خۆڕاگریی سەخت بەرامبەر بە بوژانەوەی نازیزم

ماڵپه‌ڕی په‌یام

 ئایلان ماسک ڕۆژی شەممە ٢٥ی ژانوییە بەرامبەر بە ٦ی ڕێبەندان، بە شێوەیەکی چاوەڕوان نەکراو لە ڕێگای دوورەوە، بەشداری لە پرۆسەی هەڵبژاردنی حیزبیئەڵتەرناتیڤ بۆ ئاڵمان” (AfD) لە شاری هالەی ڕۆژهەڵاتی ئاڵمان کرد. ناوبراو کە لە ڕێگەی ویدیۆ کۆنفڕانسەوە قسەی بۆ ئامادەبووان دەکرد، لەبەردەم جەماوەرێکی چوار هەزار و ٥٠٠ کەسی و شانبەشانی ئالیس وایدل، سەرۆکی ئەو پارتە ڕاستە توندڕەوەدا، چەند ڕستەیەکی ڕەگەزپەرستانەی بەکارهێنا. ئەو بۆ نموونە وتی: ” شانازیکردن بە فەرهەنگی ئاڵمانی، بەها ئەڵمانییەکان و هەوڵدان بۆ پاراستنیان لەناو جۆرێک لە فرە کولتوریدا، کە هەموو شتێکی بێمانا کردووە، کارێکی باشە“. ناوبراو لە لێدوانێکدا کە بە ئاشکرا ئاماژەیەک بوو بە ڕابردووی نازییەکانی ئاڵمان، وتی: منداڵان نابێت تەنانەت لەبەرامبەر تاوانی دایک و باوکیاندا هەست بە تاوانباری بکەن، چ بگات بە تاوانی باب و باپیریان. ئەو لە درێژەی قسەکانیدا وتی، زۆر گرنگی بە تاوانەکانی ڕابردوو دەدرێت و پێویستە لەوە تێپەڕبین. ئەو بەمەبەستی پشتیوانی لە دەنگدان بە حیزبی ڕاستی توندڕەو وتی، من بۆ حیزبی ئەڵتەرناتیڤ بۆ ئاڵمان، زۆر بە پەرۆشم و پێموایە بەڕاستی ئێوە باشترین هیوای ئاڵمانن، هەربۆیە لەپێناو داهاتوویەکی مەزن بۆ ئاڵماندا تێبکۆشن.

ئەمە دووەمجارە لە ماوەی دوو هەفتەدا، ئەم سەرمایەدارە کۆنەپەرستە، بە ئاشکرا پشتیوانی ئەم پارتە ڕاستە توندڕەوە دەکات. ئەم کردەوە فاشیستییە ئاشکرایە لە لایەن ماسکەوە، دەریدەخات کە سڵاوکردنە شێوە نازییەکەی لە کاتی دەستبەکاربوونی ترامپیشدا، بە ئەنقەست بووە. ڕێکخراوە سۆسیالیست، سندیکالیست و هێزە دژە فاشیستەکان لە هەندێک لە شارەکانی ئاڵمان بە بەڕێوەبردنی ئاکسیۆن و خۆپێشاندان، دژ بە هەڵس و کەوتەکانی پارتی ئەڵتەرناتیڤ بۆ ئاڵمان لە دەستپێکی بانگەشەی هەڵبژاردن و لێدوانی ڕێبەرانی ئەو حیزبە بۆ بەرگریکردنی ئاشکرا لە نازیزم و لێدوانی ڕەگەزپەرستانەی ماسک، ناڕەزایەتییان دەربڕی. ڕۆژی شەممە ٢٥ی ژانوییە، نزیکەی ١٠٠ هەزار کەس بۆ پشتیوانی لە دێموکراسی و لە دژی ڕەوتی ڕاستی توندڕەو، لە زیاتر لە ٦٠ شوێن، خۆپیشاندانیان بەڕێوەبرد. لە ئەشافنبۆرگەوە بگرە تا ویسبادن، خەڵکی توڕە و ناڕازی، بۆ بەرگری لە کۆمەڵگەیەکی دێموکراتیکی خاوەن ڕەگەز و فەرهەنگی جۆراوجۆر، ناڕەزایەتیان دەربڕی. گەورەترین ڕێپێوان لە برلین بە بەشداری نزیکەی ١٠٠ هەزار کەس و لە شاری کۆڵن بە بەشداری ٤٠ هەزار کەس بەڕێوەچوو. بەشداربووانی خۆپیشاندانەکەی بڕلین، بە توندی بەرامبەر بە شێوازی بانگەشەی هەڵبژاردنی حیزبی ئەڵتەرناتیڤ بۆ ئاڵمان (AfD) و لایەنگرەکەی واتە ئایلان ماسک، ناڕەزایەتیان دەربڕی. زۆرێک لە بنەماڵەکان بەشداری خۆپیشاندانەکە بوون. جەماوەرەکە لەو خۆپیشاندانەدا دروشم و گۆرانیی دژە فاشیستیان دەوتەوە.

سەندیکالیستەکان و باقی ڕێکخەرانی تری خۆپیشاندانەکان، گەلێک دڵخۆش بوون بە بەشداری ئەو ژمارە زۆرەی خەڵک لە ناڕەزایەتییەکاندا. ڕێژەی بەشداربووان لە هەموو شوێنەکان زۆر زیاتر بوو لە ئاستی پێشبینییەکانیان. بۆ نموونە ئەوان پێیانوابوو لە شاری کۆڵن تەنیا پێنج هەزار کەس بەشداری خۆپیشاندانەکە دەبن، بەڵام سەرەڕای هەوای سارد و بارینی باران، ٤٠ هەزار کەس بەشدارییان کرد. بەگوێرەی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەیتاتسڕۆژەکانی هەینی و شەممە ٢١ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بەڕێوە چوو کە زیاتر لە ٩٠ هەزار کەس تێیاندا بەشداربووە. بەپێی بەراوردی ڕێکخەرانی ناڕەزایەتییەکان، تەنانەت زیاتر لە ٢٠٠ هەزار کەس بەشدارییان کردووە. هاوشێوەی ساڵی ڕابردوو ئەم بزووتنەوەی لایەنگری دێموکراسییە، بە تایبەت بە سەرهەڵدان لە شارە بچووکەکان، بوێری و ئازایەتیی ئەو خەڵکە نیشان دەدات کە بەرگری لە بەهاکانیان دەکەن. بەپێی لێکۆڵینەوەکانی ڕۆژنامەی تاتس، لە ٢ی ژانوییەوە تا ئێستا زیاتر لە ١٠٠ خۆپیشاندان بەڕێوە چووە کە بە گشتی زیاتر لە ١٠٠ هەزار کەس بەشدارییان تێدا کردووە.

ڕاستە توندڕەوەکان لە هەندێک ناوچەی جیهان لەوانە ئەمریکا، لە هەڵبژاردنەکاندا سەرکەوتنیان بەدەستهێناوە. ئەم ڕووداوانە بۆتە هۆی ئەوەی کە میدیا سەرەکییەکان کە زۆربەیان لەلایەن ملیاردێرەکانەوە خاوەندارێتی دەکرێن، وا نیشان بدەن کە نەک تەنیا ڕاستی توندڕەو، بەڵکوو ڕاستە هەرە توندڕەوەکانیش بە خێرایی خەریکن بەهێز دەبن و کەسیش ناتوانێت ڕێگرییان لێبکات. ئەوان بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان، تا ئەو جێگایەی کە بتوانن هەر چەشنە دەستکەوتێکی ڕاست و نیئۆنازییەکان گەورە دەکەنەوە و گرنگی بە کاردانەوەی ئازادیخوازان و هێزە دژە فاشیستەکان نادەن. ئەمە ڕێک ئەو کارەیە کە ئایلان ماسک لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس دەیکات. بەڵام لە بەرامبەر هەڵسووکەوتی کۆنەپەرستانی وەک ئەودا، دێموکراسیخوازان و سۆسیالیستەکان بەش بە حاڵی خۆیان چالاکتر بوون. خۆپیشاندانی بەرینی ڕۆژی شەممە ٢٥ی ژانوییەی ئینسانە پێشکەوتنخوازەکانی ئاڵمان، لە زومرەی نموونە بەرچاوەکانییەتی. ئێستا سەرمایەداران کە سیستمەکەیان گرفتاری قەیرانێکی قووڵ و چارەهەڵنەگرە، ئیتر هەلومەرجی گونجاویان لەبەردەمدا نییە بۆ دەستپێکردنی شەڕێکی جیهانی دیکە و هێنانە مەیدانی نازیزم و فاشیزم. لە ئاوا هەلومەرجێکدا جگە لە سۆسیالیزم، هیچ ڕێگایەکی تر بۆ ڕزگاربوونی مرۆڤایەتی و ئیمکانی ژیان لەسەر گۆی زەوی بوونی نەماوە.

  

0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە

پەیام نێت

گەلەری

هاوڕێمان بن! ​

پەیوەندی

  Copyright © 2023, All Rights Reserved Payaam.net