ڕۆژنامەی ئیعتماد ڕۆژی دووشەممە ١٩ی خەرمانان چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ مریەم عەباسی و کچەکەی واتە نەفس حاجی شەریف، هاوڕێکەی و شایەتحاڵێک ئەنجامدا کە چەند خاڵێکی سەرنجڕاکێش دەخاتەڕوو. ئەم چاوپێکەوتنە دوابەدوای گفتوگۆی ڕۆژنامەی هەم مەیهەن لەگەڵ هەمان ئەو کەسانە کراوە کە ڕۆژی یەکەمی خەرمانان بەڕێوە چوو. نەفەس کە تەمەنی ١٤ ساڵە و خوێندکاری دوا ساڵی ناوەندییە، ڕۆژی یەکی مانگی گەلاوێژی ئەمساڵ لەگەڵ دایکی و هاوڕێ هاوپۆلەکەی، چووبووە ناوەندی بازرگانی سانا لە باکووری تاران. کاتێک لەگەڵ هاوڕێکەی دەچێتە دوکانێک بۆ کڕینی کەلوپەل، ژنێک لەسەر پیادە ڕووەکە پێیان دەڵێت کە ئاگاداربن، چونکە مەئموورەکانی “گەشتی ئیرشاد” لەو دەوروبەرەن. کچە ١٤ ساڵانەکان دەرفەتی ئەوەیان نەبوو کە ئاگاداری خۆیان بن، بۆ ئەوەی بزانن کە چی ڕوویداوە، ماشێنێکی وەنی سپی هات و چوار مەئموور لێی دابەزین. نەفسی ئازادپۆش بە پەیامنێرەکەی وت: مەئموورەکان بە توندوتیژی هەڵسوکەوتیان لەگەڵ کردین. من چیرۆکی دوو ساڵ پێش ئێستای مەهسا ئەمینیم بیستبوو، هەربۆیە خۆڕگرایم کرد و نەمدەویست سواری ئەو وەنە بم. من تەمەنم ١٤ ساڵە، بە چوار کەس ڕایانکێشام و خستیانمە ناو وەنەکەوە. قژیان ڕادەکێشام و دەنگیان بەسەرمدا بەرز دەکردەوە و جنێویان دەدا. دەی زۆر سروشتییە مرۆڤ لەکاتی وادا دەترسێت و نازانێت بڕیاری دروست چییە. لە ئاوادا دۆخێکدا ئاسایی بوو کە خۆڕاگریی بکەم. ناوبراو لە درێژەدا دەڵێ، خانمێک هات و لێیدام، ئەژنۆی خستبووە سەر قوڕگم و بە توندی لە سەرمی دەدا. ئاسەواری برینەکان تا چەند ڕۆژێک بەسەر سەر و دەموچاومەوە دیار بوو. لێوم لەناوەوە بریندار ببوو. سەرم لە نێوان کورسییەکاندا گیری کردبوو، بە پێلەقە لە پشت و کەمەریان دەدام. نەفسی گەنج و خۆڕاگر دەبرێتە ئیدارەی پۆلیسی گیشا. ئەو لە ڕێگەی مۆبایلی هاوڕێکەیەوە دایکی ئاگادار دەکاتەوە. مریەم لەم بارەیەوە دەڵێت: کاتێک گەیشتمە ئەو شوێنە، بینیم دەموچاوی کچەکەم بریندار و خوێناوی بوو. لاملی شین و مۆر بۆتەوە و جێگە چنگ بە هەموو جەستەیەوە دیاربوو. جلەکانی بەتەواوی دڕاوبوون و کراسەکەی گرێ دابووەوە، بۆ ئەوەی نەکەوێتە خوارەوە. ئەو هەروەها ئاماژە بەوە دەکات کە مەئموورەکان بۆ ئەوەی ویدئۆکانی وەنەکیان لێ ئاشکرا نەبێ، سەرەتا نەفەس دەخەنە وەنێکەوە و دواتر دەیگوازنەوە ناو ئۆتۆمبێلی دووەم. مریەم دەڵێت، لە لایەک کچەکەی بینیوە کە ئەزیەت و ئازار دراوە و لە لایەکی تریشەوە مەئموورەکان جنێوی ناشیرینیان پێدەدا و بەو هۆیەوە شڵەژابوو نەیدەزانی چی بکات.
نووسەری ئەو ڕاپۆرتەی ڕۆژنامەی ئیعتماد، هەروەک چاوەڕوان دەکرێت، وا نیشان دەدات کە چەند مەئموورێک ڕەفتارێکی نەشیاویان کردووە و ئەگینا بە پێچەوانەوە، پۆلیس خزمەتگوزاری خەڵکە. بەڵام زۆربەی هەرەزۆری هاووڵاتیان، تەواوەتی ڕێژیم بە ڕیفۆرمخواز و بناژۆخازییەوە، بە ستەمکار، کۆنەپەرست، چەوسێنەر و دژە ژن دەزانن. ئەوان جگە لە ئێعدامەکانی دەیەی شەست و هەڵسوکەوتیان لەگەڵ هەڵسووڕاوانی بوارە جۆراوجۆرەکان، یاسا و نەریتەکانی ئەم دەسەڵاتەش دەبینن و لەدژی تەواوەتی ئەو پێکهاتەیە خەبات دەکەن. شارۆمەندانی سیکۆلار، ڕادیکاڵ و پێشڕەو، لە دووەمین ساڵیادی ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ژینادا، بە پاراستن و بەرزنرخاندنی دەستکەوتەکان، بوێریی دەستبەسەر کراوانی ناو زیندانەکان، کەمئەندامبووان، بەرزڕاگرتنی یادی گیانبەختکردووان، خەباتی کرێکاران، خانەنشینان، مامۆستایان، دادخوازان، لاوان، نووسراوە و بەیانییە و باقی شکڵ و شێوازە خەباتکارانەکانی تر، ئەم ڕاستییەیان بەڕوونی نیشان دا. دیارترینی ئەو ئاماژانە بریتی بوو لە بەشداری بەربڵاوی خەڵک لە ناوچە کوردنشینەکان لە مانگرتنی سەرکەوتووانەی ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ی خەرمانان و پشتیوانی بەربڵاوی ژنان و پیاوانی پێشڕەو لە شوێنەکانی دیکە. یەکێک لە دەستکەوتە گرنگەکانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی “ژن، ژیان، ئازادی“، بریتی بوو لە پاشەکشەکردن بە دیاردەی پیاوسالاریی جێگیر لە ئایین و نەریتەکانیدا، بەرزکردنەوەی پێگەی ژنان لە کۆمەڵگا و بنەماڵەدا لە ڕێگەی پاشەکشەکردن بە ڕێژیم، تەرحی نوور و دام و دەزگا سەرکوتگەرەکانی وەک گەشتی ئیرشاد، مەئموورانی کۆنترۆڵی حیجاب، بەکرێگیراوانی ئاتەش بە ئیختیار و هاوشێوەکانیان.
ڕاپۆرتەکانیهەمووشارەکانیئێرانو لەوانە شاری داخراو و مەزهەبیی قومیش، دەریدەخەن کە ژنانی بوێر و خەباتکار، نەک هەر لە ماڵەکانیاندا، بەڵکوو تەنانەت لە شەقام و فرۆشگاکان و شوێنە گشتییەکانیش، بە جلوبەرگی ئیختیارییەوە دەردەکەون و ئەو بوێری و چاونەترسییەی ئەوان لەلایەن پیاوانی پێشکەوتنخوازەوە، کە ڕۆژ بە ڕۆژ ژمارەیان لە زیادبووندایە، ستایش دەکرێن. زۆرێک لە ڕاپۆرتەکان ئەو واقیعییەتە پشتڕاست دەکەنەوە. ئاماژەیەک بە ڕاپۆرتێکی واقیعبینانەی ڕۆژی ٢٥ی خەرمانان، واتە ڕۆژی دەستپێکی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا کە لەلایەن فەرن تەقیزادە و فەرزاد سەیفیکارانەوە نووسراوە و بڵاوکراوەتەوە، ئەم بابەتە زیاتر دەخاتەڕوو. لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە، شادی کە دانیشتووی شاری کەرەجە، دەڵێت، سەرەڕای پەرەسەندنی گوشارەکان، “بەڵام چونکە تا ڕادەیەک تامی ئازادیم هەر لەم وڵاتەدا چەشتووە، لەسەر درێژەی خەبات و تێکۆشانی خۆم بەردەوام دەبم“. ئیلهام لە تارانەوە، وێڕای ئاماژەدان بە بزەی سەر لێوی ژنانی ئازادپۆش لەسەر شەقامەکان، دەڵێت، “ئەو جۆرە جلوبەرگەی کە لەسەر شەقام لەبەری دەکات، مافی خۆیەتی“. ڕۆژین لە سنەوە دەڵێ، ئێستا لە هەموو شوێنێکی شەقامەکاندا، ئەو ژن و کچانە بەرچاو دەکەون کە حیجابی ئیجبارییان تووڕ هەڵداوە. ماهوو خەڵکی بەلوچستانیش دڵخۆشە بەوەی کە “ژنانی وڵاتەکەی، تا ئەو جێگایەی کە دەتوانن بەوپەڕی متمانە بەخۆبوونەوە جل و بەرگی ئیختیاری دەپۆشن و ناچنە ژێرباری زەخت و گوشارەکانەوە“. ئەم ژنانە بە شانازییەوە باوەڕیان وایە کە “ئیتر هەرگیز دۆخەکە ناگەڕێتەوە بۆ سەردەمی پێشوو“.