
لە درێژەی هێرشە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، شەوی ڕابردوو و بەرەبەیانی ئەمڕۆ چەندین ناوچەی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوونەتە ئامانج و زیانەکان بەرچاون.
بەپێی زانیارییەکان، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ناوچەکانی پیرانشار بە هێرشی مووشەکیی کرانە ئامانج، هەروەها لە شارەکانی بۆکان، سنە، دیواندەرە، مەریوان و مەهاباد چەندین پێگەی سپای پاسداران و هێزە ئەمنییەکان کرانە ئامانج. لە هەمان کاتدا، لە تاران ناوچەکانی پیروزی، سیروس و وەلەنجەک بە هێرشە ئاسمانییەکان بۆردومان کراون و سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاندووە کە زیاتر لە ١٠ بنکەی بەسیجیان لە سەرتاسەری پایتەخت لە ناو بردووە. هەروەها لە بەندەر عەباس چەند تەقینەوەیەکی یەک لە دوای یەک تۆمار کراوە و گومان لە هێرشە ئاسمانییەکان دەکرێت. لە لایەکی دیکەوە، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە ناوەندی مووشەکیی ڕژیم لە نزیک گەرووی هورمز بە بۆمبی سەنگەرشکێن کراوەتە ئامانج.