
ڕۆژی سێشەممە ١٩ی ڕەشەمە، وەزارەتی بەرگریی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی ڕایگەیاند کە سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئەو وڵاتە ڕووبەڕووی ژمارەیەک مووشەکی بالستیکی و پەهبادی بووەتەوە.
بەپێی ڕاگەیاندراوەکە، لە کۆی ٩ مووشەکی بالستیکی، هەشت مووشەک تێک شکێنراون و یەکێکیان لەسەر دەریا کەوتووەتە خوارەوە. هەروەها لە کۆی ٣٥ پەهباد ٢٦یان پێش گەیشتن بە ئامانج تێک شکێنراون و ٩ پەهبادیش لە ناو خاکی ئیمارات کەوتوونەتە خوارەوە. وەزارەتی بەرگریی ئیمارات ئاماژەی بەوە کردووە کە تا ئێستا ٢٦٢ مووشەکی بالستیکی لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە بەرەو ئیمارات هاوێژراون کە ٢٤١یان تێک شکێنراون و لە کۆی ١٤٧٥ پەهباد، ١٣٨٥ پەهباد پێش گەیشتن بە ئامانجەکانیان تێک شکێنراون. بەپێی ئەم زانیارییانە، ئەم هێرشانە تا ئێستا بوونەتە هۆی گیانلەدەستدانی ٦ کەس لە شارومەندانی ئیمارات، پاکستان، نیپاڵ و بەنگلادێش.