له ڕۆژانی ڕابردوودا، چه‌ندین هاووڵاتی و چالاكی مه‌ده‌نی له شاره‌كانی خۆراسانی شومالی، ئیلام و شنۆ له‌لایه‌ن هێزه ئه‌منیه‌تیه‌كانه‌وه ده‌ستبه‌سه‌ر كراون.
به‌پێی ڕاپۆرته‌كان، مامۆستایه‌كی زمانی كوردی له شیروان به ناوی موته‌زار پیرزاده له‌لایه‌ن ئیداره‌ی ئیتلاعاته‌وه ده‌ستبه‌سه‌ر و بۆ شوێنێكی نادیار ڕاگوێزراوه. هاوكات له چه‌ند شاری دیكه‌ی پارێزگای خۆراسانی شومالی، دوو كه‌س به تۆمه‌تی هاوكاری له‌گه‌ڵ ئیسڕائیل ڕفێندراون و بۆ ١٥ شارومه‌ندی دیكه به تۆمه‌تی “تێكدانی بیروڕای گشتی” په‌روه‌نده ساز كراوه. له‌لایه‌كی دیكه‌وه، چالاكێكی مافی مرۆڤ له ئیلام به ناوی ئه‌میرعه‌لی زاكری كه له سه‌رده‌می شۆڕشی ژیناش جارێك ده‌ستبه‌سه‌ر كرابوو، دووباره له‌لایه‌ن هێزه ئه‌منیه‌تیه‌كانه‌وه ڕفێندراوه و هیچ زانیارییه‌ك له سه‌ر چاره‌نووسی له‌به‌رده‌ستدا نییه. هاوكات له شاری شنۆ شارومه‌ندێك به ناوی یوونس شه‌ریفی به بێ به‌ڵگه‌ی قه‌زایی له‌لایه‌ن ئیتلاعاتی سپای پاسدارانه‌وه ده‌ستبه‌سه‌ر و به‌دواداچوونی بنه‌ماڵه‌كه‌ی تا به ئه‌مڕۆ بێ ئاكام ماوه‌ته‌وه.