خەڵاتی ساخارۆف/ دەقی تەواوی پەیامەکەی موژگان ئیفتخاری دایکی ژینا ئەمینی لە پەرلەمانی ئەورووپا
23:40 – 12 December 2023
هەنگاو: سێشەممە ٢١ی سەرماوەزی ٢٧٢٣
خەڵاتی ساخارۆفی یەکێتیی ئەورووپا بۆ ئازادی ئەندێشە لە ساڵی ٢٠٢٣ی زایینی پێشکەشی ژینا ئەمینی و بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی کرا و ئەمڕۆ سێشەممە ٢١ی سەرماوەزی ٢٧٢٣ (١٢ی دیسەمبەری ٢٠٢٣) لە بارەگای پەرلەمانی ئەورووپا لە شاری ئێستراسبۆرگی فەرەنسا خەڵاتەکە پێشکەشی ساڵح نیکبەخت پارێزەری بنەماڵەی ئەمینی و ئەفسوون نەجەفی خوشکی حەدیس نەجەفی و مێرسدە شاهین کار لە قوربانیانی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی کرا.
هەر چەند پەرلەمانی ئەورووپا بنەماڵەی ژینا ئەمینییان بە فەرمی بانگهێشت کردبوو تا لەم ڕێوڕەسمەدا بەشدار بن بەڵام ڕۆژی هەینی ٨ی دیسەمبەر لە فڕۆکەخانەی خومەینی ڕێگری کرا لە سەفەری بنەماڵەی ژینا ئەمینی بۆ فەرەنسا.
خەڵاتی ئاندرێ ساخارۆف کە خۆی دژبەری یەکێتی سۆڤیەت پێشوو بووە، وەکوو ڕێزی تایبەتی یەکێتیی ئەورووپا بۆ چالاکییە مافی مرۆڤییەکان و هەروەها بۆ بەرگری لە ئازادییە بنەڕەتییەکان بە تایبەت ئازادی ئەندێشە دەستنیشان کراوە. ئەم خەڵاتە یەکەمجار لە ساڵی ١٩٨٨ی زایینی بە نێلسۆن ماندلا و ئانانوسیلی مارچینو و هەروەها ساڵی ڕابردووش بە خەڵکی بوێری ئۆکراینا بەخشرا.
لەم ڕێوڕەسمەدا ساڵح نیکبەخت کە بە نوێنەرایەتی بنەماڵەی ژینا ئەمینی بەشدار ببوو، پەیامی دایکی ژینا ئەمینی، موژگان ئیفتخاری خوێندەوە. دەقی پەیامەکە بەم شێوەیەی خوارەوەیە:
اندر دل من درون و بیرون همە اوست
اندر تن من، جان و ڕگ و خون همە اوست
اینجای چگونە کفر و ایمان گنجد
بی چون باشد وجود من، چون همە اوست (مولانا)
بەو دەمەت کە بۆنی سەد بەهاری لێوە دێ،
بۆنی دەشتی بەختیاری باوەشی چیای بە دەستی با، بە گوڵ چناوی لێوە دێ،
بۆنی سەر سەکۆی بە کاگڵی بە ئاوپژاوی لێوە دێ،
خۆشەویستەکەم
لە پەنجەرەی نیوەتاکی بوومەلێڵەوە
چاوی من لە دیمەنی کچی بەیانییە
لە حەنجەرەی زەمانەوە
گوێم لە زەمزەمەی زوڵاڵی خیزە وردەکانی کانییە. (سوارە ایلخانیزادە)
ژنان و پیاوان
پێم خۆش بوو لە کۆڕی بەنرخی ئێوە دا ئامادە بم، تا لە نزیکەوە و بە نوێنەرایەتی هەموو ژنانی نیشتمانەکەم لە ئێوە پێشکێشکارانی خەڵاتی بە نرخی ساخارۆف، خەڵاتی هێمای ئازادەیی پەرلەمانی ئەورووپا پێزانینی خۆم دەرببڕم. بەداخەوە بە پێچەوانەی هەموو ڕێوشوێنە یاسایی و مرۆڤییەکان ئەم دەرفەتەیان لە ئێمە ستاند. پارێزەری ئێمە کاک ساڵحی نیکبەخت لەگەڵ خانم دکتۆر سوهەیلا قادری بە نوێنەرایەتی ئێمە لە کۆڕی ئێوە دا ئامادە دەبن تا پەیامی من بە ئێوە بگەیێنن.
ئێمە لێرەین تا لە زێدی ژاندارک- فەرەنسا- یادی ژینا بکەینەوە و چەندە جوان و مانادارە بەیەکگەیشتنی ئەم کچە ئیلهامهێنەرانەی مێژوو لە دوای سەدان ساڵ، ئەو دووانە کە بە مەرگی خۆیان سنووری وڵاتەکانیان بڕی و گیانێکی نوێیان کردە بەر ئیرادەی ڕزگاری و ئازادی مرۆڤەکانژینا بروسکەی «ژین و ژیان» ە، بە مانای بروسکەی ژیار و ژیان، ناوی بووبە هێما و ئاواتی وخەونی ئازادی لە زێدی خۆی کوردستان گەیاندە هەموو ئێران، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان ملیۆنان ژن و مرۆڤی ستەملێکراوی بە هیوای فڕین لە ئاسۆی بێ بنی ڕزگاری وەجووڵەخست.
بێڕەحمانە گیانیان لی ئەستاند و لە خەیاڵی خۆیان وا بیریان کردەوە کە بە وەرگرتنی گیانی لە جەستەی لە هەبوون و بوون ڕادەوەستێ، هەروەکوو ژاندارک لە بیرۆکەی بۆشی زاڵمان بە سووتاندنی جەستەی دەتوانن خەیاڵەکانیشی بسوتێنن، هەر ئەو جۆرەی کە کەسێکی بیرمەند دەڵێت: ئەوان نەیاندەزانی و تا ئێستاش نازانن کە خۆڵەمێشی ژاندارک و ژینا هەر وەکوو قۆقنووس جارێکی دیکە لەدایک دەبێتەوە، داگیرنەکرا، ئیلهامهێنەر و ڕۆحی زەمانە ئەم ڕۆحانەی زەمانە دوای چەندین سەدە ئیستا لێک ئاڵاون تا مزگێنی سەربەستی بۆ خەڵکی ئەم سەردەمە بێنن، ئەوان مزگێنیدەری ودیهاتنی بەها مرۆڤایەتییەکانن کە ئێستا کە درووشمی پێشکەوتووی «ژن ژیان ئازادی» دا خۆی دەنوینێت نرخ و بەهاکان سنوور ناناسن، لەو پەڕی کات و شوێندان، دادپەروەری، ئازادی، ئاشتی، پێکەوە ژیان و یەکسانی هەموو مرۆڤەکان پێکەوە.
خانمان و پیاوان
خەفەتی ژینا بۆ من ئەبەدییە، هەر وا کە بۆ هەموو خەڵک و جیهان ئەبەدییە، دڵنیام کە ناوی ژینا لەگەڵ ناوی ژاندارک هێمای ئازادی دەمێنێتەوە، ئێستا لە زێدی ژیانی هەمیشە زیندوو، سوپاسی بێ پایان خۆم و بنەماڵەکەم پێشکەشی ئێوە دەکەم، هیوادارم لە هەڵبژراردنە گەورەدا سەرفەراز بن، بە هیوای ئەوەیکە هیچ دەنگێک لە جیهان لە وتنەوەی وشەی ئازادی نەترسێت.
موژگان ئیفتخاری دایکی نەمر ژینا ئەمینی لە شاری سەقزی کوردستانی ئێران