی فاسیزمی مەزهەبی چ لە بەرگی یەهودیدا بێت و چ لە بەرگی ئیسلامیدا، بە ئەرکی خۆمان دەزانین. هەموو ئەوانەی کە بە بیانوی خەبات دژی ڕژیمی کۆنەپەرست و دژی خەڵکی کۆماری ئیسلامی دەچنە پاڵ ئیسڕایل و یان لە بەرانبەر کردارەکانی دەوڵەتی ئیسڕایلدا سەبارەت بە نەسل کوژی بە تەواومانی خەڵکی فەلەستین و داگیر کردنی سەرزەویەکانیان مۆری بێدەنگیان لە لێویانداوە، پشت دەکەنە سەرجەم مافەکانی مرۆڤ، ئەخلاقیات، ئینسانیەت و سەرجەم ئەرزشە ئازادی خوازانە، بەرابەری تەڵەبانە و ڕزگاری بەخشەکان. بە پێچەوانەکەشی هەموو ئەوانەی کە بە بیانوی دژایەتی کردن لەگەڵ جەنایەتەکانی دەوڵەتی ئیسڕایل لەبەرانبەر جەنایەت و ماجەراجویی و سەرکوتگەریەکانی ڕژیمی ئیسلامیدا بێدەنگن ڕاست پشت دەکەنە هامان ئەو ئەرزشانەی لە سەرەوە باسیان کرا.دیفاع لە هاوپشتی نێونەتەوەیی کرێکاران، زەحمەتکێشان و جەماوەری خەڵک لە ناوچەکە و لە سەرتاسەری دنیادا لە زومرەی ئەرکە هەمیشەییەکانمانە. ئەگری شەڕە ناوچەییەکان لە هەموان زیاتر دوکەڵەکەی دەچێتە چاوی زەحمەتکێشانەوە. با بە هەموو هێزمانەوە دژی پەرەسەندنی شەڕ و شەڕخوازیەکان بوەستین.
بڕوخێ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی
سەرکەوێ شۆڕشی جەماوەر
بژی ئازادی، دیموکڕاسی و سۆسیالیزم
حیزبی کومونیستی ئێران
ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێری ئێران( ڕاهی کارگەر)
شەممە ١٣ ی گەلاوێژ بەرابەر لەگەڵ ٣ ی ئاگوست ی ٢٠٢٤