ڕۆژی سێشه‌ممه ٤ی به‌فرانبار، هه‌زاران دانیشتووی شاری حه‌سه‌كه له ڕۆژئاوای كوردستان بۆ پشتیوانی له هێزه‌كانی سووریای دیمۆكراتیك ڕژانه سه‌ر شه‌قام و خوازیاری ڕاگرتنی هێرشه‌كانی ده‌وڵه‌تی توركیا بوون.
له حاڵێكدا سه‌رچاوه‌كانی هه‌واڵ باسیان له دانانی ناوچه‌ی دژه فڕین له باكوور و ڕۆژهه‌ڵاتی باكووری سووریا كردبوو، فڕۆكه بێفڕۆكه‌وانه‌كانی ده‌وڵه‌تی توركیا ڕۆژی سێشه‌ممه بۆ ڕێگری كردن له پێشڕه‌وییه‌كانی هێزه‌كانی سووریای دیمۆكراتیك هێرشیان كرده سه‌ر چه‌ند ناوچه، به‌ڵام ڕێژه‌ی زیانه‌كانی ئاشكرا نه‌كراوه. به‌و بۆنه‌وه خه‌ڵكی حه‌سه‌كه ڕۆژی ڕابردوو ڕژانه سه‌ر شه‌قام و خوازیاری قه‌ده‌غه‌كردنی فڕینی فڕۆكه‌كانی ده‌وڵه‌تی توركیا له ڕۆژئاوای كوردستان و پاڵپشتی له هێزه‌كانی سووریای دیمۆكراتیك بوون. به پێی زانیارییه‌كان، شه‌ڕێكی قورس له ده‌ورووبه‌ری شاری منبج و سه‌ریكانی له ئارادایه و تیرۆریستانی سه‌ر به توركیا زیانی گه‌وره‌یان پێ گه‌یشتووه.