خەباتی خوێندكاران بەشێكە لە بەردەوامیی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژن، ژیان، ئازادی

ماڵپه‌ڕی په‌یام

 

میر محەممەد خالقی، خوێندکارێکی تەمەن ١٩ ساڵەی بەشی بەڕێوەبردنی كار و کاسبی زانكۆی تاران، ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە ٢٤ی ڕێبەندان لە كاتی چوونە دەرەوە لەو زانكۆیە، لە هێرشێكی تەمومژاویدا بە چەقۆ گیانی لەدەستدا. مەرگی ئەو خوێندکارە بێتاوانە، كە خرایە پاڵ دز و ڕێگەکان، بووە هۆی تەقینەوەی ڕق و تووڕەیی پەنگخواردووی خوێندكارانی بەشەناوخۆییەکانی زانكۆی تاران و تەنانەت زانكۆكانی تریشی گرتەوە. گرووپە جۆراوجۆرەکانی خوێندكاران، داوایان لە خوێندكارانی خەباتكار كردووە کە بۆ ڕۆژی دووشەممە و سێشەممە، لە درێژەی كۆبوونەوە ناڕەزایەتییەكانی چەند رۆژی رابردوودا، سەبارەت بە گیان لەدەستدانی خالقی و دروستكردنی ئەو ژینگە نائارامەی كە چەندین جار بەرپرسانیان لێ ئاگادار كردبووەوە، سەرلەنوێ كۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بەڕێوە ببەن. ژمارەیەک لە خوێندكارانی زانكۆی بەهەشتی نووسیویانە:

ئێمە هەموومان خەمبار و دادخوازی خوێنی ئەمیر محەممەد خالقی‌ین. تكایە وێڕای هاوكاریكردن لە بڵاوكردنەوەی ئەم چالاكییانە، خوێندكارانی تریش بۆ بەڕێوەبردنی چالاكی هاوشێوە، بانگهێشت بكەن.” گرووپێك لە خوێندكارانی زانكۆی تاران لە ڕاگەیەندراوێکدا، لەسەر گرنگی ناڕەزایەتی هاوبەش و بەکۆمەڵ لەپێناو بەدیهێنانی داواكارییەكان، جەختیان كردووەتەوە. ئەوان نووسیویانە:

هێشتا زامی لەدەستدانی هاوزانكۆ ئازیزەكەمان تازە بوو كە بەرپرسانی زانكۆ بەپێی نەریتی هەمیشەیی، بە ملکەچبوون بە فەرمانی هێزە ئەمنییەكان و لیباس شەخسییەکان بۆ چوونە ناو حەساری زانكۆ، خوێیان بە برینی كۆمەڵگای خەمباری خوێندكاریدا پڕژاند. ئێمە كە لە بەشەناوخۆییەکانی زانكۆ كۆببووینەوە تاكو بە شێوەیەكی هێمنانە بەرامبەر بە سیاسەتە دژە خوێندكارییەكانی بەرپرسانی بەشەناوخۆییەکان و زانكۆ، لەوانە نائەمنی رێگاكانی نزیك زانكۆ و بەشەناوخۆییەکانی چەمران، ناڕەزایەتی دەرببڕین، بەهۆی کەمتەرخەمی بەرپرسانی زانكۆوە، لەگەڵ لیباس شەخسییەکان بەرەوڕوو بووینەوە. لێدان و ئەزیەت و ئازاری توندی خوێندكارێك، دەستگیركردنی ٤ خوێندكار، دزینی كەلوپەلی خوێندكاران ٢ هەروەها سووكایەتی و هەڕەشە، بریتی بوو لە ئاکامی هاتنە ناوەوەی سەرەڕۆیانەی هێزە ئەمنییەكان بۆ ناو حەساری زانكۆ و یەكێك بووە لە كێشەكانی زانكۆ.”

خوێندكارانی ناڕازی كە لە سێیەمین ڕۆژدا لە پەردیسی ناوەندی، لە هۆڵی هونەرە جوانەكان كۆببوونەوە، ڕوو بە دوژمن هاواریان كرد:حەراسەتی زانكۆ، دوژمنی ئێمە و ئامرازی دەستی سپائەم خوێندكارانە لە كاتی رۆیشتن بەرەو كۆلێژی فەننی، دروشمیان دەدا:

خوێندكارانی بە غیرەت، پشتیوانی، پشتیوانی،ئەگەر پێكەوە نەبین، دانە دانە دەكوژرێین“.

خوێنمان نەداوە كە سازش بكەین، بەرپرسی بكوژ، ستایش بكەین“.

خوێندكارانی ناڕازی لە زانكۆكانی تر، بە ڕاگەیەندراو و كۆبوونەوە هاوخەمییان لەگەڵ خوێندكارانی ناڕازی زانكۆی تاران دەربڕیوە و پشتیوانیان لە خەبات و ناڕەزایەتییەكانیان كردووە. بۆ نموونە لە ڕاگەیەندراوی كۆمەڵێك لە خوێندكارانی زانكۆی عەللامەدا هاتووە:

ئێمە خوێندكارانی زانكۆی عەللامە پشتیوانی تەواوی خۆمان لە ناڕەزایەتییەكانی زانكۆی تاران ڕادەگەیەنین و شەخسیعەلی خامنەیی، بە هۆكاری سەرەكی ئەو دۆخە خراپەی ئێستا و هەروەها كوشتنی خوێندكاری لاو،ئەمیر محەممەد خالقی دەزانین.”

بەرپرسانی زانكۆ و بەشەکانی تر، لە ترسی ناڕەزایەتی خوێندكاران و پشتیوانی چین و توێژە ناڕازییەكان لێیان، بە درۆ و چەواشەكاری، هەوڵیان داوە و هەوڵ دەدەن، ڕق و تووڕەیی خوێندكاران دابمرکێننەوە. لەم پەیوەندییەدا، ئیستا بازاڕیسەرەخۆشی و داوای لێبوردن و دەربڕینی شەرمەزاریسەبارەت بەم كەمتەرخەمی و ڕووداوە و هەروەها بەڵێنی هەڵگرتنی هەنگاوی خێرا و بەپەلە بەمەبەستی دابینكردنی ئەمنییەتی خوێندكاران لەلایەن بەرپرسانی زانكۆوە، گەرمە! بەڵام هەوڵەكانیان بۆ ڕازیکردنی خوێندكاران تا ئێستا سەركەوتوو نەبووە.

 ئەو ترس و لەرزەی كاربەدەستانی كۆماری ئیسلامی، كە لە بەرامبەر خوێندكارانی ناڕازیدا خۆی نیشان دەدات، هۆكاری بەربڵاو و قووڵتری هەیە. گڵۆڵەی ئاڵۆزکاوی قەیرانەكانی رژێم ئەم ڕۆژانە، ئالۆزتر بووە. خەباتی كرێكاران، خانەنشینان و خۆڕاگریی بوێرانەی ژنانی ئازادپۆش و توێژە ناڕازییەكانی تر، بووەتە دیاردەیەکی رۆژانە و بەردەوام. لە ئاوا دۆخێكدا ناكۆكییەكان لە سەرەوە پەرەیان سەندووە و تا ڕادەیەک ڕیزەکانی خوارەوەی هێزە سەرکوتگەرەکانیشی گرتۆتەوە.

ناڕەزایەتییەكانی ئێستای خوێندكاران، لە درێژەی ئەو خەبات و ناڕەزایەتیانەدا ڕوودەدات كە ئەمڕۆکە لە هەموو شوێنێكی ئێران لەپێناو بەدەستهێنانی مافە سەرەتاییەكانی خەڵكدا لە ئارادایە و خۆی بەشێكە لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەیژن، ژیان، ئازادی“. بزووتنەوەیەکی کە بەشێوەیەکی ژیرانە بەردەوامبوونی خۆی پاراستووە. شكستە یەک لەدوای یەكەكانی كۆماری ئیسلامی لە دەرەوەی سنوورەكان و شكستی پرۆژە پاوانخوازییەکانی، هاوکات لەگەڵ بەردەوامی ئەم خەبات و ناڕەزایەتییانە، دەبێتە هۆی پێکهاتنی كەلێنی زیاتر لە ناو بازنەی بەرتەسکی دەسەڵات و لاوازبوونی توانایی حکوومەتکردنی ئەوان بەسەر كۆمەڵگای ئێراندا و هەروەها ئەم كۆمەڵگایە بۆ دۆخی شۆڕشگێڕانە و نەبەردی كۆتایی، ئامادە دەکات.

0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە

پەیام نێت

گەلەری

هاوڕێمان بن! ​

پەیوەندی

  Copyright © 2023, All Rights Reserved Payaam.net