ڕۆژی سێشه‌ممه ٢٠ی سه‌رماوه‌زی ١٤٠٣، كوردانی دانیشتووی چه‌ند شاری باكووری كوردستان و په‌نابه‌رانی ئۆردووگای مه‌خموور له هه‌رێمی كوردستان هاوڕێ له‌گه‌ڵ كوردانی ده‌ره‌وه‌ی وڵات دژ به داگیركارییه‌كانی توركیا له ڕۆژئاوای كوردستان خۆپێشاندانیان كرد.
به‌پێی ڕاپۆرته‌كان كوردانی باكووری كوردستان له چه‌ند شاری توركیا دژ به كۆمه‌ڵكوژی خه‌ڵكی ڕۆژئاوای كوردستان له‌لایه‌ن گرووپه ئیسلامگه‌راكانی سه‌ر به ئه‌ردۆغان خۆپێشاندانیان كردووه و خوازیاری ڕاگرتنی هێرشه‌كان بوون. له ئۆردووگای په‌نابه‌رانی مخموور ئاواره‌كانی باكووری كوردستان ڕێپێوانیان كرد و خوازیاری كاردانه‌وه‌ی توندی كۆمه‌ڵگای جیهانی له ئاست جه‌نایه‌ته‌كانی ده‌وڵه‌تی فاشیستی توركیا بوون. له وڵاته‌كانی ئاڵمان، سوید، سویس، فه‌ڕانسه، به‌ریتانیا و نۆ‌رویژ كوردانی دیاسپۆڕا ڕژانه سه‌ر شه‌قام و به وتنه‌وه‌ی دروشم خوازیاری كۆتایی هێنان به داگیركارییه‌كانی توركیا له ڕۆژئاوای كوردستان بوون.