ایوب دباغیان
28ی ئوکتۆبری 2024
دیارە ئەم باسە بابەتێکی تازە نییە، بەڵام گرنگ و جێ هەڵوێستە لەسەر کردن و هەوڵ بۆ بن بڕ کردنێتی ، چونکە ڕۆژانە و بەردەوام ژنان و کچانی ئێمە دەبنە قوربانی دەستی ئەو نەریتە کۆمەڵایەتیە قێزەون و نێر سالاریە کە بە پشتیوانی یاسا و ڕێسای دواکەوتوانەی سەپێندراو ڕوو دەدات.
بەداخەوە وەک ئاشکرایە و لە ڕاپۆرتە هەواڵێکانی ئەم دوایانەی ئاژانسی “هەرانا” و هەروەها ڕۆژنامەی “ئێعتمادی“ی سەر بە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران بڵاوکراوەنەتەوە، تەنها لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا ٧٨ ژن و کچ لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ژێر ناوی کێشەی خێزانی و بە پاساوی شەڕف لە لایەن پیاوانی نزیکی خۆیانەوە کوژراون.
هەر لە زاری ئەم ڕۆژنامەیە هۆکاری زیاترین ڕێژەی ئەم کوشتنانە “نامووسی” ڕاگەیاندراوە و وتوویەتی کە هەواڵەکانی پێوەندیدار بە کوشتنی ژنان و کچان بە پاساوی نامووسی یان کیشەی بنەماڵەیی کەمتر بەمیدیای دەکرێن و ئاماری ڕاستەقینە زۆر زیاتر لە ئاماری بڵاوکراوە.
واتە دەتوانێت زۆر لەو ڕێژەیە زیاتر بێت ، کە بە دڵنیایی وایە بەداخەوە!
ئەوە لە کاتێکدایە کە پێشتریش ڕێکخراوی “ستۆپ فێمساید ئێران” ڕایگەیاندبوو کە لە ساڵی ٢٠٢٣ی زایینیدا ١٥٦ حاڵەتی ژنکوژی تۆمار کراوە بەواتای ١٣ قەتڵ لە هەر مانگێکدا.
بە باوەڕی من لێدان، ئەشکەنجە و کوشتنی ژنان واتای لێدان و کوشتنی کۆمەڵگا و لە ناوبردنی ئازادی و بەها مرۆیەکان، واتای لە ناوبردنی دەنگی یەکسانی خۆازی و پێکەوە ژیان و چەسپاندنی هەڵاواردن و جیاکاری رەگەزییە.
بێگومان بە پەلاماردان بۆ سەر ژنان و کچان و داچۆڕانی خوین لە جەستە و سوتاندنیان، ئەوە دڵ و هەناو و جەستەی کۆمەڵگایە کە پەلامار دەدرێت و شەڵالی خوین دەکرێت و دەسوتێنرێت و بۆسۆو بۆکروز دەبێت.
ئەگەرچی نەریت و دیاردەی قێزەون و ناشارستانی کوشتنی ژنان بە بیانووی شەرەف و نامووس لە لایەن مێرد، باوک، برا، یان کەسانی نزیک لە بنەماڵەوە شتێکی تازە نییە و تەنانەت خولاسە نابێتەوە بە کۆمەڵگای ئێران، وە زیاتر لهههناوی كۆمهڵگا دواكهتووهكانهوه دێته درێ و لە وێنەی قێزەونترین تاوان خۆی نمایش دەکات. و گەر چاوێک بە ئامارەکانی ڕیکخراوەی نەتەوەیەکگرتۆکان بخشێنیین دەبینین کە ساڵانە زیاد لە 50 هەزار کچ و ژن لە جیهان دەبنە قوربانی دەستی پیاوسالاری و نەریتەکانی تایبەت بە پیاومەزنی، کە 80 لە سەدی ئەم ژن کوژییە لە ڕێگەی هاوسەر، یان کەسانی نزیک لە ژنەکە، واتە بنەماڵە و خزم و کەس روودەدات، و ئاسیا و رۆژهەڵاتی ناوین بە گشتی پشکی شێری لە ژنکوژی بەردەکەوێت کە بە سەدا پەنجا لە ڕێژە گشتێکە دەخەمڵینرێ.
ئینجا بەداخەوە كۆمهڵگاى ئێران و لە ناویشیدا کۆمەڵگەی کوردی بە هەر چۆار بەشەکەی هاوشێوەی ئەو كۆمهڵگایانهیە كه کلتور، داب و نەریت و ئایین وەک سێ گۆشەی پشتیوانی و پشتگیری کردن لە ئایدۆلۆژیای پیاومەزنی چاویان لێ دەکرێت، و هەر ئەو بنەمایانەشن کە یاسا و حوکمەت و دەسەڵاتی دادوەری و تەنفیزیان ڕێک خستووە، و بەردەوامن لە دارشتنەوەی ئەو یاسایانەی کە بۆ پتەوتر کردنەوەی بنەماكانی پیاوسالاری لە کۆمەڵگا کاری پێدەکرێت، بۆیە دیاردەی ژن کوشتن بووە بە نەریتێکی باوی رۆژانە.
سیستمی پیاوسالاری ژن وەکوو موڵک دەبینێت و خۆی بە مولزەم دەزانێ لە پارێزگاری کردن لەو موڵکەی کە بووە بە خاوەنی.
تەنانەت کەسانی سەر بەم باوەڕی فکرییە ئیجازە بە خۆیان دەدەن کە بۆ پارێزگاری کردن یان پاراستنی ئەو موڵکەی کە سیستەمی پیاومەزنی پێی بەخشیون تەنانەت دەست بەرن بۆ کوشتن و لەناوبردنی ژنان. چوونکە لەم ئایدیایەدا جەستە و رۆح و کەسایەتی ژن شتێک نییە کە خۆی خاوەنداری بێت، بەڵکوو پیاوان خاوەنین و ژن خۆی خاوەن ئیختیار نییە.
با لەبیریشمان نەچێت کە جگە لە سیستەمی یاسادانان کە لە ژێر تأثیری ئەم ئایدیایە شکڵی گرتووە و ڕێکخراوە، تەنانەت سکتەری پەرورەدەش هەر لە ژێر ڕکێف و کۆنتڕۆڵی خۆی دایە.
سیستەمی پەروەردەی کۆمەڵگای ئێمە و ناوچەکەش بە هەموو ئاستەکانییەوە، سیستەمێکی ئایینییە و پشت بەستراو بە داب و نەریت و لە سەر بنەمای هەڵاواردنی جێندەری بونیادنراوە.
چ پەروەردەی بنەماڵەکان، چ پەروەردەی ناو کۆمەڵگا و چ پەروەردەی سیستەمی خوێندن ، هیچیان بێبەش نین لەم جیاکاری و هەڵاواردنە جێندەرییە. بە هەموو ئەوانەشدا، کۆمەڵگای ئێمە وەک سەرجەم کۆمەڵگا ئایینی و ئیسلامییەکان، مزگەوت و دامەزراوە ئایینییەکان بوونەتە بەشێک لە سیستەمی پەروەردە و دەور کاریگەرییان هەیە لەسەر ئەم جیاکاری و هەڵاواردنە جێندەرییە.
مزگەوت و دامەزراوە ئاینییەکان بە تەواوی پەرەپێدەر و بانگەشەکەری ئەو ئایدیایەن کە ڕەوای دەداتە سیستەمی پیاومەزنی.
وەک ئاشکرایە یاسا لە هەر ولاتێک کە بەدور لە سێ کوچکەی کلتور، داب و نەریت و ئایین شکڵی گرتبێت، لە وانە وڵاتە پێشکەوتوو و سکۆلارەکان، دەتۆانێت هەڵگری دروشمی یەکسانی خۆازی و عەدالەتی کۆمەڵایەتی بێت و دین و دەوڵەتداری جیاواز لە یەکتری بن و ئایین وەکوو ئەمری خصوصی و تایبەتی مرۆڤەکان هەژمار دەکرێت و تاکەکان دەتۆانن دیندار بن یان نەبن، وە ئەم بابەتە هیچ لە یەکسان بوونی مرۆڤەکان لە ئەرک و مافدا ناگۆڕێت، و یاسا وەک میکانیزمێک چاوی لێ بکرێت کە بتوانێت کار بۆ کەمبوونەوەو نەهێشتنی توندووتیژی بە هەموو جۆرەکانی بکات دژی ژنان.
بەڵام بەداخەوە ئەو یاسایەی لە زۆربەی وڵاتانی ئیسلامیدا داڕێژراون و کاریان پێدەکرێت بە ئێران و کۆمەڵگا کوردییەکانی خۆشمانەوە، پارێزەر و پەرەپێدەری نیزامی پیاوسالارییە و لە هەمان کاتدا پەرەپێدەری توندووتیژی دژی ژنانە لە هەموو روویەکەوە، چونکە ئەم یاسایە هەڵقۆڵاو و هەڵهێنجراوی ئایینە بە سازگار بوونی بە هەمان داب و نەریت و کلتوری خێڵەکی.
و هەر ئەوەش هۆکارە بۆ ئەوەی کە زۆر به دهگمهن گوێبیس بین تاوانبارێك سزا درابێت یاخود له دهست یاسا ڕزگاری نەبووبێ و لە ڕێگەی سوڵحە عەشایرێکان چارەسەر نەکرابێت.
قسەی کۆتایی:
ئازیزان میللەتێک کە خاوەن مێژووی بەگژداچوونەوە، خۆڕاگری و هێنانەکایەی بزوتنەوەی شۆڕشگێرانە بێت، خاوەن شۆڕشی ژینا و بزوتنەوەی ژن ژیان ئازادی و دەیان و سەدان خەبات و بەربەرەکانی تری هاوپشت و ڕێکخراوی ئاوێتە بوو بە ئیرادەی گەل و جەماوەرەکەی بۆ ئازادی و یەکسانی مرۆڤەکان بێت، نابێت ڕێگە بدات یان کەلێنێک بۆ کلتوری پیاوسالاری و ژن کوژی بهێڵێتەوە.
بۆیە هەر جۆرە توندووتیژێک لە سەر ژنان شەرمە و پێشێلی ئاشکرای مافی مرۆڤەکان و نیوەی کۆمەڵگای مرۆڤایەتیە. کەواتە خەبات دژی توندووتیژی و تەجاوز بە مافی ژنان و کوشتنیان لە کۆمەڵگادا ناتوانرێت و نابێتیش بە تەنها موزوعی ژنان خۆیان بێت، بەڵکوو دەبێت مەسئەلەی تەواوی ئینسانە ئازادیخۆاز، بەرابەری خۆاز، هۆشیار و پێشڕەوەکان ناو کۆمەڵگا بێت. وە خەبات دژ بە توندووتیژی و کوشتاری ژنان بە دڵنیایی بەشێک دەبێت لە خەبات بۆ رزگاری لە نیزامی مەزهەبی و سەرمایەداری.