ڕۆژی یه‌كشه‌ممه ٢٤ی خاكه‌لێوه، كوردانی دانیشتووی ئاڵمان و دۆستانیان دژ به سه‌ركوتگه‌رییه‌كانی ده‌وڵه‌تی ئه‌ردۆغان له شاری به‌ڕلین خۆپێشاندانیان كرد.
پلاتفۆرمی دیمۆكراسی به‌ڕلین كه له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵێك له دامه‌زراوه و ڕێكخراوه مه‌ده‌نییه‌كان ڕێكخراوه ئه‌و خۆپێشاندانه‌ی ساز كردووه و سه‌دان كه‌س تێدا به‌شدار بوون. به‌شداربووانی ئه‌و چالاكییه ڕایانگه‌یاند: توركیا وڵاتی تورك، كورد، عه‌له‌وی، سۆنه مه‌زهه‌ب، ئه‌رمه‌نی و هه‌موو چین و توێژه‌كانی ئه‌و وڵاته‌یه و پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتیانه‌یان ده‌وێت. زیندانیكردنی شاره‌دارانی هه‌ڵبژێردراوی خه‌ڵك و دانانی قه‌یووم له جێگه‌یان، هه‌روه‌ها ئه‌شكه‌نجه و كوده‌تا ناتوانێت ده‌نگی ئازادیخوازی و به‌رابه‌ری ته‌ڵه‌به‌ی گه‌لانی توركیا كپ بكات. گه‌لانی شه‌یدای دیمۆكراسی و دادخوازی له توركیا ڕووبه‌ڕووی سه‌ركوتگه‌رییه‌كانی ئه‌ردۆغان ده‌بنه‌وه و داوای ئازادی هه‌موو به‌ندكراوانی سیاسی ده‌كه‌ن.