وەزیری کار لە پەراوێزی کۆبوونەوەی کابینە لە ڕۆژی دەیەمی ڕێبەندان وتی:”ئێستا خەریکی وەرگرتنی ڕاوبۆچوونی لایەنەکانی کرێکاران و خاوەنکارەکانین بۆ بڕیاردان لە شۆڕای باڵای کار، بۆ ئەم مەبەستەش بانگەوازێکمان بڵاوکردۆتەوە“. لەم بانگەوازەدا، لە بەناو چالاکانی کرێکاری و خاوەنکارەکان بانگهێشت کراوە بۆ ئەوەی ڕاوبۆچوونی خۆیان سەبارەت بە دیاریکردنی لانیکەمی حەقدەستی ساڵی ١٤٠٤ پێشکەش بکەن. پێویستە ئەو سەرنج و بۆچوونانە تا ٢٠ی ڕێبەندان بگاتە دەستی ئەو شۆڕایە. یەکێک لەو بەناو چالاکە کرێکاریانە دەڵێت “لەبری بانگەواز و بەفیڕۆدانی کات، یاسای کار بەشێوەیەکی دروست جێبەجێ بکەن“. ئەو هەروەها ڕوو بە وەزیری کار دەڵێت: “ئێمە کتێبێکمان هەیە بە ناوی کتێبی یاسای کار و هەموو بابەت و زانیارییەکانیش لە کۆبوونەوەکانی شۆڕای باڵای کاردا کە پێکدێت لە حکوومەت و خاوەنکار و کرێکاران، جێگیرکراون“. بە وتەی ئەم هەڵسووڕاوە، لە یاسای کاردا هاتووە کە لانیکەمی حەقدەست دەبێت پێداویستییەکانی ژیانی بنەماڵەیەکی چوار کەسی دابین بکات و دەڵێت: “بە باوەڕی من دەبێ حەقدەستەکان بەرزتر لە ئاستی هەڵاوسان لەبەرچاو بگیرێت، چونکە لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا زیادکردنی حەقدەستەکان کەمتر بووە لە ڕێژەی ڕاگەیاندراوی هەڵاوسان و ئەوەش وایکردووە کەلێنی گەورە لەنێوان حەقدەست و بژێوی خەڵکدا دروستبێت و کرێکارانیش نەتوانن بژێوی ژیانیان دابین بکەن“. ئەو جگە لە پێویستی زیادکردنی لانیکەمی حەقدەست هاوتەریب لەگەڵ هەڵاوسان و تێچووی ڕاستەقینەی ژیان، خوازیاری بیمەی سەرجەم کرێکاران دەبێ و دەڵێت: بیمە بۆ هەموو پیشەکان ناچارییە. پێویستە بیمەی خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتیشمان هەبێت بۆ پێشە ئینتەرنێتییەکان. ئەو وێڕای ئاماژە بەوەی کە نزیکەی ٦ ملیۆن کرێکار لە وڵاتدا هەن کە هیچ بیمەیەکیان نییە، دەڵێت کە ٢ ملیۆن کەس لە پیشە ئۆنلاینەکاندا کار دەکەن کە لە هیچ بیمەیەک بەهرەمەند نین. مامۆستایەکی زانکۆش وێڕای ئاماژە بەوەی کە خواستی حەقدەست پێویستی بە ڕاپرسیی نییە، دەڵێت: خاوەنکارەکان بە زیادکردنی لانیکەمی حەقدەست بە ڕێژەی هەڵاوسانی ڕاستەقینە و بەڕێچوونی ژیان ڕازی نابن و هەوڵیش دەدەن بە شێوازی جۆراوجۆر خۆیان لە پێدانی حەقدەست بەدوور بگرن.
ئاماژەکانی ئەم مامۆستایە دەریدەخات کە لە زومرەی ئەو کەسانەیە کە باوەڕی هەیە بە پێویستی زیادکردنی توانایی کڕینی کرێکاران، بۆ ئەوەی ئابووری گەشە بکات، بەڵام پێی وایە کە دەوڵەت دەبێ زیادکردنی لانیکەمی حەقدەستەکان قبوڵ بکات. هاوکات دان بەوەشدا دەنێت کە لە هەلومەرجی ئێستادا دەوڵەت هیچ داهاتێکی نییە. ئەو دەڵێت کەسانێکی زۆر دارا و دەوڵەمەند هەن کە دەتوانن بەپێی سامان و داهاتەکانیان باج بدەن، بەڵام نایکەن. ئەم باجانە دەتوانن زۆر کێشە و گرفت و لەوانە کەمی حەقدەستەکان چارەسەر بکەن. بێگومان ئەم مامۆستایەش وەک زۆر کەسی تر، دارا و دەوڵەمەندەکان دەناسێت، بەڵام ئاماژەیان پێ ناکات. ناوەندی جێبەجێکاری فەرمانی ئیمام، بونیادی موستەزعەفان، بونیادی تەعاونی سپا و ناجا و هەروەها بونیادی تەعاونی ئەرتەش کە لە دەست خامنەیی و هێزە سەرکوتگەرەکاندان، لە زومرەی ناسراوترین خاوەنانی ئەو سامانە بەتاڵان براوەن. کرێکارانی وشیار، خەباتکار و هەڵسووڕاوانی کرێکاری و کرێکارانی خانەنشینیش ئەم واقیعییەتە دەناسن. بەڵام هاوکات زیندان و ئەشکەنجە و پەروەندەسازی لەلایەن دادوەرە گەندەڵ و لێکۆڵەرە جەلادەکانیش دەناسن. ئەوان هەموو مانگێک بە پانتایی جوگرافیای ئێران بەشداری سەدان مانگرتن و ئاکسیۆن دەکەن و خواستی زیادکردنی حەقدەست و باشترکردنی بژێوی ژیانی خۆیان و بنەماڵەکانیان دەخەنەڕوو.
هەرچەندە ئەم ئاکسیۆنانە کەمتر بوونەتە هۆی زیادکردنی حەقدەست یان باشترکردنى ژیانی کرێکاران، بەڵام ئاستی وشیاری کرێکارانی بەشداربووی ئەو ئاکسیۆنانەیان بەرزتر کردووەتەوە و بۆتە هۆی ئەوەی کە هەڵسووڕاوانی ئەو بوارە یەکتر باشتر بناسن. لە هەناوی ئەوەشدا، خەباتی ڕێکخراوە کرێکارییەکان شکڵ دەگرێت و یەکگرتوویی و لێکنزیکبوونەوەی زیاتر دابین دەبێت. لە ئێستادا ئەم یەکگرتووییە لە ناو خانەنشینەکاندا زیاتر بەرچاو دەکەوێت، چونکە ناتوانرێت خانەنشینەکان دەرکرێن. بەڵام سێبەری ترسی هەڕەشەی لەسەرکار دەرکردن و نەدانی حەقدەست لە کاتی خۆیدا و زیندانیکردن لەلایەن خاوەنکارانەوە، بەردەوام بەسەر سەری کرێکاراندا دەسووڕێتەوە.
کۆمەڵانی خەڵکی ئازادیخواز و ناڕەزای، پشتیوان و داکۆکیکاری باشترکردنی توانایی کڕینی کرێکاران، پاراستنی کەرامەت و دابینکردنی مافە دێموکراتییەکانیانن هاوشێوەی هاوڵاتیانی تر. ئەودزوگەندەڵانەیکەسەروەتوسامانیبێشووماریئێرانیانبەشێوازیجۆراوجۆرتاڵانکردووە،تەنهابەهێزیکۆمەڵایەتیچینیکرێکاردەتوانرێتناچاربکرێنکەزاریکیسەکانیان
بکەنەوە. ئەگینا هەروا بەردەوام دەبن لە چەوسانەوە و برسی هێشتنەوەی کرێکاران. وتە پووچ و بێ بنەماکانی وەزیری کار و بەناو چالاکانی کرێکاری شۆڕا ئیسلامییەکانی کاریش، تەنیا زیان دەگەیەنن و هیچی تر.