به‌یانی سێشه‌ممه ٣١ی پووشپه‌ڕ، حه‌فتاوهه‌شته‌مین حه‌فته‌ی كارزاری سێشه‌ممانه‌ی نا بۆ سێداره له ٤٨ به‌ندیخانه‌ی ئێران به‌ڕێوه چوو و زیندانیانی مانگرتوو خوازیاری هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی حوكمی ئێعدام و ئازادی به‌ندكراوانی سیاسی بوون.
به‌ندكراوانی مانگرتوو له به‌یاننامه‌یه‌كدا وێڕای شه‌رمه‌زاركردنی سه‌پاندنی سزای سێداره به سه‌ر ژماره‌یه‌كی دیكه له به‌ندكراوانی شۆڕشی ژینا و چوونه‌سه‌ره‌وه‌ی ئاماری ئێعدامه‌كان ڕایانگه‌یاند: ده‌زگای قه‌زایی ڕژیم له مانگی پووشپه‌ڕدا به‌لانیكه‌م ٧١ كه‌سی له سێداره داوه، ئه‌و حوكمانه به بێ دادڕه‌سی دادپه‌روه‌رانه و له ڕێگه‌ی وه‌رگرتنی دانپێدانانی زۆره‌ملێ ده‌ركراوه. هاوكات كۆماری ئیسلامی گوشاره‌كانی بۆ سه‌ر چالاكانی سیاسی، مه‌ده‌نی، كرێكاری و سنفی دوو هێنده كردووه و سه‌ره‌ڕای بانگهێشتی بنه‌ماڵه دادخوازه‌كانی كارزاری نا بۆ ئێعدام، درێژه‌ی به ئه‌شكه‌نجه، دوورخستنه‌وه و ڕفاندن داوه. حكوومه‌ت به به‌ئامانجگرتنی ڕاسته‌وخۆی خه‌ڵك، ڕۆاڵه‌تی سه‌ركوتگه‌رانه و دژه مرۆڤانه‌ی خۆی زۆرتر له ڕابردوو ده‌رخستووه. كارزاری سێشه‌ممانه‌ی نا بۆ ئێعدام ده‌رفه‌تێكه بۆ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی سزای سێداره و هه‌وڵێكه بۆ ئازادی به‌ندكراوانی سیاسی، به بۆنه‌وه داوا له هه‌موو خه‌ڵكی ئێران ده‌كه‌ین پاڵپشتی له‌و كه‌مپه‌ینه بكه‌ن.